ئەمیر عومەر لەگوندی دوكانی سەربە قەزای قەرەداغ لە رۆژی 12/12/1980 لەدایكبووە، لە تەموزی 1997ەوە بە بەرنامەیەكی هەفتانەی رادیۆیی كە ماوەكەی تەنها 15 دەقیقە بووە، دەستی بەكاری راگەیاندن كردووە.
لەبارەی دەركەوتنیشی لەتەلەفزیۆن بە دوالاپەڕەی وت: ساڵی 2000 وەك پەیامنێر و پێشكەشكاری بەرنامە و بێژەری هەواڵ لە تەلەفزیۆنی زەحمەتكێشان دەستمپێكرد، دواتریش بۆ ماوەی 7 ساڵ ئەركی بەڕێوەبردنی كەناڵەكەم پێسپێردرا».
سەرەڕای بەشداریكردنی لە راهێنان و پێگەیاندن لەبوارەكەی خۆیدا سەرپەرشتی چەند خولێكی تایبەت بە پێگەیاندنی بێژەریشی كردووە.
سەبارەت بە پیشەی بێژەریی وتی: بێژەریی هونەرە، دەبێت ستایلی تایبەت بەخۆت هەبێت و بەردەوام بە پرۆڤەكردن پارێزگاری لەتۆنی دەنگت بكەیت، هیوادارم من ئەو دەنگە بم كە توانیبێتم سەركەوتووبم».
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی جگە لەبێژەریی شارەزایی لە چ بوارێكی دیكە هەیە، وتی: لەپرۆگرامەكانی تایبەت بەڤیدیۆ ئافتەرئیفێكت، پریمەرپرۆ، كامتاسیا، كەپكەت و تارادەیەكیش ئەی ئای، لەپرۆگرامەكانی دەنگیش بەشی زۆری ئەدۆب ئۆدەیشن و ئەكۆیوستیكا بەكاردەهێنم، بە دیاریكراوی نازانم ژمارەی ئینهاوس و ئەو ڤیدیۆیانەی دروستم كردوون چەندن، بەڵام دەزانم بەشی هەرە زۆریان خوێندنەوە و مۆنتاژی دەنگ و رەنگ و هەندێكجاریش تێكستەكانیان هەر لەئەستۆی خۆم بووە و بەرهەمێكیشم لە فێستیڤاڵی كورتە فیلمی نێودەوڵەتیی وڵاتی تونس بەشداریكردووە».
لە كۆتاییدا وتی: نوێترین كارم، پێشكەشكردنی هەواڵەكانی سەعات 12 یە لە كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستان.
ئالان محەمەد جەزا