ئەلفای ئەدەبی منداڵان

ئەدەبی منداڵانی خاوەنپێداویستی تایبەت

10:30 - 2025-06-12
ئەدەب و هونەر
140 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان

 

لە دنیای هەمەچەشنی ئەمڕۆماندا، ئەدەبی منداڵانی خاوەنپێداویستی تایبەت رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت بۆ پاڵپشتیکردن و لێکتێگەیشتن و هاوسۆزیی و گشتگیریی بۆ ئەو منداڵانەی خاوەنپێداویستی تایبەتن.
لەگەڵ زیادبوونی هۆشیاریی کۆمەڵگە بە گشتی دەربارەی گرفتەکانیان و ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەی کە لە دنیادا دێنەئاراوە،  ناتوانین چیدی بێئاگابین کە بایەخی بوون و نوێنەرایەتی ئەم منداڵانە لە ئەدەبی منداڵاندا چەند گرنگن.
ئەدەبی گشتگیر بەو واتایەی ئەدەب بۆ هەموو منداڵێک بێت، دەکرێت چەند تایبەتمەندییەک لە خۆ بگرێت، گرنگە نووسەران شارەزایی راستەوخۆ و تەواویان هەبێت بۆگرفتەکانی خاوەنپێدوایستیی تایبەت، بەجۆرێک لە چیرۆکەکانیاندا وێنایەکی ورد و رێزلێگیراو دەستەبەر بکەن بۆ کەسایەتی منداڵانی خاوەنپێداویستی تایبەت. 
ئەدەبی گشتگیر چەندین جۆر لەگرفت لە خۆ دەگرێت، لە گرفتی جەستەییەوە تا دەگاتە گرفتی دەماریی، ئەمەش پێویست بە ئەزموونێکی فراوان دەکات بۆ کارکردن لەو بوارەدا. لە هەمانکاتدا کار لەسەر هاوسۆزیی و قبوڵکردن بکرێت، زۆر جار وادەخوازێت چیرۆکەکان بابەتەکانی هاوسۆزیی و نەرمی نواندن و لێکتێگەیشتن بورووژێنن کە کاریگەری لەسەر تێڕوانینی ئەوانی تر هەبێت بۆ گرفتەکانیان. کتێبەکان بە جۆرێکبن توانای دەستپێڕاگەیشتنیان هەبێت لە لایەن خاوەنپێداویستی تایبەتەوە، بۆ نمونە زمانی ئاسان وێنەی روون و ئاشکرا و شێوازی رێکخستنی بابەتەکان بەجۆرێک بێت بگونجێت لەگەڵ تێگەیشتنی ئەو خاوەنپێداویستیانەی بۆیان ئاڕاستەکراوە، لە نێو ئەوانەشدا گرنگی بدرێت بە کتێبی دەنگیی و شێوازی نووسینی(برایل)، بۆ نابینایان و نووسین بەزمانی ئاماژە بۆ نابیستان.
بەدیهێنانی نوێنەرایەتی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ئەدەبی منداڵاندا چەندین ئامانجی کارا بەدیدەهێنێت، بۆ نمونە: خۆبینینەوەیان لە نێو چیرۆکەکاندا وایان لێدەکات بڕوایان بە ئەزموون و تواناکانی خۆیان هەبێت و هەست بە ئینتیمایان بۆ دەورووبەر و ژیان، زیاتر هەبێت. لە لایەکی تریشەوە کۆمەڵگە و دەورووبەریان هۆشیار بکاتەوە لەوەی زیاتر تێگەیشتنیان بۆ ئاڵەنگاریی و لەهەمانکاتدا سەرکەوتنەکانیان هەبێت و ئەو تێڕوانینە کۆنەباوانە لە بیرکرندەوەی تاکەکاندا بسڕنەوە، کە پێشتر پێیان وابووە منداڵانی خاوەنپێداویستی تایبەت بێتوانانن.
ئەدەبی منداڵان دەتوانێت منداڵانی خاوەنپێداویستی تایبەت توانادار بکات و ئاشنایان بکات بەو کەرەستە و پێویستییانەی بە هۆیانەوە دەتوانن لە شوناسی خۆیان تێبگەن و بەرگری لە خۆیان بکەن، زۆرجار کارەکتەرە خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان خۆڕاگری و داهێنان نیشان دەدەن، ئەمەش ئیلهامبەخش دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی خۆیان و وایان لێدەکات جیهان لە روانگەیەکی نوێوە ببینن.
لەگەڵ پەرەسەندنی هۆشیاریی دەربارەی تێروانینی هەمەچەشنی و گشتگیریی لە بوارەکانی ژیاندا، خواستی ئەدەبی منداڵانیش بۆ بەشداریی پێ کردنی خاوەنپێداویستی تایبەت زیاتر دەبێت. بێگومان پەروەردەکاران و دایک و باوکانیش زیاتر بەدوای کتێبێکدا دەگەڕێن کە نەک تەنها کات بەسەربردن بێت، بەڵکو پەروەردەیی و ئیلهامبەخش و هاندەریش بێت بۆ گەشەپێدان و سەرکەوتنی منداڵەکانیان، بە ئامێزگرتن و پێشخستنی ئەو ئەدەبیاتە کە رەنگدانەوەی فرەچەشنی هەموو منداڵانە، هەنگاوێکی چارەنووسساز دەنێین بەرەو داهاتوویەک کە چیرۆکی هەموو منداڵێک بەهای هەبێت و ببیسترێت و ببینرێت، ئەمەش بە هۆشیارییەکی هەمەلایەنەی نووسەر و ناوەندە چاپەمەنییەکان و خوێنەران و خێزانەکان دەکرێت.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان