د. سەمەد ئەحمەد
پێشەکییەکی کورت:
هەر دەقێکی ئەدەبی زیاتر لە دەروازەیەکی هەیە بۆ چوونە ناوەوە و تێگەیشتن لێی، کاتێکیش دەچینە ناوییەوە و هەوڵی تێگەیشتنی دەدەین سێگۆشەیەک لە پەیوەندیی نێوان نووسەر و دەق و خوێنەر دێتە ئاراوە، ئەم پەیوەندییە هەمیشە راستەوانە نییە و یەکتر تەواو ناکەن، چونکە زۆر جار مەبەستی نووسەر لە نووسین و خستنەڕوی دەقەکە شتێکە و دەقەکەش جۆرێکی جیاواز لە مەبەستی نووسەر لای خوێنەران خۆی نمایش دەکات. هەروەها تێفکرین و تێگەیشتنی خوێنەریش جیاواز لە مەبەستی نووسەر و نمایشکردنی دەقەکە، لێکدانەوە و شرۆڤە بۆ دەقەکە دەکات.
ئەوەی پەیوەندیدارە بە خوێنەرەوە، دەشێ هێندەی ژمارەی خوێنەرانی شرۆڤەی جیاواز بۆ دەقێک بکرێت. بە کورتی بڵێین: دەقی ئەدەبی، لە ناویشاندا رۆمان، دەقێکی فرە رەهەندە، لە زۆر گۆشەنیگاوە دەکرێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
لەبەر رۆشنایی ئەم پێشەکییەدا، هەوڵدەدەم لە رووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە ئەگەر بەکورتیش بێت شرۆڤەیەک بۆ رۆمانی (قەڵای باڵە شکاوەکان) بکەم کە لە نووسینی (زانیار کەریم)ە، ساڵی (2023)، لە دووتوێی (132)لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
لە رووی تەکنیکەوە:
ئەم رۆمانە ئەگەرچی تەکنیکێکی تازەی تێدا بەکار نەهاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا تەواوی رەگەزەکانی رۆمانی تێدایە و بەباشی و شارەزایانە بەکارهێنراون و مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.
* کات: کات لەم رۆمانەدا شێوەیەکی بازنەیی هەیە، واتا بەشێوەی راستەهێڵ(سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) درێژنابێتەوە، بەڵکو جارجارە پاش و پێش دەکات. بەشێوەیەکە دەتوانم بڵێم: کۆتایی دەبێتە سەرەتا و سەرەتاش زۆر بە جوانی لەگەڵ کۆتاییدا یەک دەگرێتەوە. بۆ نموونە؛ لە سەرەتای چەند دێڕی رۆمانەکەوە، خوێنەر بەوە ئاشنا دەبێت کە باس لە زیندان دەکات و چەند کەسێک زیندانی کراون، بەئاشکرا و بە روونی ناوی زیندانیکراوان دەهێنرێن و وەسفی زیندانەکە دەکات. ئەم سەرەتایە دەبێتە بەشە تەواوکراوەکەی دوالاپەڕەی رۆمانەکە. لای من، لە رووی تەکنیک و چۆنێتی مامەڵکردن لەگەڵ کاتتدا، ئەمە خاڵێکی بەهێزی رۆمانەکەیە و نووسەر توانیویەتی لێزانانە مامەڵە لەگەڵ کاتتدا بکات، کە رەگەزێکی دیار و گرنگی هونەری گێڕانەوەیە بەگشتی و رۆمان بەتایبەتی.
هەر سەبارەت بە کات، پێویستە ئەوە بەیان بکەین کە لە هونەری گێڕانەوەدا دووجۆر لەکات هەیە، یەکەم؛ کاتی راستەقینەی رووداوی دەقەکەیە، ئەو کاتەیە گێڕەرەوە رووداوەکان دەگێڕێتەوە. دووەم کاتی ناڕاستەقینە؛ ئەو کاتەیە کە گێڕەرەوە لە گێڕانەوەی رووداوە راستەقینەکان رادەوەستێت، بە خەیاڵ و فلاشباک دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو، دەشێ چەندین لاپەڕە لە گێڕانەوەی ئەو رووداوانە بنووسێت، بەڵام بۆئەوەی هەڵەی تەکنیکی لە دەقەکەدا روونەدات، پێویستە جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ لای کاتی راستەقینە و گێڕانەوەی رووداوە تەواو نەکراوەکان تەواو بکات، بۆئەوەی خوێنەر لە بازنەیەکی بۆشدا بەجێنەهێڵێت. من لە خوێندنەوە ئەم رۆمانەدا تێبینی ئەوەمکرد نووسەر ئەم تەکنیکەشی بە باشی و بەبێ هەڵە بەکارهێناوە، چونکە جارجارە گێڕانەوەی رووداوەکانی (کاتی راستەقینەی دەقەکە)،خاو دەبنەوە و بەخەیاڵ و فلاشباگ خوێنەر دەگەڕێنێتەوە بۆ کاتێکی تر کە بە (کاتی ناڕاستەقینە) ناومانبرد، بەڵام لەدوای چەند پەرەگرافێک، یان چەند لاپەڕیەک، جارێکی تر رووداوەکان یەکتر تەواو دەکەنەوە.
وەک ئاشکراشە کات و شوێن لە هونەری گێڕانەوەدا پەیوەندییەکی ئۆرگانی لەنێوانیاندا هەیە. شوێن لە ئەمڕۆماندا کوردستانە و رووداوەکانیش بۆ ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێنەوە.
گێڕەرەوە:
گێڕەرەوە رەگەزێکی تری هونەری رۆمانە و چەندین جۆریشی هەیە، من وایدەبینم کە لەم رۆمانەدا گێڕەرەوە، گێڕەرەوەی هەمووشتزانە، چونکە هەندێجار گێڕەرەوە دەنگێکی نادیارە کە رووداوەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام هەندێجاری تر کەسەکە دیارە، لەم حاڵەدا دەتوانین بڵێین: گێڕەرەوە هەر خۆیشی شاکەس، یان کارەکتەرێکی رۆمانەکەیە و کەسی یەکەمی تاکە، ئەو کەسێکە و رووداوەکان دەگێڕێتەوە و کەسایەتییەکان بە خوێنەر دەناسێنێت. یەکەم رستەی رۆمانەکە ئاوها دەستپێدەکات: (لەگەڵ بەرەبەیاندا، چاوەکانم کردەوە، سەرما و سۆڵەی گرتووخانەکە تەواو گیانمی تەزاندبوو.. ل5). ئیتر لێرەوە ناوی یەکبەیەکی زیندانیکراوەکان دەهێنێت و وەسفی دیوار و دەرگای زیندانەکە دەکات. لەبەرئەوەی من خۆم زیندانی سیاسیم و یادەوەریم لەگەڵ زیندان و ژووری تەنهاییدا هەیە، شایەتی بۆ نووسەر دەدەم بۆ ئەو راستییانەی لەم رۆمانەدا سەبارەت بە زیندان و زیندانیکراوان خستویەتییەڕوو.
زمان:
زمانی نووسین لە هونەری گێڕانەوەی (چیرۆک و رۆمان)دا واباشترە زمانێکی واقعی بێت نەک مەجازی، واتا دووربێت لە دەبڕینی رستەی شیعری و دەستەواژەی ناڕۆشن و ئاڵۆز و قورس و گرانی فەلسەفی و فکری.
زمانی نووسینی ئەم رۆمانە بەگشتی زمانێکی واقعییە، بەڵام لە هەندێ جێگەدا، بەتایبەتی لەکاتی خەیاڵ و وەسفکردنی شتەکاندا، خوێنەر رووبەڕوی رستە و گوزارشتی شیعریی دەبێتەوە. بۆ نموونە؛ لەلاپەڕە (37 و 38) دا، سەبارەت بە خەونبینین، لە پێنج پەرەگرافی جیادا کۆمەڵێ رستەی مەجازی و وێنەی شیعریی خراونەتەڕوو، کە نازانرێت خەیاڵی شاکەسە، یان دەنگی چ کارەکتەرێکی رۆمانەکەیە.. وەک:
- خەونبینین گەڕانێکی بێسودە بەدیار زەردەخەنە و جوانی و خۆشییەوە.
- خەونبینین گەڕانە بەدوای ئەو مۆسیقایەی کە دەتەوێت بەدەستی خۆت بیژەنیت.
- خەونبینین وێنەکێشێکی سەرکێشی ئیمپرێشینستە بە دڵی خۆی ئەوەی ویستی دەیکێشێت.
- خەونبینین هیوایە بەدیار لەونابردنی هەموو ئەهریمەنەکانی دونیاوە.
شاکەس و کارەکتەر:
رەنگە هەڵە نەبین گەر بڵێین: رۆڵی شاکەس لەم رۆمانەدا یەکسانە بە رۆڵی کارەکتەرەکانی تر. لەم سۆنگەیەوە دەڵێم: ئەگەر (هێمن هێمن) شاکەسی رۆمانەکە بێت، ئەوا رۆڵی (د. ئەختەر)، (حاکەم گۆران)، (گیڤارا)، (ئەسرین رەیحانی)، (گزنگ هیوا)، (جەنگی موکریانی) کەمتر نین لە رۆڵی (هێمن هێمن). بۆیە دەتوانین بڵێین: ئەم رۆمانە یان شاکەسی نییە، یان زیاتر لە شاکەسێکی هەیە.
لەڕووی بابەت و ناوەڕۆکەوە:
لەڕووی بابەتەوە، ئەم رۆمانە لە خانەی رۆمانی واقعیدا جێگەی دەبێتەوە. باس لە دۆخێکی ناهەمواری ژیانی سیاسی کۆمەڵگەی کوردی دەکات. وەک ئاشکرایە بەدرێژایی مێژوو، کورد وەکو نەتەوە ئازادیی لێ زەوتکراوە و کوردستانیش وەکو خاک داگیر کراوە، بەڵام کورد لە هیچ قۆناغێکدا بەبێ دەنگیی دانەنیشتووە، هەمیشە بەگژ دوژمنان و داگیرکەرانیدا چووەتەوە و رازی نەبووە بە کۆیلایەتی و ژێردەستەیی بژی، دەستی داوەتە خەبات و تێکۆشانی چەکداریی و عەسکەریی لەلایەک و رێکخراوەیی و خەباتی نهێنی لەلایەکی ترەوە، لەم نێوەندەشدا قوربانی زۆری داوە. بەڵام ئەوەی لەهەر شتێک زیاتر مایەی نیگەرانییە ئەوەیە کاتێک باسی خەبات و تێکۆشانی کورد دەکرێت، ناتوانرێت باس لە خیانەت و خۆفرۆشی و جاشایەتی کوردیش نەکرێت.
زمانی نووسین لە هونەری گێڕانەوەی (چیرۆک و رۆمان)دا واباشترە زمانێکی واقعی بێت نەک مەجازی، واتا دووربێت لە دەبڕینی رستەی شیعری و دەستەواژەی ناڕۆشن و ئاڵۆز و قورس و گرانی فەلسەفی و فکری
لەم رۆمانەدا ئەوە دەخوێنینەوە، کۆمەڵێ گەنجی رۆشنبیر و لەخۆبردوو، دەیانەوێت رێکخراوێکی سیاسی دروست بکەن و دژ بە داگیرکەرانی کوردستان بووەستنەوە. ئەم گروپە گەنجە ئەگەرچی لەڕووی چینایەتییەوە تاڕادەیەک جیاوازن لەیەک، بەڵام لەڕووی فکری و سیاسییەوە نزیکن لەیەکەوە، بەڵام لەناو ئەم گروپەدا کەسێکیان خیانەتیان لێدەکات و تەواوی بەرنامە و پلانەکەیان لێ تێکدەدات، ئەو کەسە بە (ئۆبشالوم) ناوی دەهێنرێت.
ئاشکرایە (ئۆبشالوم)، وەک لە تەوراتدا ناوی هاتووە، کوڕی حەزرەتی داود پێغەمبەرە، خیانەت لە باوکی دەکات و لێی یاخی دەبێت و لە دژی دەوەستێتەوە. شارەزایان و شرۆڤەکارانی تەورات، هۆکاری یاخیبوونی (ئۆبشالوم) لە (داود پاشا)ی باوکی بۆئەوە دەگەڕێننەوە کە حەزرەتی داود گرنگی بە (سولەیمان) ی کوڕی داوە و ئۆبشالومی فەرامۆشکردووە. جگە لەمە کاتێک (ئۆبشالوم) دووبرای لەخۆی گەورەتری دەمرێت، ئیتر جێنشینی پاشایەتی بۆ خۆی بەڕەوا دەبینێت، نەک بۆ سولەیمانی برای کە لە زڕدایکی بوو. لەلایەکی تریشەوە دایکی ئۆبشالوم کچی پاشای (جەشور)ە، بەڵام دایکی سولەیمان ژنێکی ئاساییە، لە روانگەی چینایەتییەوە، ئۆبشالوم خۆی لە پێشتر دەبینێ بۆ جێنشینی داود پاشای باوکی. بەڵام (داود پێغەمبەر) نازی سولەیمانی کوڕی هەڵگرت و جێنشینیی پێ بەخشی و ئۆبشالومی فەرامۆش و بێبەش کرد، بۆیە ئەویش لە باوکی یاخی دەبێت و لە دژی دەوەستێتەوە.
بەرجەستەکردنی کەسێتی (ئۆبشالوم) وەک کەسێکی خیانەتکار لە رۆمانەکەدا، ئەگەرچی لەگەڵ کەسێتی ئۆبشالومی ناو تەوراتدا تاڕادەیەک جیاوازیی هەیە، بەڵام لەڕووی هەڵگەرانەوە و یاخیبوون و خیانەتکردنەوە، تاڕدەیەک خاڵی هاوبەش لە نێوانیاندا بەدیدەکرێت.
لەم رۆمانەدا بەدرێژی و لە چەند وێستگەیەکی جیاوازدا باسی ئەو ئاستەنگ و ناخۆشیانە دەکرێت کە رێکخراوەکە و کەسایەتییەکانی رووبەڕوی دەبنەوە. لە هەندێ جێگەدا ئەندامانی گروپەکە بێزار و ناڕەحەت دەردەکەون، جار جارەش ورە بەرز و پڕ هیوان.
لەئاکامدا، سەبارەت بەوەی نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان بهێننە دی و لەمەش زیاتر هەست دەکەن کە رێکخراوەکەیان بەرەو شکست دەچێت، بۆیە بڕیار دەدەن کۆبوونەوەیەک سازبکەن و بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان و ئایندەی رێکخراوەکەیان بدەن. کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدەن.. خوێنەر لەڕێگەی گوزارشتی هەریەک لە کارەکتەرەکانەوە لەوە تێدەگات کە رێکخراوەکەیان بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەڕوات و کەسایەتییەکانیش تووشی بێ ئومێدی و شکست دەبن. هەر یەکەیان بەم شێوەیە گوزارشت لە ناخی خۆیان دەکەن، کە دەتوانین بڵێین ئەمە گوزارشتە لە مێژووی سیاسی نەتەوەی کورد!
- د. خەندە: کە لەم رۆمانەدا، لە خەبات و تێکۆشاندا نوێنەرایەتی ژنان دەکات، زۆر سەرسەختانە بەرگریی لە مافەکانی ژنان دەکات، لەرێگەی پسپۆڕییەکەیەوە کە پزیشکییە. لە کۆتایی رۆمانەکەدا، لەدوای دواین کۆبوونەی رێکخراوەکەیان، نیگەران و بێززار دەردەکەوێت، رۆژ بەڕۆژ لە جیاتی ئەوەی ژمارەی نەخۆش کەم بێتەوە، ژمارەیان زیاتر دەبێت، لەگەڵ ئەم زۆر بوونەشدا دەرمان لە نەخۆشخانەکەی کەمتر دەبێتەوە، بۆیە بەم شێوەیە ئاماژە بەشکستی خۆی لە کار و لە رێکخراوەکە دەکات.
- هێمن هێمن: کە چالاکترین و دڵگەرمترین و هەستناسکرترین کەسی ناو گروپەکەیە، هەروەها شاعیریشە، سەروکاری لەگەڵ بۆنخۆشیشدا هەیە. بەڵام ئێستا ئیتر نە تاقەت و حەوسەڵەی لەگەڵ بۆندا ماوە، نە یادگاری و نامەکانی(سەلما)ی خۆشەویستی هەستی دەجوڵێنێت بۆ نووسینی شیعرێک، بۆیە هەست دەکات بەهرەی شیعریی بەرەو وشکبوون چووە! ئەمیش بەم شێوەیە گوزارشت لە شکستی خۆی دەکات.
- حاکم گۆران – گیڤارا: کە لە کاری رێکخراوەییدا لەهەمووان چالاک ترە و لافی ئەوەی لێدەدا لەڕووی شۆڕشگێڕییەوە هاوشێوەی گیڤارایە، هەرگیز ماندوو نابێت و کۆڵنادات ئێستا دان بەوەدا دەنێت کە لەکاری رێکخراوەییدا بەرەو پوکانەوە و لەناوچوون دەچێت، ئەوەیشی کردوویەتی بێ ئاکام و بێ بەرهەم بووە! ئەمیش ئاوها گوزارشت لە شکستی خۆی دەکات.
- ئەسرین رەیحانی: هونەرمەندێکی نیگارکێشی دەستڕەنگینە، هێمنترین و بێ ورتەترین کەسی گروپەکەیشە، ئەوەندەی حەزی لە گوێگرتنە، کەمتر حەزی لە قسەکردنە، لە رابردوودا هەرچی ئاوات و خۆزگەی هەبوو لە تابلۆیەکدا دەینەخشاند، بەڵام ئێستا رەنگ و هێڵ و فڵچە لەیەک تۆراون و هەرگیز کۆنابنەوە. ئەمیش بەم شێوەیە گوزارشت لە شکستی خۆی دەکات.
لەئاکامی هەموو ئەم شکستانەدا، رێکخراوەکە هەڵدەوەشێتەوە، ئەندامانی گروپەکەش نەک بەئامانجە باڵاکانیان ناگەن، بەڵکو هەموویان لە کونجی زیندان توند دەکرێن. ئیتر ئەم کۆتاییە لەگەڵ سەرەتای رووداوەکانی رۆمانەکە یەک دەگرنەوە. ئەمەش کۆتایی رۆمانەکە بوو، کە دەکرێت بڵێین: ئەم رۆمانە ئاوێنەیەکە و شکستی سیاسی و رێکخراوەیی کوردی تێدا بەدیدەکەین.