مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
کۆمیک، یاخود چیرۆکی وێنەیی زاراوەیەکە بۆ ئاماژەدان بە چیرۆکی گرافیکی، کە دەق و وێنە بەشێوازێکی کاریگەر و کارلێککارانە تێکەڵ دەکرێن، بە کاردێت. ئەم ژانرە بەتایبەت لە ئەدەبی منداڵاندا بایەخێکی گەلێ زۆری هەیە و لە ئێستادا گرنگییەکی باشی پێ دەدرێت، چونکە توانای سەرنجڕاکێشان و هاندانی خەیاڵکردن و چیژوەرگرتنی منداڵان زیاتر دەکات، بەو پێیەی بەشی زۆری گێڕانەوەکە رادەپەرموێتە سەر وێنە و هەندێ دەقی کەم.
بنەچەی(کۆمیک) دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، سەرەتا وەک هۆیەکی کاتبەسەربردن تەماشادەکرا، بەڵام دواتر بە جۆرێ پەرەی پیدرا کە ببێتە بەشێکی سەرەکی لە ئەدەب و کەلتوری منداڵان.
کۆمیک یا چیرۆکی وێنەیی، بەوە دەناسرێتەوە کە بەشی سەرەکی چیرۆک و گێڕانەوەکان بە وێنە دەبێت و جوڵە و شێوازی وێنەکان دەربڕین لە بەسەرهات و رووداوەکان دەکەن و پلۆتەکانی ساکارن و منداڵان بە جیاوازی تەمەن و قۆناغەکانیانەوە بە باشی دەتوانن لێی تێبگەن و بیرکردنەوەوی خۆیان ئاوێتە بکەن و بەشێوەیەکی خودئاوێتە لەگەڵ چیرۆکەکەدا بڕۆن و ئاگایشیان بەرزبکاتەوە، لە هەمان کاتدا کۆمیک لە ئەدەبی منداڵاندا چەندین سوودی تریشی هەیە بۆ نمونە توانای خوێندنەوە باشتر دەکات چونکە دەقەکان کەمن و هاوپێچی وێنە سەرنجڕاکێشەکانن و هاندەرن کە منداڵان حەز بە خوێندنەوەیان بکەن، هەروەها بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و داهێنانیان لا دروست دەکات، چونکە منداڵان پێویستیان بەوە دەبێت وێنەکان شی بکەنەوە و لەو پەیامانە تێبگەن کە دەیانگەیەنن، سەرەڕای ئەوەش، کۆمیک دەتوانێت رۆڵ بگێڕێت لە گەیاندنی بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بە خستنەڕووی هەردوو نموونەی ئەرێنی و نەرێنی.
پێکهێنەرە بنچینەییەکانی کۆمیک، لە سێ رەگەز پێکدێن، ئەوانیش:
1. گرافیک: لایەنی بینراوی کۆمیک دەگرێتەوە، کە کارەکتەر و رووداوەکان وێنا دەکات، رەنگ و وردەکارییەکانی وێنەکێشان و سەلیقەی وێنەکێشی شارەزا و تایبەتمەند بە بوارەکە رۆڵی تێدا دەبینێت.
2. دەق: ئەمەش دیالۆگی کارەکتەرەکان و وەسفکردنی دیمەنەکان دەگرێتەوە. دەقەکان کورتن و بە زۆری لەناو بڵقی ئاخاوتن یان چوارگۆشەی بچووکدا دەنووسرێن.
3. پڵۆت: ئەمەش زنجیرەیەک رووداوی تێدایە، بە زۆریی سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتاییان هەیە. پڵۆتەکان سادە و ئاسانن بۆ تێگەیشتن، ئەمەش وایکردووە بۆمنداڵان گونجاو بێت.
ئەرک و بەرهەمهێنانی کۆمیک تا رادەیەک کات و سەرچاوە و شارەزایی لە زۆر بواردا پێویستە، بە تایبەت ستافی گرافیک دیزاین، لە ئەدەبی منداڵاندا دەکرێت لە چەند بوارێکدا بەکار بێت، بە نمونە بۆ پێشخستن و باشترکردنی خوێندنەوە و نووسین، بە تایبەت بۆ ئەو خوێندکارانەی کەمتوانای خوێندنەوە، لەهەمان کاتدا وەک بابەتێکی چێژبەخش و کاتبەسەربردن و بۆ رووداوە مێژووییەکان و فێرکاریی ئاداب و نەریتەکانیش سوودی لێ وەربگیرێت.
لە ئەدەبی کوردیی منداڵاندا، بەداخەوە هێشتا ئەم بابەتە پێگەی خۆی وەرنەگرتووە و وەک پێویست، سەرچاوەی کتێبی چیرۆکە وێنەیی نەخراونەتە بەردەست، بە ئومێدی ئەوەی لە ئایندەدا ئەو هەوڵانەی دەستیان پێکردووە، بتوانن زیاتر خزمەت بەم بوارە گرنگەی ئەدەبی منداڵان بکەن.