عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
(1 - 2)
دیجیتاڵ چۆن دەتوانێت دیجیتاڵ بێت؟ لەو پرسەدا دیجیتاڵ له باڵاترین ئاستی تەكنۆلۆژیادا بهر خۆی دهكهوێت، بەڵام نەك وهك ئەوەی ژمارەیەكی بچووك پێگەیەكی گەورە بنوێنێ، یان دووبارهبوونهوهیەكی قێزهون ئاستێكی نموونەیی نیشان بدات. ئەوەندەی هەوڵێکە بۆ لێكدانەوە و وەسفکردنی دنیای دیجیتاڵ و دیجیتاڵیزم، ئەوەندە بە دوای وەڵامەوە نییە. كەواتە وەك (هیگڵ) دەڵێت: تۆتۆلۆژیا بە موتڵەقمان ناگەیەنێت.(بۆ زیاتر بەدواداچوونی ئەو تێزەی هیگڵ، بڕوانە ماڵپەڕی ژنەفتن- سلاڤۆی ژیژەك، لە ئینگلیزییەوە: روشدی جەعفەر، 27 تشرینی دووەم، 2020). لەو روانگەیەوە ئامێرە دیجیتاڵییەکان هەموو ئازادییەکی کردارییان لەناوبردووە!
تەكنۆلۆژیا خەریکە بۆ چاودێریی دەگۆڕێت و کار و چالاكییەکانمان کۆنترۆڵ دەکات. كەواتە لە كۆمەڵگەی دەستكەوتدا بۆ ئەوەی زۆرترین قازانج بكەین، لە هەموو شوێنێک شوێنپێی دیجیتاڵی بەجێدەهێڵین، یان بە مانایەكی دیكە، ژیانی دیجیتاڵیی خاڵ بە خاڵ بە دواوەمانەوەیە و وەک بووكەڵە یارییمان پێدەكات، كەچی وا خەیاڵ دەکەین کە ئازادین، بەڵام ئازادیی لە جیهانی دیجیتاڵییدا دیوەکەی دیكەی ستەمە. لە كتێبی (من داخل السرب، افاق رقمیە، تالیف: بیونغ شول هان، ترجمە: بدرالدین مصطفی، ط 1، 2021). (بیۆنگ- چول هان) قسەكانی كۆدەكاتەوە و دەڵێت: «بەبێ ئاگاداریی ئەو ستەمانەی کە بەسەرئازادییدا سەپێنراون، ئیتر کۆتایی هاتنی ئازادیی و سەرەتای کۆیلایەتی دەستپێدەكات.»
چەمكی هاووڵاتی، ئاماژە بە ماف و ئەرك دەكات. هاووڵاتی، دیجیتاڵی تەكنۆلۆژیا وەك داتا و زانیارییەكان بۆ كار و چالاكییەكانی بەكار دەهێنێ و لە رێگای داتا و زانیارییەكانەوە، لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زێدە پەیوەندییەوە، نەك لەیەکتری نزیکبوونەوە، بەڵکو بەشداری لە پێكهێنانی كۆمەڵگەیەكی دیجیتاڵییدا دەكات، بەو مانایەش سۆشیال میدیای مۆدێرن، رەهەندی کۆمەڵایەتی و لەیەك نزیكبوونەوەی لە پرۆسەکانی پەیوەندی نێوان تاکەکاندا سڕیوەتەوە، ئەگەرچی بە شێوەیەکی نایاب کۆمەڵگەیەکی پەیوەندیداری دروست كردووە، بەڵام یەکگرتوویی و دەستەجەمعی و لێك نزیكبوونەوە و تێکەڵاویی لە نێوان ئەندامەکانی كۆمەڵگەدا هەڵپەساردووە. لێرەوە دنیای تەكنۆلۆژی تایبەتمەندی جیهانی مرۆڤایەتی و توانای دروستکردن و تێپەڕاندن و تێکدانەکەی، گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هەستی مرۆڤ بە هەموو جۆرەکانییەوە، خۆشی، خەم، بۆ سیگناڵی دیجیتاڵی بگۆڕێت!!
بەو مانایەی جیهانی دیجیتاڵی بۆ مرۆڤی دیجیتاڵی، دەبێ بە ئامراز و ژماردنی ژمارەکان و حیساباتی چەندایەتی بێوەستان، پەیوەندییەكان وەك ژمارە درێژ دەبنەوە.سەردەمی دیجیتاڵی سەردەمی کۆکردنەوەی ژمارە و ژماردن و حیساباتە، بەهاکانی سەربەخۆیی و دڵسۆزی بە ژماردنی نیشانەکانی سەرسامی (لایك)ەوە بەندە. ئەمڕۆ مرۆڤایەتی لەسەردەمی (گەمارۆدانی دیجیتاڵیی)دایە، بەو مانایەش ئەو ئەرێنییەی کە لە تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵیدا هەیە، وەك چۆن لە ئەگەری ئەزموون کەمدەکاتەوە، بە هەمان شێوە توانای دروستکردن و کارکردنمان لەگەڵ نەرێنیی تێکدەدات. هیچ ئەرزشێك بۆ بەدواداچوون و لێكدانەوە و شیکاریی دانانێت، كەواتە بوومەلەرزەی دیجیتاڵی، شۆڕشی پەیوەندییە بێدەنگەکانە، تەقینەوەی زانیارییە، نەک رامان و مەعریفە!
نهێنی و تارمایی
فۆرمی بە پۆل فڕینی باڵندەكان:(واتە بۆ ئەوەی لەکاتی فڕیندا بە هۆکاری جیاواز لێك نزیكببنەوە) پڕشنگێكی كاتی و تێپەڕە، كە رەهەندی خێرایی دووبارەبوونەوە دەجوڵێنن، هەر لە رێگای ئەو رەهەند و جووڵەیەوە لە فۆرمی کەڵەکەبوون كەمەكێك دوور دەكەونەوە. ئەو جووڵە و لەیەكترازانە مەترسیی خۆی بۆ کۆمەڵگە و تاکەکانی، بۆ ئێستا و داهاتووی هەیە. بیركردنەوە رەخنەییەكانی (بیۆنگ- چول هان) لە كتێبی ناوبراودا، لەو نموونە سەرەتاییەوە دەستپێدەكات و بە شێوازە نائاساییەکەی و بە رستە کورت و پوختەكانی، بە پلەیەكی بەرزی ئەبستراکت و بەیەكەوە گونجاندنی نێودژییەكانەوە، هەوڵی وەسفکردنی سروشتی جیهانی دیجیتاڵی و لایەنە جیاوازەکانی دەدات.
ئەو پێیوایە، كە زمانی دیجیتاڵی لە رێگای کیبۆردەوە فەزا و بۆشایییەكان لەناو دەبات، بەڵام دەرئەنجامی سروشتی کەمبوونەوەی مەودای (بینین) و (نووسراو) لە بواری دیجیتاڵیدا شپرزەیی بیركردنەوەی دەروونی لێكەوتۆتەوە. بە مانایەكی دیكە دوێنێ لەنێوان (دووریی بینین) و (روانگەی گۆشەنیگا)وە (رێزگرتن) هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ لەنێوان (نزیكیی بینین) و (گۆشەنیگا)وە (رووتبوونەوە) هەیە. بەو مانایەش دەیەوێت بڵێت: پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان پۆرنۆگرافیا وەك بەدیلی رێزگرتن بەرزدەکەنەوە. بە گۆڕینەوەی پێگەی رێزگرتن بۆ پۆڕنۆ، (مەعریفە - نووسین) بۆ كۆكردنەوەی (زانیارییە- خێراکان)، دووربوونەوە بۆ نزیكبوونەوە، ئیتر فەزا و كاتێك بۆ بیركردنەوە و رامانی قووڵ نامێنێتەوە. ئیتر رووتیی بیركردنەوەكان دووبارە پێناسەی دەكاتەوە، چونكە هیچ (ناوچە و شوێنێک) هیچ بیركردنەوەیەك نامێنێ، کە وێنە داگیری نەكات. هیچ ژوورێکی بیركردنەوە نییە کامێرای لێنەبێت.. .گووگڵ چاوی مرۆڤ دەکاتە کامێرا. بەڵام پێشتر بیركردنەوە گۆشەنیگای دەكردە رامان. ئەمڕۆ ئەوە خودی چاوە، کە وێنە دروست دەکات، نەك بینین. ئەوە خودی كامیرایە، كە روانگەی بینین دیاریی دەكات، نەك رامانی قووڵ، ئەوە داتا و زانیارییە خێراكانن، ئاراستەی دەستكەوتەكان دیاریی دەكەن، نەك بیركردنەوە و مەعریفە و نووسین. لە لایەكی دیكەوە (فرانس كافكا)، دروستكردنی پەیوەندیی لە رێگای نامە(نووسینە)وە، بە پهیوهندییهكی نامرۆییانە دادەنێت، چونكە نامه سهرچاوهیهكی ترسناكی كاولكردن و بەتاڵكردنەوەی رۆحە. ئەو تێگەیشتن و ئایدیایەی كافكا لەوێوە سەری هەڵداوە، كە نووسین به واتای خۆ رووتكردنهوه دێت لهبهرانبهر ئەو كەسانەی كە دیار نین، لە بەرانبەر تارماییهكان، ئهوانیش به پهرۆشهوه چاوهڕوانی چركهساتی رووتبوونەوەن. چاوهڕوانی ئهو هەواڵ و ماچانهن كەدهنووسرێن، ئەو نهێنیانەی بە تەواوی ناگهنه شوێنی مهبهست، (تارماییهكانی گەیاندن- كەناڵەكانی گەیاتدن) بەشێكی زۆری ههر له رێگاوه نۆش دهكهن.
به یارمهتی ئهو (نهێنیانە)، به یارمهتی ئهو خۆراكه زۆره، تارماییەكان به شێوهیهكی ئهفسانهیی گەورە دەبن. مرۆڤایهتیی ههست به گەورەبوون و هەڵكشانی شەبەنگەكان و تارماییەكان دەكات، دژ به مهترسییەكان دهجهنگێ. تا ئهو شوێنهی دهكرێت، هەوڵدەدەن تارمایی نێوان مرۆڤهكان له ناو ببەن، وەك چۆن ههوڵیانداوه پهیوهندیی سروشتی لهنێوانیاندا به داهێنانی رێگای ئاسن، ئۆتۆمبێل، فڕۆكه.. دروست بكەن و ئارامی رۆح مسۆگهر بكەنەوە، بهڵام ئهو شتانه چیتر سوودیان نهماوه (ئهوداهێنانانه لهناكاو شكستێكی گهورهیان هێنا). تارماییەكان زۆر زۆر بههێزترن. ئیتر لە ململانێی بەردەوامدا دوای پۆسته، تێلگرافیان داهێنا، تهلهفۆنیان داهێنا، تێلگرافی بێ تهل... پاش خستنهڕووی ئهو ململانێ و تێگەیشتن و ههڵسهنگاندنانه، (كافكا) دهگاته ئهو ئهنجامهی: تارماییهكان له برسانا نامرن، بهڵام مرۆڤ لهناو دهچێت، (بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە: تارماییهكانی دیجیتاڵ، بیۆنگ- چول هان، له فەرهنسییهوه: فازڵ مهحموود، 24ی نیسانی2021، ماڵپەڕی ژنەفتن).
كەواتە وەك چۆن تاكی دیجیتاڵی تاكێكی بەكاربەر و دەستبەسەرە، نهێنییەكانیشی لە رێگای شەبەنگەكانی تەكنۆلۆژیاوە دەستبەسەر دەكرێن و نۆش دەكرێن، بەو شێوەیەش بەرە بەرە تارماییەكان گەورەتر دەبن! هەڵبەتە وێنە نامرێ، بەڵام مرۆڤ لەناودەچێت. رووتیی پێش رێزگرتن دەكەوێت، خێرایی زانیارییەكان لە رامانی مەعریفە خۆی بە پێشكەوتووتر دادەنێت.. ئیتر ئەوە تارماییهكانی (كافكا) بوون، ئینتەرنێت، سمارتفۆن و ئیمێل، تویتهر، فهیسبووك و چاویلهكهكانی گوگڵیان خولقاند. دواتریش نەوەی تازەی تارمایی، تارماییه دیجیتاڵییهكان ههڵپهیان زیاد و بێ شهرمیان زیاتر بوو، شڵهژاوتر و شپڕزەتر بوون. كەواتە ئایا تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی (خەیاڵی مرۆییان) تێنهپهڕاندووه؟ ئایا میدیا دیجیتاڵییهكان، رێگای جۆراوجۆری زیندووی دیكەیان بۆ تارماییهكان كردۆتەوە؟ ئایا به شێوهیهكی بههێز نهبوونەته هۆكاری ئهوهی بیر له كهسێكی دوور بكهینهوه و خۆمان له كهسێكی نزیك، نزیك بخهینهوه؟
وێنەی سێڵفی
پەیوەندیی نێوان خود و وێنەی سێڵفی، پەیوەندیی نێوان رامانی قووڵ و چركەساتی خێراییە، واقیع و مەجاز، پۆشین و رووتی، خود توانای بڕیاردانی فۆرمی پەیوەندیی دەرەوە و ناوەوە هەیە، بەڵام رووتی لە رێگای تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵییەوە بەردەوام پەیوەندییەکانی خۆی بە جیهانەوە دەگۆڕێت، خود رەفتاری كلتووریی دەنوێنێ، پەیوەندی بە حیكایەتەكانەوە هەیە، بەڵام رووتیلەوكاتەی دەچركێندرێ، لە سێڵفیەوە پڕشنگێكی تری ناسنامە دەخاتەوە. خود لەگەڵ جەستە فراوان نابێت، هەرچەندە جەستە کرۆکی ئەزموونە سەرەتاییەکانی خود پێکدەهێنێ، بەڵام ڕووتیی لەگەڵ دیجیتاڵ دەستی لێدەدەین و پێکی دەهێنینەوە و بە ئارەزووی خۆمان دوور و نزیكی دەكەینەوە، چونكە رووتی پڕشنگی دیجیتاڵی هەڵگرتووە. بەمجۆرە میدیای دیجیتاڵی دەبێتە هۆی پهرهسهندنی كۆنترۆڵنهكراوی تارماییهكان و لە بێدهنگی دێته دەنگ، بە نەرمی و شێوازەكانی رووتییەوە دەنازێ، قۆناغی تارماییەكان، قۆناغی شارستانیەتی مرۆڤ/ئامێری (بەئاگاهاتنەوەی گەردوون- وەك رایمۆند كۆزایل ناوی ناوە، لەو قۆناغەدا ماددە و وزە لەناو تەمی زیرەکیدا دەگەنە حاڵەتی تێربوون و لە بنەچەی بایۆلۆژی و مرۆڤ جیادەبنەوە. بڕوانە: ئەلیسا گودار، (من سێڵفیم كەواتە من هەم،)وەرگێڕانی بۆ عەرەبی سەعید بنكراد، 2019، ل39) لە ئەرێنییەوە فەزایەكی مەجازی بونیاد دەنێت، بە نەرمی پلەبەندییەکانی دەسەڵات لەناو دەبات. دەسەڵات دەكات بە ناوبژیوانێک یپەیوەندیکردن و بۆ چەند هێندەکردنی دەرفەتەکانی وتنی ئەرێ لەبەرانبەر کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی وتنی نەرێ.. چونكە وتنی ئەرێ (بەڵێ) دڵنیاکەرەوەتر و ئارامترە لە نەرێ(نەخێر).
بە كورتی رووتی پهیوهندییەكی ئۆتۆماتیكی دروست دەكات، كه بێ هیچ دهستتێوهردانێكی مرۆڤ روودهدات، به شێوهیهك، كه ههست دهكرێت دهستێكی نەرم بهسهر جیهاندا حوكم دهكات.لەبەرانبەردا خود لە رێگای پرسی رووتییەوە، لە رێگای وێنەی سێڵفییەوە، كاڵبوونەوەكانی دەردەکەوێت. هەمیشە سێڵفیی وێنەیەکی خۆپەرستە، چونكە لە کایەی مەجازیدا بوونێکی نموونەیی هەیە، كە دەتوانێت پڕۆفایلی ئێمە بێت، ناسنامەی رووت و نەرم و فرە رەهەند و پارچە پارچەكانمان بێت، ئەو رووتییە دیجیتاڵییە بێت کە بەردەوام دەستی لێدەدەین و لە چرکەسات، (چرکەساتی کلیک) پێکی دەهێنینەوە، ئەوەش تایبەتمەندیی کۆمەڵگەی (هایپەرمۆدێرنە) كۆمەڵگەی هایپەر مۆدێرن کۆمەڵگەی هەنووکەیی، لە خۆبەزلزانیی، بێ تاقەتیی، شپڕزەیی، دوودڵییدا کورت دەبێتەوە. هەر بەو مانایەش دابەزینی بەهاکان دەبێتە هۆی داڕمانی کلتووری رێزگرتن.
فرانس كافكا، دروستكردنی پەیوەندیی لە رێگای نامە(نووسین)ەوە، بە پهیوهندییهكی نامرۆییانە دادەنێت، چونكە نامه سهرچاوهیهكی ترسناكی كاولكردن و بەتاڵكردنەوەی رۆحە. ئەو تێگەیشتن و ئایدیایەی كافكا لەوێوە سەری هەڵداوە كە نووسین، به واتای خۆ رووتكردنهوه دێت لهبهرانبهر ئەو كەسانەی دیار نین، لە بەرانبەر تارماییهكان
بەگشتی دەسەڵات لە حاڵەتی نایەکسانیی پەیوەندییەکاندا سەرهەڵدەدات، نەك لە رێگای دیالۆگەوە، بەڵكو لەرێگای دەرکردنی فەرمانەوە دەچەسپێت. دەسەڵات و رێزگرتن دوو جۆرە دووریی دروست دەکەن. دووریی نێوان پارچەكانی ناسنامە و دووری نێوان بەرگەگرتن و خۆڕاگریی. بەڵام جیهانی دیجیتاڵی تۆپۆلۆژیای جیاواز و فەزای جیاوازی نێوان دوورییەكان رەتدەكاتەوە.دانیشتوانی دیجیتاڵی کۆنابنەوە، ئەوان ئەو پەیوەندییە ناوخۆییەیان نییە، کە کۆببنەوە. لە گۆڕەپانی وەرزشی و یاریگاکانەوە بیگرە، تاكو ئەو شوێنانەی کە جەماوەر تێیدا کۆدەبنەوە، بەشێک نین لەو جیهانە، بەڵكو نامۆن پێی! واتە ئەگەرچی قەرەباڵغییەک پێکدەهێنن، بەڵام بەبێ قەرەباڵغی، بێ پەیوەندیی ناوەکی، بێ ئەوەی رۆح و ویژدانێک کۆیان بکاتەوە، ئەوان گۆشەگیر و نێرگزی و ئیفلیجن.. تەنها وەک کەسانی نامۆ لەبەردەم شاشەکاندا گۆشەگیرییان چەند هێندە دەبێتەوە.
رهنگه رۆژێك تارماییه دیجیتاڵییهكان وابكهن، ههموو ئهو دەسەڵاتانە له كۆنترۆڵكردنی ئێمه دهربچن. گهوه ههوره تهماشاكهرهكان دەستبەسەر جیهاندا بگرن و جیهان كاول بكهن. رهنگه رۆژێك مێژووی پهیوهندیی وهك مێژووی رووناككهرهوهی خێرای گهشهكردنی چایخانەكان خۆیان بنوێنن. چونكە میدیای بینراو، دەتوانێ زانیارییهكانی به خێرایی تیشك بنێرێت و كۆتایی به پلەبەندیی پهیوهندییهكان بهێنێت. ئەمڕۆ هەموو کەسێک بەجۆرێک لە ئازادیی بیر لە خۆی دەکاتەوە، لەکاتێکدا وەك روونمانكردەوە لە كۆمەڵگەی دەستکەوتی هاوچەرخدا هیچ كەسێک ئازاد نییە، تاوانبار و قوربانیی هاوتەریبن. لەبەر ئەوەی تاکە بۆشایی نێوان تاوانبار و قوربانی(واو)ێکە و زۆر نییە، بۆیە کەلتورێکی هەنووکەیی لێدەكەوێتەوە. کەلتوری هەنووکەیی، کەلتوری دڵەڕاوکێی ساتەوەختییە. دڵەڕاوکێیەک نا کە پڕۆژەی لەسەر بنیاد بنرێت، بەڵكو ساتەوەختێکی بۆش، لە بۆشاییدا (بۆشایی مەجازی)، مرۆڤ دەتوانێت کۆبوونەوەیەكی (10) هەزار کەسی دروست بکات، بەبێ ئەوەی لەسەر کورسییەکەی بجووڵێت!
*تۆتۆلۆژیا: چەمکی دووبارەبوونەوە لای هیگل