د.لەتیف رەشید سەرۆکایەتی لوتکەی عەرەبی دەکات

12:55 - 2025-05-17
عیراق
38 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆمار سەرۆکایەتی لوتکەی عەرەبی دەکات و جەختدەکاتەوە کە ئامانجی باڵای بەڕێوەچوونی لوتکەکە یەکخستنی هەڵوێستەکانمانە لە ئاست ئاڵنگارییە پەرەسەندووەکان و باوەڕبوون بە گرنگی کاری هاوبەش.
ئەمڕۆ د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق سەرۆکایەتی دەستپێکی دانیشتنەکانی لوتکەی عەرەبی لەخولی (٣٤) دانیشتنی خۆیدا کرد، کە لە کۆشکی حکومەت لە بەغدا دەستی بەکارەکانی کرد، دوای ئەوەی عیراق پۆستی سەرۆکایەتیی لەشانشینی بەحرەین وەرگرت.
سەرۆک کۆمار لەدانیشتنی دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا وتەی عیراقی پێشکەشکرد، تیایدا جەختیکردەوە کە لوتکەی بەغدا لە هەلومەرجێکی ئاڵۆز و ئاڵنگارییەکی مەترسیداردا بەڕێوەدەچێت کە هەڕەشە لە ناوچەکەمان و ئاسایشی وڵاتەکانمان و چارەنووسی گەلەکانمان دەکات، روونیشیکردەوە، ئەم هەڕەشانە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەخەنە ئەستۆمان و وا دەخوازێت لێمان، کاربکەین بۆ ئەوەی وڵاتەکانمان لە کاریگەرییەکانی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان بپارێزین. 
ئاماژەی بەوەشکرد، عیراق پابەندبوونی نەگۆڕی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی برا عەرەبییەکان دووپاتدەکاتەوە، بەو پێیەی ئاسایشی هاوبەشمان دابەش نابێت، هەروەها رەتکردنەوەی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی کە سەروەریی ئەم وڵاتانە تێک بدات یان هەڕەشە لە ئاسایشی گەلەکانیان بکات، جەختیشیکردەوە کە ئامانجی باڵای بەڕێوەچوونی لوتکەکە یەکخستنی هەڵوێستەکانە لە ئاست ئاڵنگارییە پەرەسەندووەکان و باوەڕبوون بە گرنگی کاری عەرەبیی هاوبەش.
ئەمە دەقی وتەکەی سەرۆک کۆمارە لەخولی(٣٤) لوتکەی عەرەبی:

به ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەڕێزان خاوەنشکۆ و ناوداران و پایەبەرزان
پایەبەرز سکرتێری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی
میوانە بەڕێزەکان
سڵاو و دروود و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت.

بەناوی خۆمانەوە و بەناوی گەلی عیراقەوە خۆشحاڵین بەخێرهاتنتان بکەین بۆ وڵاتی دوو رووبارەکە، ئەمڕۆ شەرەفمەندین کە میوانداریی کارەکانی لوتکەی عەرەبی بکەین لە سی و چوارەمین خولی خۆیدا، لە ژێر هەلومەرجی ئاڵۆزی ئەمنی و تەحەدای ئابووری کە رەنگە مەترسیدارترینیان بێت، چونکە تارمایی جەنگ هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکانمان و تەنانەت هەموو جیهان دەکات و ڕێگرە لە هەوڵەکانی گەشەپێدان و ئاواتەکانی داهاتوومان و هەروەها کێشە ئابوورییەکان کە کاریگەرییەکانیان بە ڕوونی دەردەکەون و سێبەریان دەخەنە سەر ژیانی گەلانمان.
ئەمڕۆ خۆشحاڵین کە عیراق سەرۆکایەتی لوتکەی عەرەبی وەردەگرێت  و سوپاسگوزاری قووڵی خۆمان دەردەبڕین بۆ هەوڵە ناوازەکانی کۆمکاری عەرەبی لەم قۆناغە هەستیارەدا و خۆشحاڵین کە سوپاسی بەڕێز ئەحمەد ئەبولغەیت سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی و ئەوانەی لەگەڵیدا کاریان کردووە بکەین بۆ هەوڵە بەرچاوەکانیان بۆ سەرخستنی کارەکانی لوتکەی عەرەبی.
لوتکەی بەغدا لە هەلومەرجێکی زۆر ئاڵۆز و ئاڵنگاریەکی جددی بەڕێوەدەچێت کە هەڕەشە لە ناوچەکەمان و ئاسایشی وڵاتەکانمان و چارەنووسی گەلانمان دەکات و لێرەوە دەبینین کە ئەم هەڕەشانە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی گەورەتر دەخەنە سەرشانی ئێمە بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستمان هێناوە و دوورخستنەوەی وڵاتانمان لە کاریگەری قەیرانەکان و لەم چوارچێوەیەشدا سەرکردایەتی و گەلی عیراق بە پێویستی دەزانن دەستپێشخەری و جوڵەی بەپەلە بکەن بۆ زیادکردنی دەرفەتی سەقامگیری عەرەبی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەڕێگەی دەستپێشخەری بنیاتنەرانە بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرە دیبلۆماسیەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەل و وڵاتانمان بکات و پابەند بێت بە پرەنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاساکانی  نێودەوڵەتی و لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتان و پاراستنی ئەرکەکانی دراوسێیەتی باش و هاوکاری هاوبەش و هەروەها جەخت لەسەر گرنگی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان لەڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگی ڕاستەوخۆی دوولایەنە یان لەڕێگەی ناوبژیوانانەوە دەکات و سیاسەتی  دەستێوەردانی دەرەکی و بەکارهێنانی هێز ڕەتدەکاتەوە.

خاوەنشکۆ و خاوەن پایەکان 
میوانە ئازیزەکان،
نزیکەی ساڵ و نیوێکە گەلی فەلەستین لە غەززە و بەشەکانی تری ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی سیستماتیک دەبنەوە بە ئامانجی لەناوبردنی بوونی فەلەستینییەکان لەسەر خاکی داگیرکراو، لە کاتێکدا ئێمە ئەم دەستدرێژییە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و ئیدانەی ئەو کردارانە دەکەین کە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و یاساکانی یاسای نێودەوڵەتین  دەستخۆشی لە خۆڕاگری گەلی فەلەستین دەکەین و هەڵوێستی خۆمان دووپات دەکەینەوە لە بەستهێنانی مافەکانیان لە سەر خاکی نیشتمانی خۆیان و هەوڵەکان بۆ دەرکردنی گەلی فەلەستین بە هەر بارودۆخێک و ناوێک بێت رەتدەکەینەوە.
عیراق هەڵوێست و پرەنسیپی خۆی بۆ پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری ووڵاتانی عەرەبی دووپات دەکاتەوە و هەموو جۆرە دەستتێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆیی ڕەتدەکاتەوە کەهەڕەشەبێت لەسەر سەروەری ئەم ووڵاتانەو گەلەکانیان و جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرە سیاسیەکان و دیالۆگی نیشتمانی گشتگیر دەکاتەوە وەکو تاکە ڕێگا بۆ چارەسەری قەیرانەکان،هەروەها ڕێزگرتن لە هەڵبژاردنی گەلان لە بنیادنانی ووڵاتەکانیان و گەیشتن بە خواستەکانیان بۆ ژیانێکی شکۆمەند، کە گوزارشت لەروحی برایەتی و بەرپرسیارێتی دەکات کەلە سەرۆکایەتی لوتکەکەدا بەرجەستە و پابەنبوونی عیراق بە یەکڕیزیی عەرەبەوە.

خاوەنشکۆو خاوەن پایەکان
میوانە ئازیزەکان،
ئامانجی کۆتایی لە بەستنی لوتکەی ئەمڕۆمان، پاش ماوەیەکی کەم لە لوتکەی بەپەلە لە قاهیرە، یەکخستنی هەڵوێستەکانمانە سەبارەت بە پرسە هاوبەشەکان و تەحەداکان و باوەڕبوون بە گرنگی کاری هاوبەشی عەرەبی، ببێتە هۆی سەرخستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بەسەر بەرژەوەندییەکانی تردا، هەروەها زاڵبوونی زمانی لۆژیک و دیالۆگ بەسەر زمانی هێزدا لە یەکلاییکردنەوەی جیاوازییەکان و سوودوەرگرتن لە هەڵکەوتەی جوگرافی و کەلەپووری مێژوویی و کەلتووری دەوڵەمەند، سەرچاوە مرۆیی و سامانەکانمان، کە بوونەتە جێگەی سەرنجی هەموو جیهان.
ئەمڕۆ داوامان لێدەکرێت کە کارە هاوبەشەکانمان چالاک بکەین و ئەو شتانەی کە دەتوانێ یەکێتیمان دابەش بکات و کار لەسەر بەرژەوەندیی گەلەکانمان بکەین بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدی بهێنین، یەکڕیزی خوێن و ئایین و مێژوو و چارەنووس ئەوەندە هاوبەشە کە بتوانین هەڵوێستەکانمان لەسەر مەسەلە سەرەکییەکان یەکبخەین کە هەڕەشە لە ئاسایشی گەلەکانمان و سەقامگیریی وڵاتەکانمان دەکەن و جەخت لەسەر یەکگرتنەوە و هاوبەشی و هاوکاری بکەین و دەستپێکردنی دامەزراندنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری لەگەڵ ئەنجوومەنی هاوکاری و وڵاتانی دراوسێ.

له کۆتاییدا داوا له خوای گەوره دەکەین هاوکاری هەموومان بکات له پێناو بەرژەوەندی گەلەکانمان و سەقامگیری وڵاتەکانمان و هەمیشە لەسەر یەکڕیزی هەڵوێست کۆببنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و پوچەڵکردنەوەی ئەو پلانانەی کە دەیانەوێت ئێستامان لێزەوت بکەن و هەڕەشە لە ئایندەمان بکەن .

سڵاو و دروود و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان