بەڵێن عەبدوڵڵا: پێويستە پێداچوونەوەیەکی گشتیی و بنەڕەتی بە شێوازی حوکمڕانیدا بکرێت

10:18 - 2025-05-08
دیدار
146 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی : ئەردەڵان عەبدوڵڵا


لەمیانەی  گرنگیدان بە تێڕوانینی حزب و لایەنە  سیاسییەکانی هەرێـمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە بەگشتی بەگشتی، ئەم دیدارەمان لەگەڵ بەڵێن عەبدوڵڵا سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان سازکرد،  تا لە نزیکەوە دید و تێڕوانینیان لەوبارەیەوە بزانین، لەو رووەشەوە بەڵێن عەبدوڵڵا وێڕای خستنەڕووی تێڕوانینی خۆی و حزبەکەیان، سەرنجی خۆی سەبارەت بەو دەرەنجامانە خستەڕوو کە لە دوا هەڵبژاردندا بەدەستیانهێناوە و پێیوابوو ئەو ئەنجامانە لەگەڵ مێژووی خەبات و تێکۆشانی حزبەکەیاندا نایەتەوە. یەکێک لە هۆکارەکانیشی گەڕاندەوە بۆئەوەی هەرگیز دەرفەتی یەکسان نەڕەخساوە بۆ لایەنە سیاسییەکان و جگەلەوەش شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نەبووە. 

*با لە دوایین هەڵبژاردنەوە دەستپێبکەین، ئایا ئێوە رازیبوون لە دەرەنجامەکان، بۆچی رێژەیەکی کەم دەنگتان هێنا؟
-ئەو دەرەنجامەی لە هەڵبژاردن بە دەستمان ھێنا، هەرگیز لەگەڵ رۆڵی مێژوویی و خەبات و تێکۆشان و قوربانی و فیداکارییەکانی حزبی زەحمەتکێشان نایەتەوە، دیارە ھۆکاری ئەم پاشەکشەیە زۆرن، بەڵام لە دوو خاڵدا کۆیان دەکەینەوە، یەکەمیان: هەرگیز دەرفەتی یەکسان نەڕەخساوە بۆ لایەنە سیاسییەکان، بە تایبەتیش لە بواری (ماددی و راگەیاندن)، دووەمیان: بۆ فاکتەری زاتیمان دەگەڕێتەوە کە ئێمە لە لای خۆمانەوە خوێندنەوەی دروستمان بۆ واقیعە سیاسییەکە نەبوو و گرفتیش لە شێوازی کارکردنماندا هەبووە.

*بۆچوونی ئێوە بۆ کێشە زۆرەکانی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان چییە؟ بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە مووچەی فەرمانبەران و بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و بێکاری و کێشەکانی ترەوە هەیە؟
پرسیارێکی زۆر فراوان و هەمەلایەنەیە، دەمەوێ ھۆکاری ئەو کێشە و گرفت و قەیرانانەی هەیە کورت بکەمەوە لەم ھۆکارانەی خوارەوە:-
فەلسەی حوکمڕانی لە کوردستان هەر لەسەرەتای یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دامەراندنی یەکەمین کابینەوە تا ئێستا لە بوارەکانی (ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، سەربازی) سەرکەوتوو نەبووە، بە بەڵگەی ئەوەی تائێستا یەک حکومەت و دوو ئیدارەیی بەردەوامە کە ئاماژە دەکرێت بە زۆنی زەرد و سەوز، تائێستا بە یەک پاکێج و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوودا بە یەکگوتار و بە پشتبەستن بە دەستوور مامەڵە لەگەڵ بەغدا ناکرێت و ئەو لێکترازانەش دەرەفەتی بۆ لایەنە نەیارەکانی کوردستان لە عیراق دروستکردووە، بە ئاسانی پلان و نەخشەی خۆیان بەرامبەر کوردستان جێبەجێ بکەن، هەروەھا سەبارەت بە داھاتی سنوورەکان و ناوخۆ  شەفافیەت نییە، لەزۆر بواردا قۆرخکاری بۆ بەرژەوەندیی حزبی هەیە، دەرفەتی یەکسان لە بوارەکانی بازرگانی، دامەزراندن، دەرفەتی کار لە کۆمپانیاکان نەڕەخساوە.
ئەمە و زۆر بابەتی دیکە کە تێکڕا بەرهەمی ئەو شێوازی حوکمڕانییەیە، بەڕای ئێمە پێویستە پێداچوونەوەیەکی گشتی و بنەڕەتی بە شێوازی حوکمڕانیدا بکرێت، بەتایبەتیش ئێستا دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی حکومەت، پێویستە حکومەتی داھاتوو خاوەن بڕیار بێت و چارەسەری بنەڕەتی ئەو کێشانە بکاتە کاری لە پێشینەی خۆی. نابێت چیتر لە بازنەی بەتاڵدا بخولێینەوە و ئەو کێشە و قەیرانانە چارەسەر نەکرێن.

*قسەو باسی زۆر لە بارەی بەستنی کۆنگرەی حزبەکەتانەوە دەکرێت، ئایا ئێوە ئەمساڵ کۆنگرە دەبەستن، روونتریش بڵێین، ئامادەن دووبارە خۆتان وەکو سکرتێری حزبەکە هەڵبژێرنەوە؟
-بەڵێ ئەمساڵ دوانزەیەمین کۆنگرە دەبەستین، سەبارەت بە خۆکاندیدکردنەوەشم، ئەوا لەکاتی خۆیدا بڕیاری لێدەدەم.

*پەیوەندیتان لەگەڵ یەکێتیدا چۆنە؟ ئێوە هەمیشە لە (ی.ن.ک)ەوە نزیک بوون، دەکرێت لە داهاتوودا بۆ هەڵبژاردن بچنە هاوپەیمانێتییەوە لەگەڵیاندا؟
-لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا پەیوەندییەکی دۆستانەمان هەیە، ئێمە دەستپێشخەریی هیچ لایەنێکی سیاسی بۆ هاوپەیمانی رەتناکەینەوە، بە تەئکید هاوپەیمانی کۆمەڵێک بنەمای خۆی هەیە.

*هەڵوێستتان بەرامبەر پرۆسەی ئاشتی  لە تورکیا و باکووری کوردستان چۆنە؟
-تاکە چارەسەر بۆ کێشەی کوردستان بە گشتی و لە باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا، گرتنەبەری چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراتانەیە، دەبێت ئەو وڵاتانە دوای دەیان ساڵ لە گرتنەبەری رێگەی شەڕ و زەبر و زەنگ و نکووڵیکردن،  بگەنە ئەو راستییەی، کە ئەو سیاسەتە جگە لە زیان و ماڵوێرانی و ناسەقامگیری، ئەنجامێکی تری نابێت.
ئێمە لە حزبی زەحمەتکێشان سەرەڕای پشتگیریی بەردەواممان لە دۆزی رەوای گەلەکەمان لە پارچەکانی تر، هەردەم جەختمان لە چارەسەری ئاشتییانە کردۆتەوە. دواجار عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامی چارەسەری ئاشتییانەی راگەیاند و لەمبارەیەوە گفتۆگۆ دەستیپێکردووە. ئێمە پشتگیریی تەواوی خۆمان بۆ پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەربڕیووە.

 

لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندییەکی دۆستانەمان هەیە و دەستپێشخەریی هیچ لایەنێکی سیاسی بۆ هاوپەیمانی رەت ناکەینەوە

*هەڵوێستتان بەرامبەر بە رۆژئاوای کوردستان و سوریا چۆنە؟
-دوای رووخانی رژێمی ئەسەد هەلومەرجێکی نوێ هاتۆتە پێشەوە لەو بەشەی کوردستان، ئەوانەی دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست لە سوریا جێگەی متمانە نین، چونکە هەنگاوەکانیان لە راگەیاندنی دەستووری کاتی و پێکهێنانی حکومەتی راگوزەردا، هێز و لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان و پێکهاتەکانی تری سوریایان فەرامۆش کرد و بەشدارییان پێنەکردن، کە ئەمە سەرەتایەکی دڵنیاکەر نییە.
دیارە رۆژئاوای کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان سەرکەوتوو بوون لە پاراستنی بەشێکی زۆری سوریادا، لە چەند رۆژی رابردووشدا بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوا کۆنفراسێکی سەرکەوتوو بەڕیوەچوو. بەرنامەیەکی هەمەلایەنەیان راگەیاند و بڕیاریاندا پێکەوە لەگەڵ دەسەڵاتی سوریادا بکەونە گفتوگۆوە. بە بۆچوونی ئێمە هەنگاوێکی زۆر گرنگ و پێویست بوو.
ئێمە لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پشتگیریی بەردەوامی خۆمان بۆ خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان لە رۆژئاوا راگەیاندووە.
*ئەو هاوپەیمانێتییەی لەگەڵ حزبی شیوعی کوردستان و سۆشیالیست پێکتان هێنابوو، ئایا تەنیا بۆ هەڵبژاردن بوو یان دواتریش بەردەوام دەبێت؟
-ئەو هاوپەیمانێتییە تەنها بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، هیچ پابەندبوونێکی بۆ هەرسێ لامان تێدا نییە، کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا چ لەسەر ئاستی عیراق و یاخود کوردستان، ئەو هاوپەیمانییە بەردەوام دەبێت و زەمینەکی باشی دروست کردووە بۆ هەر بابەتێکی سیاسی یاخود هەر پێشهاتێک یان هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، لەنێوان هەرسێ لاماندا گفتوگۆی لەسەر بکەین.

فەلسەی حوکمڕانی لە کوردستان هەر لەسەرەتای یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دامەزراندنی یەکەمین کابینە تا ئێستا لە بوارەکانی (ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، سەربازی) سەرکەوتوو نەبووە

*لە ماوەی پێشوودا کۆڕبەندێک لە بارەی حزب و گروپ و لایەنە چەپەکانی کوردستانەوە لە هەولێر سازکرا، ئێوەش تێیدا بەشداربوون، ئایا دەکرێت چەپەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرەیەکی فراواندا  کۆبکرێنەوە؟
-ئێمە سێ لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان  چوارچێوەیەکمان هەیە بەناوی لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان، کە پێکهاتوون لە حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بزووتنەوەی دیموکراتیی گەلی کوردستان، هەروەها لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستانیش کۆڕبەندی چەپی کوردستانمان  پێکهێناوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان