راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
بە بڕیاری حكومەتی فیدراڵ و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئاو، دەستکراوە بە راگرتنی کاری حەوزەکانی ماسی و قەدەغەکردنی هەڵكەندنی بیری ئیرتیوازی
گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی باران بارین، بووەتە هۆی وشکبوونی بەشێک لە سەرچاوەکانی ئاو و ناوچەکەی رووبەڕووی قەیرانی کەمئاوی کردووەتەوە، وەک هەموو ناوچەکانی دیکە گرفتەکە شاری كەركوكیشی گرتووەتەوە.
رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك رایگەیاند: شاری كەركوك لە مانگی ئابدا رووبەڕووی قەیرانی بێ ئاوی دەبێتەوە، چونكە ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان بە رادەیەك دابەزیوە لە مێژوودا شتی وا نەبووە، لەبەرئەوە بە بڕیاری حكومەتی فیدراڵ و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكە دەستمان کردووە بە راگرتنی کاری حەوزەکانی ماسی و هەڵكەندنی بیری ئیرتیوازشمان قەدەغە کردووە.
وتیشی: هەموو ساڵێك لە وەرزی هاویندا ئاستەنگەكانی کەمئاوی زیاتر دەبن و چارەسەرەكانیش پێویستیان بە كاری هەنوكەیی و دەستوبردە، بۆئەوەی بتوانین رووبەڕووی قەیرانەكە ببینەوە.
زیادەڕۆیی لەسەر هێڵەکانی ئاو
محەمەد عەبدوڵڵا هاووڵاتییەکی نیشتەجێی گەڕەكی باروتخانەیە لە شاری كەركوك، بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئێمە زیاتر لە وەرزی هاویندا تووشی كێشەی کەمئاوی دەبین، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە خەڵكێكی زۆر زیادەڕۆییان كردووەتە سەر هێڵەكانی ئاو و بەشێكی ئاوەكەش بەفیڕۆ دەڕوات بەهۆی خراپی هێڵەكانی ئاوەوە كە لە هەندێك شوێندا شكاون، بۆ ئەو مەبەستەش هەرچەند تیمەكان چاكی دەكەنەوە، بەڵام بێهودەیە، چونكە هاووڵاتییان هۆكاری سەرەكین و ئاو زیاد لە پێویست بەكاردەهێنن.
وتیشی: هەموومان دەزانین ئاو پێویستییەكی رۆژانەی خەڵكە، بەشێكی زۆری ئەو ئاوە لە ماڵانەوە بە فیڕۆ دەچێت، بەهۆی نەبوونی تەوافە لەسەر تانكی ئاوی سەربان، كاتێك ئاوەكە پڕ دەبێت بەنێو كۆڵانەكاندا دەڕوات و بەفیڕۆ دەچێت، ئەوە هۆکارێکە بۆئەوەی قەیرانی کەمئاوی رووبکاتە شارەكە.
هاوکات عەبدوڵڵا كاكەحەمە نیشتەجێی گەڕەكی كوردستان لە كەركوك بۆ كوردستانی نوێ وتی: قەیرانی کەمئاوی لە کەرکوک زیاتر لەو گەڕەکانەدا سەریهەڵداوە كە لە دوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە دروستبوون، ئەوەش بەهۆی بێ بەرنامەیی لە دروستبوون و بەکارهێنانی ئاو لەو گەڕەکانەدا، لەبەرئەوەی هەماهەنگی پێویست لە نێوان هاووڵاتی و كۆنترۆڵكردنی تۆڕەكانی ئاودا نییە، هاووڵاتی بە ئارەزووی خۆی زیاتر لە چەند هێڵێكی ئاو رادەكێشت و ئەمەش زیان بە تۆڕەكان دەگەیەنێت، بەڵام لە گەڕەكە كۆنەكان لەبەرئەوەی لە چوارچێوەی سیستمێكی دیارییكراودا ئاو دابەشكراوە، قەیرانی ئاو بەو شێوەیە نییە كە هاووڵاتییان نیگەران بكات.
تازەکردنەوەی تۆڕەکانی ئاو
قەیرانی ئاو سەرتاپای عیراقی گرتووەتەوە، لە شاری کەرکوک ساڵانە پرۆژە ستراتیژییەكانی راكێشانی ئاو لە شارۆچكەی دووبز و ئاوی خاسەوە هەموو ساڵێك فریادڕەسی شارەکەیە لە وەرزی هاویندا.
هیشام زەنگەنە بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی ئاوی كەركوك لەسەر دروستبوونی قەیرانی ئاو، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە دوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە توانیومانە زۆربەی تۆڕی ئاوی گەڕەكەكان تازەبكەینەوە، بەڵام بەداخەوە هاووڵاتییان بێئەوەی هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن، تۆڕەكان هەڵدەدەنەوە و بۆری نوێی دیكە بۆ ماڵەكەیان رادەكێشن، ئەم كارەش پێچەوانەی یاسایە و سزاكەی زۆر توندە.
وتیشی: ئەمساڵ بەهۆی پڕنەبوونی بەنداوی خاسەوە، کەرکوک رووبەڕووی قەیرانی کەمئاوی بووەتەوە، بەتایبەتی لە مانگی ئابدا، بۆیە دەبێت بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاو و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیریی هاووڵاتییاندا بكەین بۆ بەفیڕۆنەدانی ئاو و ئاستەنگەكان تێپەڕێنین.
چارەسەری خێرا
بە مەبەستی چارەسەركردنی کێشەی کەمئاوی بەشێك لە گەڕەكەكانی كەركوك بەتایبەتی پەنجاعەلی، كوردستان و دەروازە، بە بڕیاری رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی شارەکە دەستیانکردووە بە راكێشانی پرۆژەی ئاوی ستراتیژیی لە ناحیەی تازەی خوارووی كەركوكەوە بۆ ناوشار، بۆ ئەوەی بتوانن کەمئاوی بەشێك لەو گەڕەكانە چارەسەر بكەن و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەگاتە ئەنجام.
جیهان ئیبراهیم یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری تەكنیكی پرۆژەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هەرچەندە لە ساڵانی رابردوودا توانراوە دوور و نزیك چارەسەری قەیرانی کەمئاویی بكرێت، بەڵام لەمساڵدا لەبەرئەوەی وشكەساڵی زۆر بوو، بۆیە پێویستە خۆمان ئامادە بكەین بۆ قەیرانەکە، بەڵام ئەوەی پێویستە ئەوەیە پرۆژەی درێژخایەن بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە لەوانە: چاككردنەوەی تۆڕەكان، نەهێشتنی زیادەڕۆیی لەسەر تۆڕەكان و بڕینی ئەو تۆڕانەی كە پێویست نین و لەلایەن هاووڵاتییانەوە بە نایاسایی دروستكراون.
وتیشی: لە بەرنامەماندایە كار بۆ قەیرانی کەمئاوی بکەین لە ساڵانی داهاتوو، ئەویش خۆی لە جێبەجێكردنی كۆمەڵێك پرۆژەی ستراتیژیدا دەبینێتەوە.