د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
ناساندنی زاراوەکە
ریالیزمـــی پیـــــــس Dirty Realism لە عەرەبیـــدا (الواقعية القذرة)، هەندێ رەخنەگر پێی دەڵێن ریالیزمی رەشBlack Realism، زاراوەیەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی بیستەم لە ئەمەریکا، بەڵام لە رەخنەی ئەدەبییدا کەمتر بەکارهاتووە. رەخنەگری ئەمەریکی بێڵ بیووفۆرد بۆ یەکەمجار ئەم زاراوەیەی لە ساڵی1983 دا بەکار هێناوە، ئەو دەمەی سەرنووسەری گۆڤــاری (گرانتا) بـــــــوو، لەوێدا وتارێکی نووسی بە ناونیشانی: (ریالیزمی پیس...نووسینی نوێ لە ئەمەریکا)، لەم دواییەشدا پتر رەواجی پێدراوە و کردوویانە بە رەوتێکی باوی ئەدەبیاتی سەردەمی ئەمرۆمان، ئەم رەوتە ئەدەبییە لە ئەمەریکای باکوور سەری هەڵداوە، لەدواییدا لە ئەدەبی ئەوروپی و ئەدەبی جیهانییدا برەوی پەیدا کردووە، گرنگترین نوێنەرانی ریالیزمی پیس بریتین لە: (رەیمۆند کارڤەر و ریچارد فۆرد و تۆبیاس وۆڵف و چارلز بۆکۆڤسکی). زاراوەی ریالیزمی پیس زۆر کەم بەکار هاتووە، من چەندین فەرهەنگی زاراوەم بە عەرەبی و فارسی هەیە، لە هیچ کامیاندا ئەم زاراوەیەم نەبینیوە.
ریالیزمی پیس بەو چەشنە ئەدەبە دەگوترێت کە بە زمانێکی سادە، ژیانی سادە و رۆتینیی ئینسانی سادە و داماو پیشان دەدات، بەتایبەتی لە چیرۆکی کورت و شیعردا، تەنانەت لە رۆمانیشدا، پتر لە رۆمانی کورتدا کە بۆ ئینسانی ئەم سەردەمە دەگونجێت، چونکە تاقەتی نییە رۆمانی درێژ و پڕ لە تراژیدیا بخوێنێتەوە. ئەم رەوتە هەستێکی شۆکئامێز لەلای خوێنەر دەخوڵقێنێت، شێوازێکی جیاواز و نامۆیە لە گێڕانەوەی رووداو و وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانەی کەسانی فەرامۆشکراو. ئەم چەشنە چیرۆکانە دوورن لە زمانێکی جوان و رازاوە و رەوانبێژی، دەشێت بچنە نێو "ئیستاتیکای ناشیرینی"یەوە.
وشەی "پیس" لە زاراوەی ریالیزمی پیسدا، لەوەوە هاتووە کە گەورە نووسەرانی ئەم رەوتە ئەدەبییە، ماســـکەکان لەســەر رووخساری ژیان دادەماڵـــن و دادەبەزنــــە نێو قوڵایی چینە نەدارەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە، لایەنە ناشیرین و پیسەکانی ژیان ئاشکرا دەکەن، لایەنی پووچی و بێهودەیی و پۆرنۆ و مەستبوون و هۆمۆ و لاقەکردن و کوشتن و ئالوودەبوون و داڕمانی ئەخلاقی. لە هەموو ئەو رووداوانەدا تەرکیز دەکەنە سەر پووچی وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانەی توێژێکی بەرین لە خەڵکی هەژار و داماو و هیپی و لانەواز و پەراوێزخراو.
کارەکتەرەکانی ریالیزمی پیس
کارەکتەرەکان خەڵکـــــی سادەی ســــەربە چینی ناوەڕاســت و چینــــی نەدارن، ئەوانەی رووبەڕووی گرفت و ناخۆشییەکانی ژیان دەبنەوە، یان نائومێد و بێپەروا دەبن، بە بێزارییەوە تەماشای تیڤی دەکەن، لە مەیخانە و لاکۆڵانەکاندا بە رۆژمەی دەنۆشن و فشەیان بە ئایدیۆلۆژیاکان دێت، ئەو فەرمانبەرانەی لە سوپەرمارکێتە هەرزانەکان شتومەک دەکڕن، کرێکاری ئاپارتمانەکان کە بە رۆژ ئیشی تاقەتپڕوکێن دەکەن و بەشەو لە دیســـکۆکاندا دەخۆنەوە، یان ئەو ژنە سکرتێرانەی بــــۆ دەرفەتێکی چاک دەگەڕێن، یان ژیانی رۆژانەی ژن و مێردێک کە بێزارن لە یەکدی و بە ناچاری پێکەوە دەژین، کەسانێک لە سەفەردا شەو لە ئوتێلی هەرزان بەسەر دەبەن، کەسانی تەنیا و پەراوێزخراو کە جاروبار وەک گارسۆن کار دەکەن و گوزارشت لە خۆیان دەکەن، کەسانێک زۆر دەخۆنەوە و دووچاری کێشە دەبن یان لەسەر شۆستەکان شەو بەڕێ دەکەن، کەسانی هۆمۆسێکسواڵ یان نێرەمووک، کارەکتەری کۆمەڵگەی بەرخۆر کە ناتوانێت هەموو پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانە دابین بکات، کەسی تەنیا و دوورەپەرێز کە هەمیشە خەونەکانی دەشکێن، کەسێکی نائومێد کە هەوڵ دەدات جزدانێک بڕفێنێت، یان هیوا دەخوازێت لەسەر زەویی پارەیەک بدۆزێتەوە.
بەرلەوەی ئەم زاراوەیە لەم یەک دوو دەیەی دواییدا بەو ئەندازەیە بڵاو ببێتەوە، واتە بەر لە رەیمۆند کارڤەر و ریچارد فۆرد، ئەم چەشنە نووسینە پرۆسە کراوە، نەک تەنیا لە ئەدەبی ئەمەریکی و ئەوروپیدا، بەڵکو لە ئەدەبی گەلانی دیکەشدا هەبووە، بێ ئەوەی ناوی ریالیزمی پیسی لێ بنرێت، بۆ نموونە هەندێ لە چیرۆکەکانی چیخۆف، ئێرنست هەمەنگوای، هێنری میللەر، دۆس باسۆس، جۆن شتاینبیک، محەمەد شوکری، چارلس بۆکۆڤسکی و هەندێ لە چیرۆکەکانی پۆل ئۆستر، دەشێت دیارترین نموونەی ریالیزمی پیس، یان ریالیزمی رەش، بریتی بێت لە رۆمانی (نانی رووت)ی رۆماننووسی مەغریبی محەمەد شوکری، کە یەکەمجار بە زمانی فەرەنسی بە شێوەی بایۆگرافی نووسیویەتی و بە فەرەنسی چاپ کراوە، دواتر کراوە بە عەرەبی.
رەیمۆند کارڤەر، پێشەنگی ریالیزمی پیس
نووسەری ئەمەریکی رەیمۆند کارڤەر، یەکێکە لە نووسەرە دیارەکانی ریالیزمی پیس، چەندین شیعر و چیرۆکی بە شێوازی مینیماڵیزم Minimalism نووسیوە، واتە شێوازی کورت و سادە، دەستگرتن بە وشەوە، دوور لە وەسف و فەنتازیا. کارڤەر کەوتۆتە ژێر کاریگەریی شێوازی نووسینی چیخۆڤ و هەمەنگوای و فۆکنەر، لەم دواییەدا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کۆبەرهەمی کارڤەری لەبۆکسێکدا چاپ کردووە، بریتییە لە پێنج کتێب:(کاتیدراڵ، تکایە دەتوانیت بێدەنگ بیت؟ هەروەها، کاتێک لە ئەشق دەدوێین لەچی دەدوێین، فیل، ژیانی باوکم)، راڤین کامەران بە وەرگێڕانێکی جوان لە ئینگلیزییەوە کردوونی بە کوردی.
یەکێک لەو کتێبانە، کۆمەڵە چیرۆکێکە بە ناونیشانی(کاتێک لە ئەشق دەدوێین، لەچی دەدوێین؟) بریتییە لە16 چیرۆک و کۆمەڵێک شیعر و پەخشانە شیعر، کارڤەر لەم چیرۆکانەدا بە زمانێکی ئەدەبیی سادە و چڕ و رستەی کورت کە بە شێوازی مینیماڵیزم ناو دەبرێت، وردەکارییەکانی ژیانی خەڵکی سادە و پەراوێزخراو پێشکەش دەکات، ئەوانەی کەس ئاگاداری ئازارەکانیان نییە و کەس گوێ لە چیرۆکەکانیان ناگرێت. کارڤەر لە چیرۆکەکانیدا دەیسەلمێنێت زۆربەی کات ژیان دادپەروەر نییە، بۆی هەیە لە هەر ساتەوەختێکدا شتی خراپ دووچاری کەسانی بێتاوان و فەرامۆشکراو ببێت. ئەم چیرۆکانە خاڵین لە زمانی وەسفی و درێژدادڕیی، دوورن لە فــــەنتازیا و وەســـفی شاعیرانــــە، لێدەگەڕێ کارەکتەرەکان خۆیان دەنگی خۆیان بگەیەنن و دیالۆگ لەگەڵ یەکدیدا بکەن، ریتمی قسەکردن و تۆنی دەنگیان جیاوازە لە یەکدی.
تێمای سەرەکیی ئەم چیرۆکانە بریتییە لە: ململانێ، نیگەرانی، خواردنەوەی مەی، خۆشەویستی، شکستی هاوسەرگیریی، ئالوودەبـــوون، پەیوەندیی ئاڵـــۆز و ناجێگیری نێوان ژن و مێــــرد، ماڵ و خانووی سادە و بێ ئومێدیی لە ئایندە.
لە چیرۆکی(کاکی قاوە و کاکی چاککەرەوە) ل155دا، پیاوێک لە هاوینێکی گەرمدا دەچێتە ماڵی دایکی، دەرگاکە کراوە دەبێت، دەبینێت دایکی کە تەمەنی شەست و پێنج ساڵە، لەگەڵ پیاوێکدا لەسەر قەنەفەکە دانیشتووە و ماچی دەکات، تەلەڤیزیۆنەکەش داگیرساوە، پیاوەکە سمێڵی هەیە و دایکی ماچ دەکات، ئەم خۆی دوا دەخات، پیاوەکە ناوی راسە و منداڵی هەیە، بە شەلە شەل رێ دەکــــات بە هۆی ئەو فیشەکەی ژنـــــی یەکەمی پێوەی ناوە. پیاوەکە نامۆ نییە، لەمێژە لەگەڵ دایکیدا پەیوەندیی هەیە، ئەم بە بێدەنگیی دایکی لەگەڵ پیاوەکە بەجێدەهێڵێــت و بە ئۆتۆمبیلەکەی پیاســـەیەک دەکـــات، ئینجا هەندێ لایەنی ژیانی ئاسایی راس دەگێڕێتەوە لەگەڵ کاکی چاککەرەوەی تەلەڤیزیۆنەکە، کە زوو زوو تێکدەچێت، ئینجا باسی میرنای هاوسەری خۆی دەکات چۆن قاوەیەکی بۆ دروست دەکات و داوای لێ دەکات دوای نانی ئێوارە بچێتە باوەشی، بۆڵە بۆڵی میرنا لەسەر ئەوەی راسی بەدڵ نییە. باوکی هەشت ساڵ لەمەوبەر لە شیرین خەودا مردبوو، سەرخۆش بوو، تەمەنی چل و چوار ساڵ بوو، دوای ئەوەی سەلاجەکەی کردۆتەوە و کەمێک سۆسەجی خواردووە، چووەتە سەر جێگەکەی و خەوتووە، ئیتر هەڵنەستاوەتەوە.
بەر لە رایمۆند کارڤەر و ریچارد فۆرد، ئەم چەشنە نووسینە پرۆسە کراوە، نەک تەنیا لە ئەدەبی ئەمەریکی و ئەوروپیدا، بەڵکو لە ئەدەبی گەلانی دیکەشدا هەبووە بێ ئەوەی ناوی ریالیزمی پیسی لێ بنرێت، بۆ نموونە هەندێ لە چیرۆکەکانی چیخۆف، ئێرنست هەمەنگوای، هێنری میللەر، دۆس باسۆس، جۆن شتاینبیک، محەمەد شوکری، چارلس بۆکۆڤسکی و هەندێ لە چیرۆکەکانی پۆل ئۆستر
لە چیرۆکی (بۆچی سەما ناکەن؟) ل141دا، پیاوێک لە پاییزی تەمەنیدا بە هۆی بێ پارەییەوە کەلوپەلەکانی ماڵەکەی، تەلەڤیزیۆن و سیسەم و کەوانتەر و ستیریۆ و ئەلبوم و شتەکانی دیکە، لە باخچەکە بۆ فرۆشتن دادەنێت، لە شوێنێکدا دەنووسێت: ژیانێکی باش بۆ فرۆشتن. کچ و کوڕێکی گەنج کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە، دەیانەوێ کەلوپەلەکانی بە هەرزان لێ بکڕن، پاش دیالۆگێکی هێمن، ئاشنای یەکدی دەبن و لە ماڵەکەیدا شەراب دەخۆنەوە و سەما دەکەن، دوایی بە نرخێکی هەرزان کەلوپەلەکانی لێ دەکڕن، لەم چیرۆکەدا کوڕ و کچە گەنجەکە ژیانی کۆنی ئەو پیاوە دەکڕن و ژیانی نوێی خۆیانی پێ دروست دەکەن.
کارڤەر لە شیعریشدا شێوازی مینیماڵیزم و بابەتی سادەی رۆژانە دەنووسێت، لە شیعری(سەگەکەت دەمرێت)ل177دا، مــــوفارەقەیەک لەنێوان ســـــەگ و شاعیردا دروست دەکات:
لۆرییەک دەیکات بە ژێرەوە
لەسەر شۆستەکە هەڵیدەگرێتەوە و دەینێژێت
حاڵت خراپ دەبێت، خەمبار دەبیت
خەم دەخۆیت بۆ کچەکەت،
چونکە سەگی ئەو بوو، زۆری خۆش دەویست.
خەم دەخۆیت کە بەردەوام
یاریی لەگەڵدا دەکرد و
لەباوەشی ئەودا دەنووست،
شیعرێک بۆ سەگەکە دەنووسیت کە مردووە
شیعرەکە دەتکات بە شاعیرێکی باش
بەجۆرێک وا هەست دەکەیت خۆشحاڵیت
کە سەگەکە سەیارە لێیداوە
وا نەبوایە هیچ کات نەدەبووی بە شاعیر.
لە شیعری(سادە) ل 206دا، زۆر بە سادەیی لە ژیانی رۆتینیی خۆی دەدوێت، کۆمەڵێ رەگەزی لە رووکاردا جیاواز و دوورلەیەک پیشاندەدات، بەڵام خوێنەر لەمیانی وێنەی شیعرییەوە رەگەزەکان کۆدەکاتەوە:
دابڕانێک لە هەورەکان
شینیی هێڵی چیاکان
زەردیی تاریکیی کێڵگەکان
رووباری رەش
لێرە، تەنیا و پڕ لە پەشیمانی، چی دەکەم؟
لەسـەر خواردنی تووی نێو کاسەکە بەردەوام دەبم،
بە خۆم دەڵێم: ئەگەر مردبام نەمدەخواردن
هێند ئاڵۆز نییە، هەموو شتێک زۆر سادەیە.
دوای مردنی رەیمۆند کارڤەر لە ســــاڵی 1988دا، ریچارد فۆرد و تۆبیاس وۆڵف و چارلز بۆکۆڤسکی، بەردەوام دەبن لە نووسینی ریالیزمی پیس، ئەم نووسەرانە بەهەمان شێواز رۆمان و کورتە چیرۆک دەنووسن، چەندین چیرۆک و رۆمانی ناوداریان هەیە کە هەندێکیان کراون بە عەرەبی، لەوانە: (پارچەیەک لە دڵم) و (دوایین چانسی باش) و (تۆ بۆ منیت) و (ژیانی دەشت و دەر)، هەندێ لەو رۆمانانەش کراون بە فیلمی سینەمایی، فیلمەکانیش بە فیلمی مینیماڵیزم و ریالیزمی پیس، ناسراون.