راپۆرتی/ محەمەد رەزا
چەند ساڵێکە بودجەمان بۆ خەرج ناکرێت، بەهۆی ئەوەی دوورە دەستین، ئەگەر هەوڵی خۆمان نەبێت، زیاتر پەراوێز دەخرێین!
ناحیەی هێرۆ سەر بە قەزای پشدەرە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، 90 ماڵی تێدایە، بەڵام لە وەرزی هاویندا ژمارەکە بەرز دەبێتەوە بۆ 200 ماڵ، دانیشتووانەکەی گلەییان لە کەمیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانە، بەرپرسانیش قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەی پێویستیان کردووەتە خاڵی سەرەکی بۆ کەمیی پڕۆژە لە ناحیەکەدا.
محەمەد عومەر موختاری ناحیەی هێرۆ بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی خاڵی سنووری کێلێ، لە رێگەی هێرۆوە هاتوچۆ دەکەن، بەو هۆیەوە شەقامەکە چاڵ و چۆڵی زۆری تێدا دروست بووە، ئەگەرچی لایەنی پەیوەندیدارمان ئاگادار کردووەتەوە شەقامەکەمان بۆ چاک بکەن و داواکارییەکەمان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە، بەڵام تائێستا ئەنجامی نەبووە، هەروەها چەند گەڕەکێکی تازەمان هەیە دەرخستەشی بۆ کراوە، بەڵام
قیرتاو ناکرێت.
وتیشی: کێشەی کەمئاوی ناحیەی هێرۆی گرتووەتەوە و داواکارین لە بەرپرسان، دوو بیری ئیرتیوازیمان بۆ لێبدەن، کە زۆر پێویستە بۆ ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد: مەڵبەندی تەندروستیی ناحیەکە لە رووی دەرمان و کارمەندەوە هیچ باش نییە، بەشی تاقیگەی مەڵبەندەکە کارمەندی نییە و ئەمبوڵانسی مەڵبەندەکەش شۆفێری نییە.
عوسمان وسو دانیشتووی هێرۆ بۆ کوردستانی نوێ وتی: ناحیەکە پێویستی بە بنکەیەکی ئاگر کوژێنەوەیە، هەروەها جۆگەی ئاودێریی ناحیەکە پێویستی بە چیمەنتۆ کردنە، هاوکاری حکومەت بۆ جووتیاران زۆر کەمە، ئیدارەی ناحیەکە و شارەوانی شوێنێکیان دەستنیشان کردووە بە مەبەستی گلدانەوەی ئاو، بەڵام دروست نەکراوە و داوای پاککردنەوەی شاخە رەش و گردە شێخاڵیش دەکەین لە مین.
وەڵامی شارەوانی
عەلی ساڵح سەرۆکی شارەوانیی هێرۆ بە کوردستانی نوێی راگەیاند: سەبارەت بەو شەقامەی هێرۆ کە لەبری شەقامی سەرەکی مەرزی کێلێ، شۆفێری بارهەڵگرەکان هاتوچۆی پێدا دەکەن، سنووری شارەوانیی ئێمە نییە و چاککردنی لە ئەستۆی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە، هەروەها کۆنکرێت کردنی گەڕەکە تازەکانی ناحیەکە لە پرۆژەماندایە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەوە جێبەجێ نەکراوە.
وتیشی: چەند ساڵێکە بودجەمان بۆ خەرج ناکرێت، بەهۆی ئەوەی دوورە دەستین، ئەگەر هەوڵی خۆمان نەبێت زیاتر پەراوێز دەخرێین.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێستا تەنها نەسریەمان هەیە کە بڕەکەی سێ ملیۆن دینارە، بەشی جێبەجێکردنی پرۆژە ناکات و چاوەڕوانی حکومەتین بودجەمان بۆ دابین بکات، بۆئەوەی پرۆژەکانی ناحیەکە جێبەجێ بکەین.