دێرین جەمال
ئێوارەیەک... لەسەر کورسییەک دانیشتبوو سەیری دیمەنی، ئاوابوونی خۆری دەکرد. هەرچەندە لەو کاتەدا خۆر ماڵئاوایی لە رۆژ دەکرد، بەڵام ئەو دیمەنە لە چاوەکانی ئەودا دەبریسکایەوە، وەک ئەو ئومێدەی لەمنداڵییەوە لە ناخیدا هەڵی گرتبوو، لە رووخساریدا دەگەشایەوە.
زەردەخەنەیەکی خستە سەر لێوی و وەک ئەوەی فریشتەکان مژدەی هێنانی خەونەکەیان پێدابێت، بە دەنگێکی نزم بانگی لە کچەکەی کرد و وتی: کچە ژیرەکەم وەرە تەماشای ئەم تابلۆ سروشتییە رەنگینە بکە!
کیژۆڵەکەش بە سەرسوڕمانەوە سەیری رووخساری دایکی کرد و وتی: تەماشای چی بکەم دایکە؟! دووبارە بە زەردەخەنەیەکەوە وتی: تەماشای دیمەنی خۆرئاوابوون!! بڕوانە ئەم دیمەنە چەند جوانە. کیژۆڵەکەش لەدوای رامانێک لە رووخساری دایکی، وتی: ئێ دایکە گیان هەمووان دەزانین دیمەنی خۆرئاوابوون چەند جوانە، بەڵام ئەمە چ شتێکی نوێی تێدایە؟
دایک: با کچم، دەزانی چی نوێ هەیە؟ خۆئەگەر من بە درێژایی تەمەنم، هەموو ئێوارەیەک لەسەر ئەم کورسییە دابنیشم و سەیری دیمەنی ئاوابوونی خۆر بکەم، هەر ئەم دیمەنە دووبارەیە دەبینمەوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ فێری بووم ئەوەبوو، خۆر جاروبارێک خۆی دەشارێتەوە، تا جوانی مانگ بەرجەستە ببێت و دەربکەوێت.
هەریەکێک لە ئێمەش لە ناخماندا مانگێک هەیە، پێویستە رێگای بدەین تاوەکو مانگەکەی ناخیشمان دەربکەوێت.
لەو رۆژەوە ئەو دیمەنە بوو بە وانەیەک بۆ ئەو خاتوونە و وای لێکرد کلیلی دەرگای ناخی بکاتەوە، هێدی هێدی خۆزگەکانی دەربکەون.
لەو رۆژەوە ئەو خاتوونە گوێی لەو دەنگە دەگرت کە لەناخیەوە دەهات، بیری دەکردەوە لەوەی دەبێت لەم ژیانەدا قوتابخانەیەک هەڵبژێرێت، تا بگاتە ئامانجەکانی. لەنێو بازاڕی ژیاندا زۆر گەڕا، لە هەموو جێگایەک تا ئەو خوێندنگەیە بدۆزێتەوە وانەی ژیانی تیادا بخوێنێت، لەدوای گەڕانێکی زۆر توانی ئەو خوێندنگایە بدۆزێتەوە کە دەتوانێت ناخی پەروەردە بکات، ئیدی ئەو هیچ کات لە دەفتەر و پێنووس و هۆڵی تاقیکردنەوە ناترسێت، چونکە ئەو خوێندنگەیەی وانەی تیادا دەخوێنێت جیاوازە، لەوێ مامۆستا وانە لە خوێندکارەکەیەوە فێر دەبێت، تا مامۆستایەکی پڕ ئەزموونی لێ دەربچێت.
ئەمەیە رێگای خەونەکان، تامرۆڤ بگاتە پلەی مەستبوون بە ژیان و جوانییەکانی ئەو جوانیانەی زۆر جار، خۆمان چاودادەخەین لە ئاستیاندا.