سازدانی: د.فەرەنگیس قادری2
1 - 2
پوختە:
لەم گفتوگۆیەدا عومەر شێخمووس (نووسەر، لێکۆڵەر و چالاکوان)، لەگەڵ فەرەنگیس قادری (نووسەر و لێکۆڵەر لە زانکۆی ئێکستەر)، باس لە ژیانی خۆی و بەشدارییەکانی لە چالاکییە سیاسی و ئەکادیمییەکانی کورددا دەکات، هەروەها قسە لەسەر ئەرشیفە گرانبەهاکەی دەکات کە ئێستا لە زانکۆی ئێکستەر دەپارێزرێت.
لە گفتوگۆکەدا باس لە ناوەڕۆک و چۆنێتی دروستبوونی ئەرشیفی شێخمووس و ئەو ئاڵەنگاریانە دەکات کە رووبەڕووی ئەرشیفکردنی بزووتنەوە رزگاریخوازییەکانی کوردستان دەبنەوە و چۆنیەتی پاراستنی کەرەستەکانی ئەو ئەرشیفە کوردییە و گرێدانی چالاکیی و پاراستنی ئەرشیفی دەخرێتەڕوو. هەروەها تیشک دەخاتە سەر کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد و چالاکییە خوێندکارییەکان لە ئەوروپا.
توێژەرانی کورد هەمیشە لە حەسرەتی ئەوەدان بەشیکی زۆر لە دەستنووس و بەڵگەنامە کوردییەکان، بەتایبەتی لە سەدەی بیستەمدا لەژێر کاریگەریی بارودۆخی زوڵم و ستەمی وڵاتانی تورکیا، ئێران، عیراق و سوریادا فەوتاون3. ئەدەبیات و گێڕانەوەی رووداوە مێژووییەکان و بیرەوەییەکانی چالاکوانانی کورد، پڕن لە چیرۆکی ونبوون و لەناوچوون و تێکدانی بەڵگەنامە و ئەرشیفە کوردییەکان4، بەڵام لە پاڵ ئەو گێڕانەوە دڵتەزێنانەی باس لە لەدەستدانی ئەرشیف و دەستنووسەکان دەکەن، چیرۆکی نەگوتراوی زۆریش هەن کە باس لە دۆزینەوە، کۆکردنەوە و پاراستنی بەڵگەنامە کوردییەکان دەکەن. لەڕاستیدا، لەم دەیەیانەی دواییدا، لە کوردستان و لە دیاسپۆرا، دەستپێشخەریی گرنگ بۆ کۆکردنەوەی ئەرشیف کراوە کە مژدەی سەردەمێکی نوێی دەدەن بۆ بەرهەمهێنانی زانیاریی کوردی و هاندانی شێوازی نوێی بیرکردنەوە سەبارەت بە کورد و کوردستان بە تیشکخستنە سەر لایەنە شاراوەکانی مێژوو، سیاسەت و کەلتوری کوردی.
لە نەبوونی ئەرشیفێکی نیشتمانی، ئەرشیف و کتێبخانەی کوردی لە کوردستان و دیاسپۆرا بنیاتنراون کە شەهادەتی خەون و پابەندبوونی کۆمەڵێک کەس دەدەن کە بە گومناوی پارێزگارییان لە مێژوو و بیرەوەریی و کەلتوری نەتەوەیەک کردووە. ئەگەرچی بەشێک لەم ناوەندە ئەرشیفییانە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە هاوکارییەکی کەم کراون، بەڵام زۆربەی ئەم هەوڵانە دەستپێشخەری و هەوڵی شەخسی و تاکەکەسین.
قوتابیانی کورد کە لە کۆتایی دەیەی 1940و 1950 هاتنە ئەوروپا، ژمارەیان زۆر نەبوو، بەڵام زۆر چالاک بوون لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و زانین سەبارەت بە خەباتی کورد، کەلتور و سیاسەتی کورد.
یەکێک لە گرنگترین ئەرشیفە شەخسییەکانی کوردی لە ئەوروپا، ئەرشیفی عومەر شێخمووسە کە لە زانکۆی ئێکسێتێردا بەژمارەی (EUL MS 403) پارێزراوە. ئەم ئەرشیفە بەرهەمی رەنجی تەمەنێکە لە چالاکیی سیاسی و ئەکادیمییەکانی شێخمووس. ئەرشیفی عومەر شێخمووس زیاتر لە 10 هەزار بەڵگەنامە لەخۆدەگرێ و روانگەیەکی تایبەتی وردی ناوخۆی چالاکیی سیاسیی کورد لە عیراق، سوریا و ئێران، لەوانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (PUK)، پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP)، پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران (KDPI)، حزبی شیوعیی عیراق، هەروەها ژمارەیەک گروپی بچووکتر، رێکخراوی خوێندکاران، یانەی نووسەرانی کورد و کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان دەخاتەڕوو.
د.فەرەنگیس قادری و د.عومەر شێخمووس لەبەردەم زانکۆی ئێکسێتێر
ئەو ئەرشیفە کە لە ماوەی پێنج دەیەدا کۆکراوەتەوە، بەڵگەنامەی دەگمەن و نامەگۆڕینەوەی تایبەت لەگەڵ کەسایەتییەکانی وەک جەلال تاڵەبانی، کەمال فوئاد، فوئاد مەعسوم، شیرکۆ بێکەس و کەسایەتییە سیاسی و کەلتورییە دیارەکانی دیکە لەخۆدەگرێت، هەروەها ئاڵوگۆڕی نامەی شێخمووس لەگەڵ زانایان و ئەکادیمیستەکانی جیهان، لەوانە مارتن ڤان بروینسن و زانای بەناوبانگی ئیتالی پرۆفیسۆر میرێلا گالێتی (1949-2012) و ئەمیر حەسەنپوور5 (1943-2017). شێخمووس لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2011 بە ویستی خۆی ئەرشیفەکەی بە زانکۆی ئێکسێتێر بەخشی.6 ئەم ئەرشیفە لە ئێستادا دیجیتالیزکراوە و لە سەرماڵپەری ئەرشیفی دیجیتاڵی کوردی لە بەردەستە و رۆژانە دۆکیومێنت و بەڵگەی تازە پێ زیاد دەکرێت.7
عومەر شێخموس نووسەر، توێژەر، چالاکوان و پێشکەشکارێکی پڕبەرهەمە کە بە درێژایی چل ساڵی رابردوو بەشدارییەکی گەورەی هەبووە لە بواری توێژینەوەی کوردی و هەروەها لەنزیکەوە بەشداریی لە چالاکییە سیاسییە کوردییەکاندا کردووە. ژمارەیەکی زۆر وتار و توێژینەوەی لەسەر مەسەلەی کورد، مافەکانی مرۆڤ، کۆچ و لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکان بڵاوکردووەتەوە.
مام جەلال و عیسمەت شەریف وانلی
شێخمووس لەساڵی 1942 لە شاری عاموودا لە رۆژاوای کوردستان لەدایکبووە. خوێندنی لەبواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، زانستی سیاسی و سیاسەتی نێودەوڵەتی لە زانکۆکانی لەندەن و ستۆکهۆڵم تەواوکردووە. لە شەستەکان تا هەشتاکانی سەدەی رابردوو، بەشداریی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورددا کردووە لە باشوور (عیراق) و رۆژهەڵات (ئێران) و سەرنووسەری چەند رۆژنامەیەک بووە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی.
لە ساڵانی خوێندنی زانکۆدا، ئەندامی لیژنەی جێبەجێکاری کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد بووە لە ئەوروپا(KSSE) و سەرنووسەری گۆڤاری ئینگلیزیی کۆمەڵەکە بوو بەناوی (کوردستان). ئەو یەکێک بوو لە چالاکوانەکانی نەوەی یەکەمی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا و زۆربەی چالاکییەکانی لەوێبووە، تا ئەوکاتەی لە ساڵی 1975 لەگەڵ جەلال تاڵەبانی و هاوڕێکانیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دامەرزاند.
شێخموس ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی بووە، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە بووە تا ساڵی 1986. بۆ چەندین ساڵ، لەگەڵ هاوسەرە سویدییەکەی، ئاگنێتا کلینگ، چوونەتە ناو ریزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کە بۆ مافی چارەی خۆنووسین لە دژی رژێمی سەدام حسێن شەڕیان دەکرد. ئاگنێتا یەکەم ژنی بیانی بوو کە چووە ناو هێزەکانی پێشمەرگە.
دوای تەواوکردنی خوێندن، شێخموس بوو بە مامۆستا و توێژەر لە بواری زانستی سیاسی و کۆچی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە نەتەوەییەکان لە زانکۆی ستۆکهۆڵم. وانەکانی ئایین، کۆمەڵگە و سیاسەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دەوتەوە. ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی زانکۆی (قوتابخانەی باڵا لە ترۆلهایتان و ئودێڤالا- HTU) بووە لە سوید، ئەندامی گروپی راوێژکاریی وەزارەتی پەروەردەی سوید بوو بۆ دامەزراندنی زانکۆ لە شاری ماڵمۆ و ئەندامی نووسەرانی سویدی (PEN) و ئەندامی دامەزرێنەری لیژنەی سویدی بووە بۆ مافی مرۆڤی کورد (SKKMR) لە ساڵانی 1989 بۆ 1995.
د.کەمال خۆشناو د. عومەر شێخموس مام جەلال د.فوئاد مەعسوم عادل موراد
لە ساڵی 2001دا، شێخموس وەک سەرنووسەری باڵا چووە بەشی کوردیی رادیۆی دەنگی ئەمریکا (VOA)و لە ساڵانی 2005 بۆ 2007 بوو بە بەڕێوەبەری بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا. لەناو دەیان پۆستی سیاسیدا دەتوانین ئاماژە بدەین بە راوێژکاری تایبەتیی جەلال تاڵەبانی لە ساڵانی 2007 بۆ 2012، کاتێک تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عیراق بوو و هەروەها راوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی سوریا بوو لە ساڵی 2012.
لە ساڵی 2018ەوە، خەریکی هەوڵی دیپلۆماسییە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتی بۆ ناکۆکی لە سوریا لەگەڵ گروپی راوێژکاریی سەربەخۆی سوریا و بۆ پەرەپێدانی چوارچێوەی دەستووری بۆ مافی زمان و کەلتوری گروپەکانی سوریا کە زمانیان عەرەبی نییە.
لە مانگی یەکی ساڵی 2024 لە سەردانێکی شێخمووسدا بۆ ئێکسێتێر، دەرفەتێکم بۆ رەخسا دیدارێکی لەگەڵدا سازبکەم و باسی چۆنێتی دروستبوونی ئەرشیفەکەی و ئاڵەنگارییەکانی ئەرشیفکردنی بزووتنەوەکانی بەرخۆدان و گرێدانی چالاکیی سیاسی و کۆکردنەوەی ئەرشیفی لەگەڵدا بکەم.
*کاک عومەر، تۆ ئەرشیفێکی تایبەت و سەرسوڕهێنەرت دروستکردووە کە کار و چالاکیی چەندین پارتی سیاسی،بزووتنەوەی چالاکوانانی کورد لە دیاسپۆرا کە وەک خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا (KSSE)و رێکخراوە کەلتوری و فەرهەنگییەکان لە کوردستان و دیاسپۆرا لە خۆدەگرێت. ئیلهام و پاڵنەرەکانت چیبوون بۆ پاراستنی ئەرشیفێکی وەها دەوڵەمەندی کەرەستە و بەڵگەنامە؟
-سەرەتا چیرۆکێکت بۆ دەگێڕمەوە کە چۆن ئارەزووی کۆکردنەوە و هەڵگرتنی زۆربەی ئەو کەرەستانەم لەلا دروستبوو کە لە پارتە سیاسی و بزووتنەوە جیاوازەکان لە کوردستان و لەناو ریزەکانی (KSSE) وەرمدەگرت. بەختەوەر بووم کە لە خێزانێکی دەوڵەمەندەوە هاتووم. لە ساڵی 1954 تا 1961 دایک و باوکم ناردیانمە قوتابخانەیەکی ئەمریکی لە حەلەب کە پێی دەوترا کۆلێژی حەلەب. کەمەندکێشی کتێبخانە دەوڵەمەندەکەی قوتابخانەکە بووم، لەگەڵ هاوڕێیەکم کە لە قوتابخانەکەدا بوو، بە کێبڕکێ بۆ خوێندنەوەی کتێبەکان، بەپێی ریزبەندیی ئەلفوبێی پاشناوی نووسەرەکان دەستمان کرد بە خوێندنەوەی کتێبە هەڵبژاردەکان. لە ماوەی شەش ساڵدا، توانیمان زۆربەی ئەو کتێبانە بخوێنینەوە کە مەبەستمان بوو. دواتر ئەو هاوڕێیەم بوو بە ئەندامی پارتی بەعس و سەرەنجام بوو بە بەڕێوەبەری تەلەفزیۆن و رادیۆی سوریا، لەکاتێکدا من تێکەڵی چالاکیی سیاسیی کورد بووم و بووم بە ئەندامی پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا کە سەرەنجامی زیندان و دواتریش ئاوارەیی و تاراوگە بوو.
ئەمەش بووە هۆی بناغەیەکی بەهێزی گەشەی پەروەردەیی و فیکری بۆ من، بۆیە لە ساڵی 1958 کە تەمەنم 16 ساڵ بوو، تاڕادەیەک لە هاوتەمەنەکانم خوێندەوارتر بووم. بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سوریا و حزبی شیوعی سوریا هەوڵیاندەدا گەنجان بهێننە ریزەکانی خۆیانەوە و چاویان لەسەرم بوو. خۆشبەختانە بڕیارمدا بچمە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان، نەک حزبی شیوعی سوریا. هەرچەندە دژی حزبی شیوعی نیم. کاتێک سەرکردایەتی حزب زانی کە من خوێندەوارم، لە هاوینی 1959و 1960 منیان نارد بۆئەوەی پەروەردە و راهێنان بە ئەندامانی نوێ بکەم. هەموو ئەمانە بۆئەوە باس دەکەم کە بڵێم هەر لە تەمەنی گەنجییەوە حەزی فیکریم هەبوو و هەمیشە حەزم لە خوێندنەوە و کڕینی کتێب و کۆکردنەوەی بابەت بوو. لە سوریا، ئەوە کارێکی زۆر ئاسان نەبوو، چونکە لەوکاتەدا هەموو شتێکی کوردی قەدەغە بوو. دەبوو کتێبە کوردییەکان بشارینەوە، چونکە مرۆڤ بەهۆی کتێبی کوردی یان لەسەر مەسەلەی کورد چەندین ساڵ دەخرایە زیندانەوە.
لە راستیدا، لە قوتابخانەی سەرەتایی لە شارەکەی خۆم عاموودا، بە کوردی قسە کردن قەدەغە بوو، نەک هەر لە پۆلدا، بەڵکو تەنانەت لە یاریگەکەشدا. مامۆستایان و بەڕێوەبەرەکەمان هەندێک خوێندکاریان دادەنا بۆ سیخوڕی لەسەر خوێندکارانی تر، ئەگەر کەسێک بە کوردی قسەی بکردبایە، تەنانەت لە حەوشەکەشدا، سزا دەدرا. زۆر شەرمهێنەر بوو بۆ منداڵان لەو تەمەنەدا بە یەک قاچ لەبەردەم تەختە رەشەکەدا بووەستێنرێت وەک سزای ئەوەی بە کوردی قسەی کردووە.
بەشێک لە کتێبەکانم لەناوچووەکان
*ئاماژەتان بە سەختیی هەڵگرتنی بابەتی کوردی لە سوریا کرد. لە چاوپێکەوتنەکانتان لەگەڵ نەوزاد عەلی، کە وەک کتێب بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەتان بەوە کردووە کە تەنانەت لە کۆتایی دەیەی 1960 ناچاربوون کتێبە کوردییەکان بشارنەوە و چاڵیان بۆ هەڵبکەنن، هەرچەندە دواتر توانیتان هەندێک لە کتێبەکان ببیننەوە، هەندێکی تری لەناوچوون.9
- لەساڵی 1960دا شەپۆلێک لە دەستگیرکردن دژی چەپەکان و چالاکوانانی کورد لەسوریا دەستیپێکرد و من یەکێکبووم لەوانەی کە لەوکاتەدا دەستگیرکرام، بۆیە ئێمە زۆر لە بابەتەکانمان لە ماڵەکەماندا شاردەوە، تا دژمان بەکاری نەهێنن. چەندین جار هەموو ئەو کتێبانەی کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەبوو، شاردمنەوە و دواتر نەمتوانی شوێنەکەی بدۆزمەوە، یان ماڵی نوێ لەو ناوچەیەدا دروستکرابوو، بۆیە کتێبەکان فەوتان.
کاتێک هاتمە ئەوروپا، ئەو ئازادییەم هەبوو کە بە ویستی خۆم توێژینەوە بکەم و بخوێنمەوە و سەبارەت بە کورد زانیاری کۆبکەمەوە و فێرببم. بەختەوەر بووم کە لە ساڵی 1962 رێم کەوتە زانکۆی کۆلێجی لەندەن (University College London)، بەتایبەتی ئەنستیتیوتی کاروباری جیهان لە لەندەن (London Institute of world Affairs)، لە بەریتانیا. سەرسام بووم بەو هەموو کتێبخانە سەرسوڕهێنەرانەی کە لە بەریتانیادا هەن، بۆیە کاتی زۆرم لە کتێبخانەی ماڵی سێنا (Senate House Library)، کتێبخانەی کۆلێژی زانکۆی لەندەن (University College London)، کتێبخانەی قوتابخانەی ئابووریی لەندەن (London School of Economics)، و تەنانەت کتێبخانە لۆکاڵییەکانی ناوچەی نۆتینگ هیل گەیت (Notting Hill) و کێنسینگتۆنی (Kensington) لەندەن بەسەردەبرد و سوودی زۆرم لێبینین و زۆر یارمەتیان دام.
لەبەرئەوەی ئێمە ئازادبووین، هەندێکجار لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکدا سەبارەت بە کورد و کوردستان زیادەڕۆییمان دەکرد، تەنانەت کاتێک لەگەڵ کچە هاوڕێکانمان دەچووینە دەرەوە، ئەوەندە باسی کوردستانمان دەکرد، بێزار دەبوون. بۆیە لە ئەوروپا هەستم بە ئازادی دەکرد و هەرچیم بویستایە لەبارەی کورد و کوردستانەوە دەمتوانی کۆی بکەمەوە. حەزکردنم بۆ گەڕان و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر کورد پەرەیسەند و تینوێتیم بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر و زیاتر بوو. دەکرێت فاکتەری شاراوەی سەرەکی کۆکردنەوەی بابەت و زانیاریی لەسەر کورد بگەڕێتەوە بۆ ئەوە.
تۆڕێکی پەیوەندیی کوردانی تاراوگه
*یەکێک لە تایبەتمەندییە بێهاوتاکانی ئەرشیفەکەتان جۆراوجۆریی ناوەڕۆکەکەیەتی سەبارەت بە کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستان و دیاسپۆرا، هەروەها چالاکییە سیاسی و کەلتورییەکان. چ هۆکارێک یارمەتیدەرتان بووە بۆ ئەم جۆراوجۆرییە؟ رێبازەکانتان چی بووە بۆ کۆکردنەوەی بابەت و بەڵگە ئەرشیفییەکان؟
-قوتابیانی کورد کە لە کۆتایی دەیەی 1940و 1950 هاتنە ئەوروپا، ژمارەیان زۆر نەبوو، بەڵام زۆر چالاک بوون لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و زانین سەبارەت بە خەباتی کورد، کەلتور و سیاسەتی کورد. لەو کەسانە دەتوانین ئاماژە بدەین بە د.نورەددین زازا، عیسمەت شەریف وانلی لە سویسرا، د.کامران بەدرخان و ئەحمەد قاسملو و عەبدولڕەحمان قاسملو لە پاریس، د.وریا رەواندزی لە ڤییەننا، عەبدوڵڵا قادر لە ئەڵمانیا، تەحسین محەمەد ئەمین هەورامی و سەڵاح سەعدوڵڵا، دارا تۆفیق، شەوکەت ئاکرەیی و سەعدی دزەیی لە بەریتانیا. زۆربەی ئەم کەسانە رۆڵی گرنگیان هەبوو لە دامەزراندنی دوو رێکخراوی قوتابیانی کورد. لە ساڵی 1949 لەلایەن نورەددین زازا و هەردوو برا قاسملووەوە بە هاوبەشی گۆڤارێکیان بەناوی «دەنگی کورد» بڵاوکردەوە. ئەم گۆڤارە بۆ ماوەی یەک ساڵ بەردەوامبوو. لە ئابی 1956دا کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا (KSSE) دامەزرا، ئەم کۆمەڵەیە لەلایەن 17 خوێندکاری کوردی هەموو بەشەکانی کوردستانەوە کە لە وڵاتە جیاوازەکانی خۆرئاوای ئەوروپا دەژیان لە ڤیسبادن (Wiesbaden) لە خۆرئاوای ئەڵمانیا دامەزرا. لە ساڵی 1961 کاتێک بزووتنەوەی چەکداری بۆ ئۆتۆنۆمی لە کوردستانی عیراق دەستیپێکرد، ئێمە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە خەباتی کوردان لە عیراق و سەرجەم بەشەکانی دیکەی کوردستان، کەم تا زۆر وەک پارێزەر، نوێنەر و دیپلۆماتکاری ئەوان کارمان دەکرد. ئەم بزووتنەوەیە بووە هۆی چالاکییەکانی دیکە و دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژنامەکان، میدیا، دیپلۆماتەکان، حزبە سیاسییەکان و رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان.
دابەشبوونی خوێندکاران و چالاکوانان لەدوای هەرەس
لە خۆرئاوای ئەوروپا ئێمە لە چالاکییەکانماندا ئازادیی زیاترمان لە خوێندکارانی کورد لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا هەبوو. ئەوان دەیانتوانی بۆنەی کەلتوری وەک نەورۆز رێکبخەن، بەڵام بۆ چالاکییە سیاسییەکان، وەک زۆربەی وڵاتە سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان، پێویستیان بە مۆڵەتی کۆمیتەی ناوەندی هەبوو. ئەم چالاکییانە لە بابەت و نامەکان، گۆڤارەکان، پۆستەرەکان و وێنەکانی ئەرشیفەکەمدا بەڕوونی رەنگیان داوەتەوە.
بەداخەوە دوای هەرەسی بزووتنەوەی چەکداری لە کوردستانی عیراق بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی، KSSE لە ساڵی 1975 لە بەرلین دابەشبوو. رێکخراوی دووەم کە لە KSSE جیابووەوە، کۆمەڵەی قوتابیانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات ( AKSA) بوو کە لەلایەن گروپێک لە قوتابیانی چەپەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە دامەزرا کە رەخنەیان لە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراق و بارزانی هەبوو و لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی تازە دامەزراو بە سەرکردایەتی جەلال تاڵەبانی نزیکتر بوون. ئەم دۆخە تا ناوەڕاستی دەیەی 1980بەردەوام بوو، پاش زیادبوونی ژمارەی کۆچەرانی کورد لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و رێکخراوەکانی سەربە حزب و کۆمەڵە کەلتورییەکان جێگەی رێکخراوە خوێندکارییەکانی گرتەوە.
پێشتر، لە ساڵی 1965، گروپێک لە قوتابیانی نەتەوەیی کورد لەژێر کاریگەریی فیکری د.جەمال نەبەزدا کە یەکێک بوو لە دامەرزێنەرانی کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کورد (کاژیک)، کە لە ساڵی 1959دامەزرا، لە KSSE جیابوونەوە و یەکێتیی نەتەوەیی قوتابیانی کورد لە ئەوروپا ( NUKSE) یان دامەزراند و تا ساڵی 1977بەردەوامبوو. کاژیک دواتر بوو بە حزبی سۆشیالیستی کورد (پاسۆک) کە لەلایەن ئازاد مستەفاوە سەرکردایەتی دەکرا و هەمان ئاراستە ئایدیۆلۆژییە پان کوردییەکانی کاژیکی هەبوو، بەڵام بە رەنگ و بۆنی سۆشیالیستی. ئەمە کاریگەریی لەسەر دەرکەوتنی رێکخراوێکی قوتابیی دڵسۆز هەبوو بەناوی رێکخراوی سۆشیالیستی قوتابیانی کورد لە ئەوروپا (SOKSE) لە جێگەی NUKSE . ئەم رێکخراوە لە 1980 تا 2005 بەردەوامبوو.
KNC شوێنی هەموویانی گرتەوە
زۆربەی ئەم رێکخراوە پان-کوردییانە و پەیوەندیدارەکانیان، کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (KNC) جێگەی گرتنەوە کە ساڵی 1985 لەلایەن جەواد مەلا-وە لە لەندەن دامەزرا و سەرکردایەتیی دەکرا.
ئەرشیڤەکەم بەنزیکەیی هەموو بەڵگەکانی KSSE لە بەریتانیا و بڵاوکراوەکانی سەرکردایەتییەکەی لە بەرلین و هەروەها هەندێکی دیکە لە لقەکانی ئەم رێکخراوەی لەخۆگرتووە. هەمان شت دەتوانرێت سەبارەت بە بەڵگەکانی AKSA بوترێت.
هەندێک لە بەڵگەکانی NUKSE و SOKSE لە ئەرشیفەکەمدا دەدۆزرێنەوە (ئەوانەی بۆ من نێردراون). بەڵام، بابەتەکانم کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی بەشداریکردنم لە بزووتنەوەی چەکداری لەنێوان ساڵانی 1978 تا نیوەی دووەمی 1981. من لەوکاتەی لە چیاکانی کوردستانی عیراق بووم، بابەتی زۆرم کۆکردەوە، بەڵام بابەتەکانم لەساڵی 1982 لەلایەن ئێرانەوە لە نووسینگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تاران دەستی بەسەرداگیرا. من بۆ پاراستنیان لە فەوتان، ئەوانەم لەوێ بەجێهێشتبوو، تا لەکاتی گونجاودا بینێرمە ئەوروپا.
ئەرشیفەکەم بەکوردانی پارچەکانی تری ئاشناکردم
لایەنێکی دیکە کە کاریگەریی لەسەر ئەرشیفەکەم هەبوو و زۆر گرنگ بوو، ئەوەبوو کە من بۆ یەکەمجار لە ئەوروپا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستاندا ئاشنا بووم، کەم تا زۆر تاکە کوردی سوریایی بووم کە لەوکاتەدا لە بەریتانیا دەژیام. زۆربەیان خەڵکی کوردستانی عیراق بوون و کەمینەیەکیش لە ئێران و تورکیا بوون. لەوێ کاتێک یەکترمان بینی، دەرفەتێکی زۆرمان هەبوو. بەهۆی ئەوەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گرفتی بەرچاومان هەبوو لە پەیوەندیی نێوان کوردانی بەشە جیاوازەکاندا؛ سنوورەکان توندبوون و پەیوەندی لەگەڵ کوردانی دیکەدا رێگەێپێدراو نەبوو، بەڵام لە ئەوروپا، ئێمە چووین و گفتوگۆمان کرد و تێگەیشتین کە ئەزموونی مێژوویی هاوبەشی زۆرمان هەیە و زمانەکەمان سەرەڕای شێوە زارە جیاوازەکان بەتەواوەتی لە یەکتری نزیکە. بینینی کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بۆ ئێمە زۆر مایەی جۆش و خرۆش بوو. ئێمە تێگەیشتین کە دۆزی هاوشێوەمان هەیە، بۆیە نەک تەنها یارمەتیی بزووتنەوەکەی کوردستانی عیراقمان دا، بەڵکو کاتێک هەندێک لە کوردان لە ساڵانی 1959و 1963 لە تورکیا زیندانی کران، من لە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) کە تازە دامەزرابوو، زۆر چالاکانە بەرگریکرم لە مافەکانیان کرد. بەهەمان شێوە بۆ کوردستانی ئێران لە ساڵی 1959و دواتر10.
ئەوەی بۆ ئێمە گرنگ بوو و ورەی زۆری پێدەداین، خەڵک، میدیا و ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسانی باش بوون کە زۆر گرنگیان بە پرسی کورد و هەروەها فەلەستینییەکان و پرسەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە تورکیا، ئێران، عیراق و سوریا دەدا. ئێمە وەڵامی ئەرێنی و پشتیوانیی زۆرمان بۆ ئەو کارانە وەردەگرتەوە کە دەمانکرد. جگە لە رێکخراوەکانی وەک لێبوردنی نێودەوڵەتی و رۆژنامەنووسان، رێکخراوە ناحکومی و مرۆڤدۆستەکانی وەک ئۆکسفام (Oxfam)، منداڵبپارێز (Save the Children)، کڵێساکان و رێکخراوە مرۆڤدۆستەکانی دیکەی وەک خاچی سوور (Red Cross) هەبوون کە لە یارمەتیدان و کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ پەنابەران و خێزانە کوردەکاندا زۆر چالاک بوون.
کۆکردنەوەی کۆمەکی دارایی بۆ زیندانیانی بیروڕا
لەڕاستیدا چەندینجار من لە سندووقی لێبووردنی نێودەوڵەتی یارمەتیی کاشم بۆ زیندانیانی بیروڕای کورد لە عیراق و سوریا و هەروەها لە ئێران و تورکیا وەردەگرت.
هەموو ئەم هۆکارانە، لەگەڵ حەزی شەخسی خۆم و ئەو ژینگە ئەرێنیەی تێیدا دەژیاین، لە دامەزراندن و دروستکردنی ئەرشیفەکەمدا، رۆڵیان هەبوو. فرەچەشنی بابەتەکان بەو هۆیەوە بوو کە من نەک تەنها هۆگری بزووتنەوەی کوردایەتی لە بەشەکەی خۆم بووم، بەڵکو بۆ هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان وابووم. بەهۆی پەیوەندییەکانم لەگەڵ هەموو حزبە کوردییەکانی بەشەکانی کوردستاندا و هەروەها پەیوەندیم لەگەڵ هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر لە سورییەکان و تورکەکانەوە بگرە تا ئێرانییەکان و عیراقییەکان، ئەوان بابەتەکانی خۆیانیان بۆ دەناردم. هەروەها لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە ئێمە باوەڕمان بە چارەنووسێکی هاوبەش هەبوو، باوەڕمان بە هەموو ئەوانە هەبوو کە پەیوەندییان بە هێزە پێشکەوتوو و دیموکراتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەبوو، بۆیە ئێمە هاوکاریی و هاوئاهەنگیی زۆرمان لەگەڵ حزبە سیاسییە دیموکرات و پێشکەوتنخوازەکاندا هەبوو لە سوریا، عیراق، تورکیا و ئێران. ئێمە گروپێکی نەتەوەیی بیر تەسک نەبووین، بەڵکو بە تەواوەتی کراوە بووین و هاوکاریمان لەگەڵ یەکتریدا دەکرد و بەو هۆیەوەیە بوو بابەتی پەیوەندیدار بە بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکان لە سوریا، عیراق، تورکیا و ئێرانم کۆدەکردەوە، کە دەتوانن لەئەرشیفەکەمدا بیبینن.
پەراوێزەکان:
1-ئەم چاوپێکەوتنە یەکەم جار بە ئینگلیزی لە گۆڤاری لێکۆڵینەوەکانی کوردی، ژمارەی (1)2 لە ساڵی 2024 بڵاوبووەتەوە.
بنواڕە https://brill.com/view/journals/ksj/2/1/article-p91_5.xml?ebody=abstract%2Fexcerpt
2-فەرەنگیس قادری وەریگێڕاوە بۆ کوردی.
پەیمانگای خوێندنی عەرەبی و ئیسلامی، زانکۆی ئێکسێتێر، ئێکسێتێر، بریتانیا
3-حەسەنپوور، فاکتەری زمان، ل. 66
4- قادری، مێژووی شیعری کوردی، لاپەڕە. 707-728.
5- ئەرشیفی حەسەنپوور لە زانکۆی تۆرنتۆی کەنەدا پارێزراوە. بنواڕە https://discoverarchives.library.utoronto.ca/index.php/amir-hassanpour-fonds
6-بۆ گەڕان لە ناو ناوەڕۆکی ئەرشیفی شێخمووس بنواڕە
https://lib-archives.ex.ac.uk/Record.aspx?src=CalmView.Catalog&id=EUL+MS+403&pos=2
7-ماڵپەڕی ئەرشیفی دیجیتاڵی کوردی https://dame.exeter.ac.uk/en/home/
8- بنواڕە نەوزاد عەلی، ئەگنێتا کلینگ.
9-نەوزاد عەلی، پێشکۆیەک لە خۆڵەمێش، ل. 23.
10- ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە لەندەن لە مانگی ئایاری 1961 دامەزرا.