رفعەت عەبدوڵا: سلێمانی و یەکێتی دووانەیەکی گرێدراوو دانەبڕاون و وەک بیلبیلەی چاومان دەیپارێزین

06:51 - 2025-05-13
کوردستان
38 جار خوێندراوەتەوە

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی یەکێتی

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەبارەگای مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) لەسلێمانی، هەڤاڵ (رفعەت عەبدوڵا) جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ هەڤاڵ (زیاد جەبار) لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی و هەڤاڵانی ئەنجومەنی مەڵبەندو لێپرسراوی کۆمیتەکان کۆبوەوە.
لەسەرەتای کۆبونەوەکە جێگری سەرۆکی یەکێتی ستایشی کار و چالاکییەکانی مەڵبەندی سلێمانی کرد و رۆڵی هەڤاڵانی مەڵبەندی لەجۆشدانەوەی رێکخستنەکان و خەباتی جەماوەری و پەیوەندی لەگەڵ هاووڵاتیاندا بەرز نرخاند.
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا بایەخی مەڵبەندی سلێمانی و سەرجەم مەڵبەندەکانی بەگرنگییەوە باسکرد و وتی:"مەڵبەندی سلێمانی رووی گەشی پەیوەندی یەکێتییە لەگەڵ شارە حەیاتەکەو پێویستە هەمیشە دەرگای مەڵبەند کراوەبێت بەڕووی سلێمانی و خەڵکەکەیدا".
پاشان گفتوگۆی هەڤاڵانە کرا سەبارەت بە بەرنامەی رێکخستنەوەی ئۆرگانە جیاوازەکانی یەکێتی و نوێبونەوەی حزب و گونجان لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆدا بەخۆڕێکخستنەوەو پێویستی گۆڕانکارییە ئۆرگانییەکان لە چوارچێوەی راپەڕاندی ئەرکە پەیڕەوییەکان لە ئێستاو داهاتوودا.
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا ئاما‌ژەی بەگرنگی و بایەخ و پێگەی سلێمانیدا لە روانگەو سیاسەتی یەکێتیدا کە مەڵبەندی کوردایەتی و پایتەختی رۆشنبیرییە لەتەواوی کوردستانداو لەوبارەیەوە وتی: "سلێمانی و یەکێتی دووانەیەکی گرێدراو و دانەبڕاون و وەک بیلبیلەی چاومان دەیپارێزین و ئەرکمانە خزمەتی زیاتری بکەین".
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد یەکێتی هەمیشە لەگەڵ گۆڕاو و پێدراوە نوێێەکانی سەردەمدا خۆی گونجاندوەو لەم رووەوە پێویستی ئەرکەکانی قۆناغی ئەمڕۆی بۆ هەڤاڵانی مەڵبەندی سلێمانی روونکردەوە کە مەڵبەندەکان تەنها مەڵبەندی رێکخستن نابن و بەشێوازی کلاسیک کاری حزبی و رێکخستن ناکەن، هەڤاڵ رفعەت وتی، "مەڵبەندەکان پانتایی هەموو جۆرەکانی خەبات دەبن و زیاتر ببنە رایەڵە لە نێوان یەکێتی و جەماوەردا" لەوبارەیەوە هەڤاڵانی راسپارد وەک هەمیشە لەناو جەماوەردابن و نەخشەڕێ و سیاسەتی یەکێتی روونبکەنەوەو بگەیەنرێتە هەموو خەڵکی سنوری مەڵبەندەکان.
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، یەکێتی وەک حزب و بەپێگەی گەورە و کاریگەری لە حکومەتیش ئەرکیەتی بەخزمەتگوزاری و پرۆژەی گرنگ سلێمانی و گشت کوردستان خەڵات بکات. 
وتیشی: "سلێمانی چاوەڕوانی زیاتری لێمان هەیەو نازی بەسەر یەکێتیەوە هەیە بۆیە دەبێت وەک هەمیشە مەڵبەندی سلێمانی، هێڵی گەرمی پەیوەندی سلێمانی و یەکێتی بێت".
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا سەبارەت بەئامادەکارییەکان و خۆئامادەکردنی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد لەمڕۆوە ئەرکی هەموو هەڤاڵانە بەمۆدێلی یەکێتیانەو بەگوڕوتینەوە رێکخستنەکان جۆش بدەنەوەو وتی: "لەناو جەماوەریشدا سەرخستنی لیستەکەی یەکێتی ئامانجی هەموان بێت".
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی هیوای خواست مەڵبەندی سلێمانی لەجاران زیاتر پەرۆشی سلێمانی و خەڵکە تێکۆشەرەکەی و  خەمخۆری شاربن. وتیشی:"خۆتان بەخزمەتکاری سلێمانی بزانن و وەک هەمیشە دەرگاتان کراوەبێت بۆ هەمووان بێ جیاوازی".

بابەتە پەیوەندیدارەکان