د.هەرێم عوسمان
بەرهەمی ئەدەبی شار و شاخ جیاوازییان زۆرە، لە شاخدا شاعیران پەیام و واتای شیعرییان روونتر و راستەوخۆتر دەربڕیوە، زیاتر شیعری بەرەنگاری و خەباتن، هاندان و ئومێدی زیاتریان تێدایە
ئایکۆنی بەرەنگاریی لە هەردوو گۆڤاری (نووسەری کورد) و (نووسەری کوردستان)دا، نامەیەکی دکتۆرای (نەوزاد عەلی ئەحمەد)ە و ساڵی 2022 بە سەرپەرشتی (پ. د. دڵشاد عەلی) پێشکەشی کۆلێژی زمان، بەشی کوردی زانکۆی سلێمانی کردووە. نامەکە لە دەروازە و سێ بەش پێکهاتووە، لە دەروازەدا ئاوڕ لە نووسراوەکانی بەرلەخۆی، کە لە ناونیشانەکەیەوە نزیکە، دەداتەوە، میتۆدی سوودلێوەرگیراویشی مێژوویی/ سیمۆلۆژییە.
1
بەشی یەکەم، ئەم بەشەی بۆ دوو پار دابەشکردووە، سەرەتا چەند چەمک و زاراوەی پەیوەست بە سیمۆلۆژیا و بەرەنگاریی دەخاتەڕوو. ئایکۆن واتە لێکچوو، وێنە و نموونە. لە سەردەمێکدا ئایکۆن لەنێوان هێما و نیگا و وشەدا ئاوێتەکراوە، بەوپێیەی لە دنیای ئایینیدا ئایکۆن رۆڵێکی کارا و پیرۆزی هەبووە، بۆیە فلادیمیر لوسکی دەڵێ: (ئایکۆن یەکەمین پلەیە لە پلەکانی مەلەکوت، چونکە ئایکۆن مرۆڤ بەرەو ئاسمان بەرز دەکاتەوە). دواتر زاراوەی نیشانەناسی، هێما و نیشانە دەخاتەڕوو، پێیوایە نیشانە ئاماژەیە بۆ پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ و زیاتر ئاماژەیە بۆ بابەتی ماددی، بەڵام هێما ئێستایی و واتاییە و تایبەتمەندیی مرۆڤ دەردەخات. دواتر توێژەر پەیوەندیی ئایکۆن و ئەدەب دەخاتەڕوو، کە ئەرسەدۆکسەکان ئایکۆن-نیگار و وێنە وەک هونەر دەبینن، چونکە لە کۆندا ئایکۆن نوێنەرایەتی لایەنی رۆحی ئایینی دەکرد و دەگوازرایەوە، لەبەرئەوە ئایکۆن جێی بەیەکگەیشتنی خوا و مرۆڤ بوو، خوا لە رێگایی ئایکۆنەوە مرۆڤ دەدوێنێت. لەم پانتاییە رۆحییە پیرۆزەوە ئایکۆنی ئەدەبی چەشەیەکی بەرزی ناماددی پێشکەش بەوەرگر دەکات، کاتێکیش ئەو ئایکۆنە بەرەنگاریی بێت، ئەوا هێز و جوڵە و ورووژاندن دروستدەکات.
لە ناساندنی ئەدەبی بەرەنگاریدا، توێژەر جیاوازیی ئەدەبی بەرگریی (دیفاع) و بەرەنگاریی (مقاومە) دەکات، کە پێیوایە زۆرجار بە کاریگەریی عەرەبی تێکەڵکراوە. بەرەنگاریی بەگژداچوونی تیایە، بەرگریی، خۆڕاگریی، خۆپارێزی و بەرگرتن/ رێگرتنی تیایە، دۆخی ئامادەباشییە، بەڵام بەرەنگاریی زیاتر خەبات و هێرشی تیایە. توێژەر لە جیاکردنەوەی ئەدەبی بەرەنگاری و بەرگری دەنووسێت: (ئەو ئەدەبەی لە قۆناغی سەرەتایی و دەرەبەگایەتی و دواتردا، ململانێی لەگەڵ داب و نەریت و ئاییندا کردووە، دەکرێت ناوبنرێت ئەدەبی بەرگریی، ئەو جۆرە ئەدەبەش کە دژی چەوسانەوە، ستەم و داگیرکاریی بووە و لەگەڵ بزاڤی کوردایەتی و خەباتی قۆناغی رزگاریی نیشتمانیدا ژیاوە و بۆتە بەشێک لەو مێژووە، زاراوەی ئەدەبی بەرەنگاریی بەڕاست دەزانم).
لە پاری دووەمدا توێژەر مێژووی یەکێتیی نووسەرانی کورد و یەکێتیی نووسەرانی کوردستان دەخاتەڕوو و ساغی دەکاتەوە. سەرەتاش ئاوڕ لەو یانە و رێکخراوە رۆشنبیرییانە دەداتەوە کە لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا دامەزراون، لە 20/5/1920 دا (یانەی سەرکەوتنی کوردان) دامەزراوە، لە 1958 چەند نووسەر و ئەدیب داخوازینامەیەک ئاڕاستەی وەزیری ناوخۆی عیراق دەکەن، بەڵام دامەزراندنی رەسمی دەکەوێتە نێوان 1969 بۆ 1970، توێژەر سێ قۆناغی یەکێتیی نووسەرانی کورد دەخاتەڕوو:
قۆناغی یەکەم، دەستپێک: 1970- 1974
قۆناغی دووەم، خەباتی شاخ: 1974- 1975
قۆناغی سێیەم، هەڵسانە و کپکردن: 1978- 1983
دامەزراندنی ئەم یەکێتییە بوار بە کردنەوەی لقەکانی لە پارێزگاکانی هەرێم دەدا و گۆڤاری (نووسەری کورد) لە ساڵی 1971 تا 1973، 11 ژمارەی بڵاو دەکاتەوە، کە ژمارە 12 لە شاخ دەردەچێت. سەبارەت بە یەکێتیی نووسەرانی کوردستان کە لە پاش هەشتاکانەوە دادەمەزرێت، لەماوەی 1981-1991 چەندین چالاکی ئەدەبی ئەنجام دەدات، ئەم یەکێتییە لە ماوەی 10 ساڵ لە بواری چاپکردنی گۆڤار، کتێب، کۆڕ و کۆبوونەوە، بەرنامەی ئێستگەی رادیۆیدا چالاکترین و پڕبەرهەمترین رێکخراوی ئەدەبی کوردستانە. هەردوو یەکێتییەکە لە گۆنگرەی شەقڵاوە لە 1991 بەناوی کۆنگرەی یەکێتیی نووسەران بەشداردەبن و یەکدەگرن، چالاکییەکانیان دەرکردنی 5 گۆڤارە (پێروو، نووسەری کوردستان، گزنگ، نووسەری نوێ، بانگ)، سەبارەت بە دەرکردنی کتێب لە ماوەی 1981 تا 1991،
60 کتێب و نامیلکە چاپ دەکەن.
2
بەشی دووەم، ئایکۆنی بەرەنگاری لەگۆڤاری (نووسەری کورد)دا 1971-1983، توێژەر سەرەتا ئاوڕ لە شیعری بەرەنگاری لەو گۆڤارە دەداتەوە، کە دیارترین پانتایی گۆڤارەکەی بردووە. توێژەر نموونەی دەیان شیعر دەهێنێتەوە، بەپێی جۆرەکانی ئایکۆنی چوواندن، هێمایی، نیشانەیی لەتیف هەڵمەت دەنووسێ:
شاعیر چییە...
گەر دڵداری نیشتمان و وڵات نەبێت
شیعر چییە و بۆچی دەشێت
گەر لەژێر پێی داگیرکەردا
وەکو لوغم نەتەقێت؟
لەم شیعرەدا شاعیر بە دڵدار و وشە بە بۆمب چوێنراوە، کە جێکەوت و ترس بۆ داگیرکەر دروست دەکەن. هاوکات لە شیعرێکی (ئەنوەر جاف)دا هاتووە:
هۆنراوەکەم، کڵۆمێکە دەروازەی شاری گریانتان
بۆ دائەخا...
کلیلێکە...دەرگای شاری نان و گوڵ و بەهارتان بۆ
ئەکاتەوە، وردیلەکان!
هۆنراوەکەم...بارانێکە تەپ و تۆزی
سەر روومەتی دێیەکەمان ئەشواتەوە
شاعیر ئایکۆنی هێمایی بە وشە رۆژانەییەکان سازکردووە، لەلایەک ئومێد بۆ وردیلەکانی نەتەوەیەکی چەوساوە دەبەخشێت، لەلایەکی دیکەوە زۆر شاعیرانە و واتادارانە ئایکۆنی هێمایی هۆنراوە بە کڵۆم و کلیل دەچووێنێت، لەکۆتاییشدا شیعر دەبێتە باران و تەپوتۆزی سەر روومەتی نیشتمان دەشواتەوە. لە نموونەی شیعری ئایکۆنی نیشانەییش کە جیاوازە لە ئایکۆنی چوێنراو و هێمایی نموونەگەلێک دەهێنێتەوە، پاشان ئاوڕ لە شیعرە وەرگێڕاوەکان دەداتەوە. لە پاری دووەمدا روو لە ئایکۆنی بەرەنگاری لە پەخشان دەکات، چەندین چیرۆکی حسێن عارف، رەئوف بێگەرد، رەئوف حەسەن، ئەنوەر جاف و...هتد شیکار دەکات، لەکۆتاییشدا ئایکۆنی بەرەنگاریی لە ئۆپەرێتە کوردییەکان دەخاتەڕوو.
3
بەشی سێیەم، ئایکۆنی بەرەنگاریی لە گۆڤاری (نووسەری کوردستان)دا 1981-1991 ئەمە ناونیشانی بەشی سێیەمە، کە لە دوو پار پێکدێت، سەرەتا ئاوڕ لە شیعرە بەرەنگارییەکانی 18 ژمارەی گۆڤارەکە، کە لە شاخ دەرچووە، دەداتەوە. بەرهەمی ئەدەبی شار و شاخ جیاوازییان زۆرە، لە شاخدا شاعیران پەیام و واتای شیعرییان روونتر و راستەوخۆتر دەربڕیوە، زیاتر شیعری بەرەنگاری و خەباتن، هاندان و ئومێدی زیاتریان تێدایە. توێژەر ئایکۆنە شیعرییەکان بەسەر حەوت جۆردا پۆلێن دەکات: (ئایکۆنی پێشمەرگە و شەهید، دایک و نیشتمان، شار و زیندان، هەڵەبجە و کۆمەڵکوژی، حزب و ئایدۆلۆژیا، هەرەس و شۆڕشی نوێ، داگیرکەر و وێرانکردن). لە ئایکۆنی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژیدا شیعرێکی شێرکۆ بێکەس دەهێنێتەوە:
ئەمڕۆ تەنها،
هەر لەنێوان دوو سەعاتا
لەناو سنگی شارەکەما، پەنجا رووباریان خنکانم
لە ئایکۆنی حزب و ئایدۆلۆجیاشدا نموونەی شیعرێکی ئەحمەد قەرەنی وەردەگرین:
ژ بیر نەکە
گەلەک جاران
توزا پیلاڤێن کارکەری
مەزنترە
ژ مەرجانێن تاجی سەری
شاعیر تۆزی پێڵاوی کرێکاریی بەرزتر لە تاجی پاشا نیشانداوە، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی خەباتی ئایدۆلۆجی چەپ و کۆمۆنیستی. توێژەر نموونەی شیعرە بیانییەکانیش وەردەگرێت، کە لەم 18 ژمارەیەدا بڵاوبووەتەوە، وەک شیعرەکانی: (شاملو، پاپلۆ نیرۆدا، کاڤافی، فازیل عەزاوی، عەباس بەدری...هتد). عەزاوی دەنووسێ:
پەنجەرەیەکم بۆ بهێڵنەوە درەختەکانی لێوە ببینم
شاعیر وای وت، کاتێ بەرەو زیندا ئەچوو
دارتاشێکیان هێنا پەنجەرەکەی داخست.
لە پاری دووەمدا توێژەر باسی ئایکۆنی بەرەنگاریی لە پەخشاندا دەکات و ئاوڕ لە دوو قۆناغی چیرۆکی کوردی لە (1962-1975 1976-1991) دەداتەوە، پێیوایە گۆڤاری (دەنگی پێشمەرگە) لە قۆناغی یەکەمدا زیاتر بایەخی بە چیرۆک داوە، بەڵام قۆناغی دووەم بە زێڕین بۆ چیرۆکی سەنگەر و بەرەنگاریی دادەنێت. لەو 18 ژمارەیەی گۆڤاری (نووسەری کوردستان)دا چەندین چیرۆکی کوردی و وەرگێڕدراو هەن، بەڵام ژمارە هەشت تایبەت کراوە بە چیرۆک، کە یەکەمجارە یەکێک لە ژمارەکانی ئەدەبیاتی پێشمەرگە بۆ چیرۆک تەرخان بکرێت. هەر لەم پارەدا چەندین چیرۆکی کوردی شیکارکراوە، بەتایبەت چیرۆکی چیرۆکنووسانی وەک دڵشاد عومەر کاکی، نەجیبە ئەحمەد، شیرین ک، ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل، کاکەمەم بۆتانی، رەئوف بێگەرد، رێبین ئەحمەد هەردی و...هتد، چیرۆکی دۆزەخی رێبین ئەحمەد هەردی تەرخانە بۆ کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و خەباتی بەرگری پێشمەرگە، دواتر توێژەر چیرۆکێکی ئەرسەلان بایز بەناونیشانی (رازەکانم دەدرکێنم)، شیکار دەکات و ئایکۆنەکانی شۆڕش و بەرەنگاریی دەستنیشان دەکات. دواتر توێژەر باسی چیرۆکە وەرگێڕدراوەکان لەو 18 ژمارەیەی گۆڤاری (نووسەری کوردستان)دا دەکات، کە 11 چیرۆکیان وەرگێڕدراون، بەڵام تەنیا چواریان دەچنە خانەی ئەدەبی بەرەنگاری. سەبارەت بە دەقی شانۆیش هیچ دەقێکی خۆماڵیمان نییە، بەڵام دوو دەقی بیانی هەن.
لە کۆتایی تێزەکەدا توێژەر بە چەند خاڵێک ئەنجامەکان دەخاتەڕوو، کە گرنگترینیان دامەزراندنی یانە و کۆمەڵە ئەدەبییەکانە کە ئەدیبە کوردەکان بەشداربوون، بەڵام بە رەسمی لە 1970 بە ئیمزا وەزیری ناوخۆ بڕیار لەسەر دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد دەدرێت و لە 1980 حکومەت بڕیاری هەڵوەشانەوەی دەدات، بەڵام لە هەمان کات لە شاخ لە تەنیشت سەنگەری پێشمەرگە، رێکخراوی یەکێتیی نووسەرانی کوردستان دادەمەزرێت. هەردوو گۆڤاری (نووسەری کورد) و (نووسەری کوردستان) دەوڵەمەندن بە ئایکۆنی بەرەنگاری، هەرچەند ئەدەبی بەرەنگاریی مێژووەکەی دێرینترە و لە ئەدەبی فۆلکلۆر، بەتایبەت لاوک کارایە. ئەدەبی شار و شاخ جیاوازە، بەڵام ئەدەبی شاخ کە لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەریشدا نییە، هێشتا لەباری لایەنی هونەری و فۆرمەوە لە ئاستێکی بەرزدان. دیارترین ئایکۆنە دەرکپێکراوەکانی تێزەکە، بریتین لە: پێشمەرگە، شەهید، زیندان، جاش و سیخوڕ، هەڵۆ و رێبوار و...هتد، پێشمەرگە و سەنگەر و قوربانی دیاترین ئایکۆنن، کە لە شاخ جیاواز لە شار ئاسانتر خۆیان دەردەخەن. ئایکۆنی بەرەنگاریی لە دەقە خۆماڵی و بیانییەکان نزیکن لە یەکترەوە، زیاتریش کارایی لە پانتایی شیعردایە تا پەخشان.