كۆتایی بە ناكۆكیی لەمێژینەیان دەهێنێت؟

رێككەوتنی ئازەربایجان و ئەرمینیا بە نێوەندگیریی ترەمپ

10:05 - 2025-08-10
جیهان
52 جار خوێندراوەتەوە
لوتکەی ئاشتیی واشنتۆن لەنێوان سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا و سەرۆکی ئازەربایجان

راپۆرتی / گۆران فەتحی


ئازەربایجان و ئەرمینیا لە كۆشكی سپی بە سەرپەرشتیی دۆناڵد ترەمپ رێككەوتنی ئاشتییان ئیمزا كرد و روونیشیان كردەوە هەموو پرۆسە سەربازییەكانی نێوانیان بەشێوەیەكی تەواو رادەگرن و رێز لە سەروەریی خاكی یەكتر دەگرن. ئەمەش لەكاتێكدایە، ئەو دوو وڵاتە، ناكۆكیی گەورە و مێژوویی لە نێوانیاندا هەبووە، لەسەر ناوچەی ناگۆرنی قەرەباخ و پێشتریش دوو جەنگی قورس لە نێوانیاندا روویداوە بەهۆی ئەو ناوچەیەوە.

ناكۆكیی مێژوویی
هەریەك لە ئازەربایجان و ئەرمینیا لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتیی سۆڤیەت لە 1991، سەربەخۆیی خۆیان وەرگرت و بوون بە دەوڵەت، بەڵام ناكۆكیی و ململانێ لە نێوانیاندا هەبوو سەبارەت بە سنووری نێوانیان لەسەر ناوچەی ناگۆرنی قەرەباخ. هەربۆیە ئەو دوو وڵاتە لە دوای سەربەخۆبوون، كەوتنە ململانێ و شەڕ لەسەر قەرەباخ (ئەرتساخ) و لە جەنگی یەكەمی نێوانیاندا، ئەرمینیا سەركەوتوو بوو، توانیی زۆرینەی قەرەباخ كۆنترۆڵ بكات لە ساڵی 1991، بەڵام لە جەنگی دووەمی نێوانیاندا كە لە ساڵی 2020 روویدا، ئازەربایجان بەهاوكاریی توركیا سەركەوت و توانی سەرجەم ناوچەی قەرەباخ بگرێتەوە، ئەوەش وایكرد 100 هەزار ئەرمەنی ناوچەكە و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و ئاوارەی ناوچەكانی تری ناو ئەرمینیا ببن.

رێككەوتنی واشنتۆن  لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان
رۆژی هەینی رابردوو ئیلهام عەلییڤی سەرۆكی ئازەربایجان و نیكۆڵ باشینیانی سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا لە كۆشكی سپی لە واشنتۆن بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، رێككەوتنی ئاشتییان لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزاكرد، ترەمپ دوای ئیمزاكردنەكە رایگەیاند: «ئەرمینیا و ئازەربایجان بەپێی رێككەوتنەكە بەتەواوەتی پابەندی راگرتنی شەڕ دەبن لە نێوانیاندا»، تەئکیدیشی کردەوە کە «هەردوو وڵات بەپێی رێككەوتننامەكە، دەتوانن كاری هاوبەش بكەن و چەندین رێككەوتنی هاریكاریش لە چەندین بواردا ئیمزا دەكەن».
سەرۆكی ئەمریكا جەختیشی لەوە كردەوە كە واشنتۆن كار دەكات بۆ لابردنی كۆت و بەندی بەردەم مامەڵەی بەرگریی ئازەربایجان و ئەمریكا.
روونیشیكردەوە كە «ویتكۆف و رۆبیۆ و تیمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رۆڵی گەورەی دیپلۆماسییان بینی لە سەركەوتنی لووتكەی ئاشتی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیادا.
لای خۆیەوە ئیلیهام عەلییڤی سەرۆكی ئازەربایجان وتی: «ئێمە نەخشەرێگەیەكمان بۆ هاریكاری و شەراكەتی ستراتیژی لەگەڵ واشنتۆن داڕشتووە و هیوادارین هەلی بازرگانی و وەربەرهێنانی باشمان دەستكەوێت».
سەرۆكی ئازەربایجان ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی ئاشتیشی لەگەڵ ئەرمینیا بە رۆژێكی مێژوویی وەسفكرد.
نیكۆل باشینیانی سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیاش لای خۆیەوە رایگەیاند: «رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئازەربایجان زۆر باشە و چەندین هەلمان بۆ دەرەخسێنێـت و پەیوەندییە هەرێمییەكانیش باشتر دەكات و سەركردایەتیی واشنتۆنیش بۆ چارەسەركردنی ململانێكان، سەركەوتنی پێدەبەخشێت».
باشینیان هەروەها وتی: «رێككەوتنەكە دەرگا بۆ قۆناغێكی نوێش دەكاتەوە كە تێیدا رێز لە سەروەریی خاكی هەردوو وڵات دەگیرێت».
عەلییڤ، سوپاسی ترەمپیشی كرد بۆ لابردنی كۆت و بەندەكانی سەر هاریكاری سەربازیی نێوان واشنتۆن و باكۆ و متمانەی خۆشی بۆ ئامادەیی ئەرمینیا و ئازەربایجان دەربڕی بۆ پابەندبوون بە ئاشتیی نێوانیان.
بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمریكا، رێككەوتنەكە دوای چەندین سەردانی بەرپرسانی ئەمریكا بۆ ناوچەكە هاتووەتەدی،  مەبەستیش لە رێككەوتنەكە، هێنانەدیی ئاساییكردنەوەیەكی تەواوی پەیوەندییەكانە لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان.

 ترەمپ و خەڵاتی نۆبڵ
لە لووتكەكەی كۆشكی سپیدا، بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنی ئاشتیی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، عەلییف پێشنیازی كرد پێكەوە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا، دۆناڵد ترەمپ كاندید بكەن بۆ خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی.
سەرۆكی ئازەربایجان وتیشی: «رەنگە لەگەڵ نیكۆڵ باشینیانی سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا رێکبكەوین، داوایەكی هاوبەش ئاراستەی لێژنەی پێدانی خەڵاتی نۆبڵ بكەین كە ئەمساڵ خەڵاتەكە بە سەرۆك ترەمب ببەخشرێت»، دووپاتیشیكردەوە و وتی: «ئەگەر سەرۆك ترەمپ نەبێت، كێی تر شایەنی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەیە؟»، ئەمەش لەكاتێكدایە هەریەك لە ئیسرائیل و پاكستان و كەمبۆدیاش ترەمپیان بۆ ئەو خەڵاتە كاندید كردووە.

رێڕەوێك بۆ نەخچەوان
بەپێی «راگەیاندنی هاوبەش»ی لووتكەی واشنتۆنی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، دەبێت «رێڕەویك» دروستبكرێت كە بەناو ئەرمینیادا بڕوات و ئازەربایجان ببەستێـتەوە بە ناوچەی نەخچەوان كە دەكەوێتە خۆرئاوای ئەرمینیاوە.
كۆشكی سپی لەو رووەوە رایگەیاند: «رێڕەوەكە كە بڕیارە دروست بكرێت، باكۆ ماوەیەكی زۆرە داوای دەكات، ناوی لێدەنرێت «رێڕەوی ترەمپ بۆ ئاشتی و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و كۆرتكراوەتەوە بە ترەیپ»، مافی دروستكردن و كاركردن تێیدا دەدرێت بە ئەمریكا، هەروەها رێككەوتنەكە رێگە بە واشنتۆنیش دەدات سوود لە سامانی نەوتی ناوچەكە ببینێـت.
ئانا كیلی وتەبێژی كۆشكی سپی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: «سەرۆك ترەمپ چەند رێككەوتنێكی جیاجیاش لەگەڵ ئەرمینیا و ئازەربایجان ئیمزا دەكات، سەبارەت بە وزە و تەكنۆلۆژیا و هاریكاریی ئابووری و ئاسایشی سنوور و ژێرخانی ئابووری و بازرگانی».
بەرپرسێكی باڵای ئەمریكاش ئاماژەی بەوەكردووە، كە ئەرمینیاش سوودی زۆر لەم رێككەوتنە دەبینێت و دەبێت بە هاوبەشی گەورەترین و گرنگترین وڵات كە ئەویش ئەمریكایە.
دەمێنێتەوە بڵێین ئازەربایجان چەندین داوای پێش ئیمزاكردنی رێككەوتننامەكە پێشكەشكردبوو، كە یەكێك لەوانە هەمواركردنەوەی دەستووری ئەرمینیایە بەجۆرێك داواكاریی گەڕاندنەوەی ناگۆڕنی قەرەباخی تیادا نەمێنێت، باشینیانیش ئامادەیی دەربڕیووە بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئەو داوایانەی ئازەربایجان و وتویەتی: «بەنیازن راپرسییەك لەسەر هەمواركردنەوەی دەستوور بكەن لە ساڵی 2027دا».

رێككەوتنەكە سەركەوتوو دەبێت؟
لەگەڵ ئەوەی هەردوو وڵات رێككەوتنیان ئیمزا كردووە، بەڵام وادیارە گوشارێكی زۆری واشنتۆنیان لەسەر بووە، خودی ترەمپیش سەرپەرشتیی لووتكەی نێوانیانی كردووە، بەڵام ئایا ئاشتی نێوانیان بەتەواوی بەرقەرار دەبێت؟ یان وەكو هەموو ناوچە گەرمەكانی تری جیهان ئاڵۆزیی ململانێكانی ئەوانیش دواتر سەرهەڵدەداتەوە، بەتایبەت كە ئەرمینیا و ئازەربایجان كێشەی سنووری گەورەیان هەیە و ململانێی زۆریشیان لەسەر ناوچەی «ئەرتساخ- ناگۆرنی قەرەباخ» هەیە.
ترەمپ دەڵێت: «بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت، ئازەربایجان و ئەرمینیا پابەندی راگرتنی تەواوی شەڕی نێوانیان بن و رێز لە سەروەریی خاكی هەردوو وڵاتیش بگرن»، وتیشی: «بەپێی ئەم رێككەوتنە، دواجار ئاشتی بەدی هات».
سەرۆكی ئەمریكا جەختی لەوەشكردەوە  وتی: «دەبێت ئەرمینیا و ئازەربایجان پەیوەندیی بازرگانی و دیپلۆماسیی دروست بكەن و رێز لە سەروەریی یەكتریش بگرن، بازرگانییش لەنێوانیاندا دەستپێكەن و گەشت و سەردانیش بە رووی یەكتردا بكەنەوە».
دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە، ترەمپ رووی كردە عەلییڤ و باشینیان و   وتی: «پەیوەندیی نێوانتان زۆر باش دەبێت، بەڵام ئەگەر كێشەیەكیش كەوتە نێوانتان، پەیوەندیم پێوە بكەن و منیش چارەسەری دەكەم».
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، تا ئێستا روون نەبووتەوە، رێككەوتنی نێوان هەردوو وڵات، چۆن كار لەسەر دیاریكردنی سنوورە هاوبەشەكانی ئازەربایجان و ئەرمینیا دەكات، كە ئەوە كێشەیەكی مێژوویی نێوانیانە و قەرەباخیش ناوچەیەكی جێناكۆكی نێوان هەردوو وڵاتە كە قورسە بەم رێككەوتنە یەكلایی بكرێتەوە.
رەنگە رێككەوتنی ئاشتیی نێوان هەردوو وڵات لە واشنتۆن، بۆ ماوەیەكی كاتی ململانێی مێژوویی ئازەربایجان و ئەرمینیا رابگرێت بە گوشاری ئەمریكا، بەڵام گومانی تێدا نییە، رق و قینەی هەردوو گەل و ململانێیان لەسەر ناوچەی قەرەباخ، جارێكی تر ئاگری شەڕ لەنێوانیاندا دروست دەكاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان