بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری کرد.
وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر پێشوازی لە سەرۆک بافڵ کرد و ستراتیجی هەواڵگری و سەربازی و چۆنیەتی ئۆپراسیۆنەکانی هێزەکانی دژەتیرۆری خستەڕوو و جەختی لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی زیاتری ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان کردەوە.
لای خۆیەوە، سەرۆک بافڵ لە وتەیەکدا ستایشی رۆڵی هێزەکانی دژەتیرۆری کرد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان و عیراقدا و رایگەیاند، مێژووی هێزی دژەتیرۆر لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە، جەنگی داعش و تیرۆریستان دیار و بەرچاوبووە و مایەی شانازی هەموومان بووە کە کورد خاوەنی هێزێکی وەها تۆکمە و بەدیسپلینی سەربازییە کە نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان و عیراق، بەڵکو لە رۆژئاوای کوردستانیش بە نوێنەرایەتیی کورد رۆڵی گرنگی لە رووبەڕبەڕووبوونەی تیرۆر بینیوە. ئەمڕۆش ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانتان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزە عیراقییەکان شایەتی بۆ ئازایەتی و قارەمانیتان دەدەن و ئێمەش شانازیتان پێوەدەکەین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی مەشق و راهێنان و هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان کردەوە و رێنمایی پێدان کە وەکو یەک تیمی هاوبەش هەمیشە ئەرکە نیشتمانییەکان رابپەڕێنن. دەستی پۆڵاین بن بۆ تیرۆریستان و دوژمنان و دەستی ئاشتی بن بۆ ئارامی و پاراستنی وڵاتەکەمان.