كتێبی (لە خاچدانی داربەڕوو) داستانی نەمریی جەعفەر عەبدولواحید-ە، كە نووسەر و رۆژنامەنووس خەلەف غەفور ئامادەی كردووە و نووسیویەتی، بە جۆرێك لە جۆرەكان كتێبەكە مێژوویی و دیكۆمێنتارییە كە سەبارەت بە ژیان و خەباتی شەهید جەعفەر عەبدولواحیدە بە پێی بەڵگەكان و وتەی كەسوكار و هاوڕێكانی.
سەرەتای كتێبە بە وتەیەكی سەرۆك مام جەلال سەبارەت بە شەهید جەعفەر دەستپێدەكات كە دەڵێت:(جەعفەر عەبدولواحید بە لای منەوە ئەندامێكی زۆر چاك و باش بوو، هیچ كەموكوڕییەكی ئەوتۆی پێوە دیار نەبوو، لە رووی خوێندەوارییەوە زۆر باش گەشەی كردبوو، عەرەبی و كوردی و ئینگلیزی باش دەزانی، كتێبی زۆر دەخوێندەوە، ئەو نووسینانەی كە تێنەگەیشتایە دەیپرسی. جگە لەوەش پیاوێكی ئازا و بە جەرگ بوو، لە شۆڕشی پێشوودا گەیشتبووە پلەی سەرلق، لە پێشمەرگایەتیشدا پیاوێكی قارەمان و باوەڕبەخۆ بوو).
جەعفەر عەبدولواحید ئەحمەد موختار ساڵی 1943 لە گەڕەكی بەفری قەندی لە شاری كۆیە لەدایكبووە. قۆناغی سەرەتایی لە كۆیە خوێندووە و قۆناغەكانی ناوەندی و ئامادەیی لە كەركوك تەواو كردووە. ساڵی 1971 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی لە زانكۆی موستەنسریە لە بەغدا بە دەستهێناوە. بۆ ماوەیەكی كورت لە هەولێر مامۆستا بووە، لە تشرینی دووەمی ساڵی 1972 لەگەڵ خاتوو قانیعە ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە بە ناوەكانی رێباز و رەوا. خاوەنی چەندین بەهرەی هونەری و ئەدەبی بووە، شانۆكار و شاعیر و دەنگخۆش بووە و لە زۆربەی بۆنەكاندا بەشدارییەكی دیاری هەبووە. رۆڵێكی زۆری لەسەر دامەزراندن و سەرەتای خەباتی كۆمەڵەی ماركسی – لینینی كوردستان بووە و ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی رێكخستنە نهێنییەكانی كۆمەڵە لە شاری هەولێر بووە.
لە كانوونی دووەمی یەكەمی ساڵی 1975 لەگەڵ خاڵە شەهاب و چەند هاوڕێیەكی دیكە بە ئامانجی دۆزینەوەی شێوازێكی دیكەی خەبات رێگەی ئێران دەگرنەبەر، حكومەتی ئەوكاتی ئێران خاڵە شەهاب و جەعفەر عەبدولواحید و هاوڕێكانی دەستگیر دەكات و لە ساڵی 1976 رادەستی حكومەتی عیراقیان دەكاتەوە و لە 11 ی تەموزی 1976 دادگای شۆڕشی حزبی بەعس بڕیاری لە سێدارەدان بۆ خاڵە شەهاب و جەعفەر عەبدولواحید و ئەنوەر زۆراب دەردەكات و لە 21 تشرینی دووەمی 1976 لە ئەبو غرێب بڕیاری لەسێدارەدانیان جێبەجێ دەكرێت.
كتێبەكە بە تیراژی 1000 دانە لە چاپخانەی كارۆ لە سلێمانی چاپكراوە و لە بڵاوكراوەكانی ئینستتیوتی نارینە بۆ توێژینەوە و بڵاوكردنەوە.
باشیلا جەعفەر