ئا: گەلاوێژ رەزا
جەمال ساڵح محەمەد
جەمال ساڵح محەمەد ساڵی 1951 لە قەزای چەمچەماڵ سەر بە پارێزگای سلێمانی لەدایک بووە، هەر لە چەمچەماڵ چۆتە بەر خوێندن، لەسەر دەستی رەحیمی برای فێری پیشەی وێنەگرتن بووە، کە لە بەشی وێنەگرتن لە هێزی ئاسمانی عیراقی کاری کردووە.
بەهۆی باری سیاسیی خێزانەکەیەوە ساڵی 1960 چوونەتە کەرکوك، دوای چوار ساڵ چونەتە بەغدا و لەوێ خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی تەواو کردووە، هەر لە بەغدا رەحیمی برای لە ناوچەی بەتاوین لە گۆرەپانی تەیران بەرامبەر هێزی ئاسمانی عیراقی ستۆدیۆیەکی بەناوی ستۆدیۆ حەیات بۆ داناوە. ئەو کات خوێندکار بووە، لەدوای گەڕانەوەی لە خوێندنگە ستۆدیۆکەی بەڕێوە بردووە و کاری وێنە گرتنی تێدا کردووە.
بەشداریی شۆرشی ئەیلوولی کردووە، دوای گەڕانەوەی لەلایەن حکومەتی عیراقەوە نەفی کراوە بۆ پارێزگای رومادی لە قەزای هیت، تا ساڵی 1979 جارێکی تر گەڕایەوە بۆ کوردستان و لە سلێمانی نیشتەجێ بووە.
هەر لەو ساڵەدا لە شەقامی پیرەمێرد لە تەنیشت باتا ستۆدیۆیەکی بە ناوی فۆتۆ هەڵۆ داناوە. ئەو ناوەی لە خۆشەویستی بۆ هەڵۆی سوور لە ستۆدیۆکەی ناوە، چەند جارێکیش لەسەر ئەم ناوە لەلایەن دام و دەزگاکانی رژێمی بەعسەوە لێپێچینەوەی لێکراوە.
زیاتر لە 52 ساڵە لەم بوارەدا کار دەکات، لەو ماوەیەدا وێنەی زۆربەی کەسایەتی و خەڵکی ناودار و شەقام و کوچە و کۆڵان و شوێنەگشتییەکانی شاری سلێمانی گرتووە.
مامۆستا ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی لە وێنەی کۆن و نوێی شاری سلێمانی و سەرانسەری کوردستان هەیە و لای خۆی پاراستوویەتی
هەر چوار کوڕەکەی لە ستۆدیۆکەیدا کاریان لەگەڵ کردووە، بە باشترین شێواز فێری پیشەکەی کردوون. خۆیشی چەند خولێکی جیهانی لە بواری وێنەگریدا بینیوە.
لە راپەڕینی ساڵی 1991 وێنەی هەموو رووداو و شەر و خۆشی و ناخۆشییەکانی سلێمانی و چەمچەماڵ و کەرکوك و خانەقینی گرتووە، وێنەی کارەساتی کۆڕەوی خەڵکی کوردستانی گرتووە، چەندینجار لە ئەمنە سوورەکەی سلێمانی پێشانگای تایبەت بە راپەرین و کۆڕەوی کردۆتەوە، چەندین پێشانگای وێنەیی لە شاری سلێمانی و دەوروبەری کردۆتەوە.
تا ئێستا 1000 بۆ 1500 کەسی فێری وێنەگرتن کردووە. وانەی فۆتۆی لە زانکۆی ئەمریکی وتۆتەوە. هەروەها چەندین خولی فێربوونی وێنەگرتنی لە سلێمانی و قەزا و ناحیەکان کردۆتەوە. یەکێکە لە دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان لقی سلێمانی، ئێستاش سەرۆکی کۆمەڵەکەیە.
جەمال ساڵح محەمەد وێنەگرێکی شارەزا و بە ئەزموون و کەسایەتییەکی خۆشەویستی ئەم شارەیە، سوپاس بۆ خوا تا ئێستاش بە تەندروستییەکی باشەوە بەردەوامە لە کارەکەی لەهەمان ستۆدیۆ و بە هەمان ناوەوە لەشەقامی پیرەمێرد.
مامۆستا ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی لە وێنەی کۆن و نوێی شاری سلێمانی و سەرانسەری کوردستان هەیە و لای خۆی پاراستوویەتی.