شەهید حەسەن كوێستانی، پێشمەرگە و فەرماندە و سەركردە، 31 ساڵ لەمەوبەر لە پێناو دامركاندنەوەی ئاگری تازە هەڵگیرساوی شەڕی ناوخۆدا، بووە قوربانی و لەگەڵ پۆلێك پێشمەرگەدا، بەناهەق شەهیدكران.
ئەو رۆژگارە و ئەو شوێنەی كوێستانیی لێ شەهیدكرا، ئاڵۆز و پڕ مەترسی بوو، ئاگری چەكەكان كەوتبوونە سوتاندنی خەرمانی راپەڕین و سنوورەكان شكێندرابوون، بەڵام رێك لەوكاتەدا، كوێستانیی سەركردە، لە پێناو بەدیهێنانی ئاشتیدا گوێی نەدایە مەترسییەكە و بەئومێدی كۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ، رۆیشتە ناوچەی پڕ مەترسیی و ناوجەرگەی شەڕەوە، بەڵام بەداخەوە، ئەو نیەت و خەونەی كوێستانی لەبار برا و لە بۆسەیەكدا، شەهیدكرا.
شەهید حەسەن كوێستانی ناوی تەواوی حەسەن ئەحمەد عەبدوڵڵایە و لە دایكبووی ساڵی 1950ی شارۆچكەی گەڵاڵەیە، دەرچووی قۆناغی ئامادەییە.
لە سەرەتای حەفتاكاندا تێكەڵاوی بزوتنەوەی خوێندكاران بووە و رۆژی 14/11/1972 پەیوەندییكردووە بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و رۆژی 6/9/1979 بووە بە پێشمەرگە.
لە ساڵی 1975ەوە تا 1990، چەندین ئەرك و لێپرسراوێتی هەبووە، وەك: لێپرسراوی كۆمیتەكانی راپەڕین و ئازادی، رێبەری سیاسی هەرێمی 7ی باڵەك، فەرماندەی هەرێمی 12و دواتریش فەرماندەی تیپی 12ی سۆران، لێپرسراوی عەسكەری مەڵبەندی سێ و ئەندامی یەدەگی سەركردایەتیی كۆمەڵە، ئەندامی ناوەندی رێكخستنی كۆڕەك و ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵە، دووجار لێپرسراوی مەڵبەندی سێ بووە، بەرپرسی مەفرەزە پارتیزانەكانی دوای ئەنفالەكان كە ماوەیەكیش خۆی لەگەڵ پارتیزانەكاندا ماوەتەوە و ئەندامی كۆمیتەی كارگێڕیی سەركردایەتیی ی.ن.ك بووە.
بەشداری داڕشتنی نەخشە و بەرنامەی راپەڕین بووە، وەك سەركردەیەك لە رزگاركردنی شارەكانی: شەقڵاوە، پیرمام، ئوردوگاكانی دەورووبەری هەولێرو پارێزگای هەولێر و كەركوك بەشداریی كردووە.
سەركردایەتیو هاوبەشی راستەوخۆی بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی دوژمن بووە بۆ سەر كوردستان دوای راپەڕین، بەتایبەتی لەهەردوو شەڕە گەورەكانی دەربەندی كۆڕێ لە رۆژانی 7/4و 11/4/1991.
لە ساڵی 1992 تا شەهیدبوونی ئەم ئەرك و بەرپرسیارێتیانەی لە ئەستۆ بووە: لە یەكەم كۆنگرەی یەكێتیدا بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردرایەوە. ئەندامی یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستان. لێپرسراوی مەڵبەندی چواری بادینان. نوێنەری یەكێتی بووە بۆ بەشداریی لە كۆنفرانسی پارتی سەوزی ئەڵمانیا. بەشداری و سەركردایەتی دەیان داستان و نەبەردی و چالاكی كردووە، سێ براشی بەناوەكانی (حەمەڕەش، حاجی، خولە) شەهیدن.
نووسەر و رۆشنبیر بوو، بەردەوام بابەتی هەمەجۆری بۆ زۆربەی رۆژنامە و گۆڤارەكانی شارو شاخ نووسیوە، وەك: راپەڕین و پێشمەرگە و نووسەری كوردستان و كوردستانی نوێ و سەرهەڵدان و ...هتد)، خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری (سەرهەڵدان) بوو كە مەڵبەندی چواری بادینان بەزمانی عەرەبیو كوردی دەریدەكرد، نامیلەكەیەكیشی بە زمانی عەرەبی نووسیوە.
بەداخەوە رۆژی 17/5/1994، لەگەڵ برایەكی و ئامۆزایەكی و چوار پێشمەرگەدا، بەناهەق شەهیدكران، بەناوەكانی: یوسف گەڵاڵەیی، سەید خدر، محەمەد عەلی، خدر حەمەدئەمین، مینە ئەحمەد و مەحمود- خولە.
ئاوات كۆكەیی