خۆپاراستن لە تای خوێنبەربوون و رێکارەکانی خستنەبازاڕی گۆشتێکی تەندروست

10:15 - 2025-05-25
ڕاپۆرت
48 جار خوێندراوەتەوە
پشکنینی ئاژەڵ پێش سەربڕینی

راپۆرتی/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی

‎تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لە ئاژەڵەوە لە رێگەی مشەخۆری دەرەکی (گەنە)وە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
چەند ساڵێکە ئەم نەخۆشییە لە عیراق و هەرێمی کوردستانیش لەناو ئاژەڵاندا بڵاودەبێتەوە و لە هەندێک پارێزگا گوستراویشەتەوە بۆ مرۆڤ، لە قەزای شارەزوور بەشێک لە هاووڵاتیان کاری ئاژەڵداری دەکەن، ئەوەش وادەکات زیاتر ئاگاداربن و بۆ خۆپاراستن لە توشبوون پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانبن‎.
سامان محەمەد خاوەن ئاژەڵە لە قەزای شارەزوور بۆ كوردستانی نوێ وتی: بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرگریی ئاژەڵەکانمان و بۆ تووش نەبوون بە هەر نەخۆشییەک، پێشوەختە دەرزی و دەرمان دەكڕین و بۆ ئاژەڵەكان بەكاریدەهێنین.
وتیشی: ئێستا کە نەخۆشی تای خوێنبەربوون بڵاوە زیاتر ئاگادارین و پابەندی رێنماییە خۆپارێزییەکان دەبین.
هۆبەی ڤێتێرنەریی شارەزوور، بە بەردەوامی رێنمایی دەداتە خاوەن ئاژەڵەکان لەبارەی ئەو نەخۆشییانەی هاوبەشن لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا، تای خوێنبەربوونیش یەكێكە لەوانە.
توانا ئەحمەد یەكێكی دیكەیە لە فرۆشیارانی ئاژەڵ لە قەزای شارەزوور بۆ كوردستانی نوێ وتی: لەپێناو پاراستنی تەندروستی خۆم و سەرجەم هاووڵاتیان، بە تەواویی پابەندم و رێنماییە خۆپارێزییەكان جێبەجێ دەكەم، پێویستە هەموومان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون هەماهەنگ و هاوكاری یەكبین.
وتیشی: داواكارم لیژنەكانی تەندروستی لە رابردوو زیاتر چاودێریی مەیدانی ئاژەڵان بكەن و رێنمایی زیاتر بدەن بە خاوەن ئاژەڵان.
رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوە
هۆبەی ڤێتێرنەریی شارەزوور ساڵانە زیاتر لە جارێك هەڵمەتی رێگریكردن لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون رادەگەیەنێت، بە شتنی ئاژەڵی بچووك، رەشكردنی شوێنی مانەوەی ئاژەڵەكان بە ماددەی دژە ڤایرۆس، دەرزی لێدان لە ئاژەڵی گەورە وەك رەشەوڵاخ، ئەم رێکارانە بۆ رێگریكردنە لە مشەخۆری دەرەكی و خۆپارێزیی لە نەخۆشی.
د.شەهلا حەكیم لێپرسراوی هۆبەی ڤێتێرنەریی شارەزوور بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی قەزای شارەزوور و ناحیەی زەڕایەن، هەوڵمانداوە لە هەر گوندێكی سنوورەکە ئەنجومەنی گوند، كۆمەڵێك لە خاوەن ئاژەڵەكان، گۆشت فرۆشەکان، چێشتخانەكان و كارمەندانی كوشتارگەكان و بە شێوەیەكی گشتیی ئەو كەسانەی پەیوەندییان لەگەڵ ئاژەڵ و بەروبوومی ئاژەڵدا هەیە، كۆمانكردوونەتەوە و رێنماییمان پێداون لەسەر مەترسییەکانی تای خوێنبەربوون و چۆنیەتی خۆپارێزی.
خۆپارێزیی لە مەیدانی ئاژەڵان
وەرزی بەهار گونجاوترین وەرزە بۆ گەشەکردنی بێچووە گەنەکان کە لە رێگەیانەوە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون بۆ ئاژەڵان دەگوازرێتەوە، پاشانیش لە رێگەی ئاژەڵە تووشبووەکەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.
مەیدانی ئاژەڵان یەکێکی دیکەیە لەو شوێنانەی دەكرێت نەخۆشی تێیدا بڵاوبێتەوە، لەبەرئەوەی رۆژانە لە شوێنی جیاوازەوە ئاژەڵی بۆ دەبرێت، ئەوەش دەبێتە سەرچاوە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
لێپرسراوی هۆبەی ڤێتێرنەری شارەزوور دەڵێت: بەردەوام رێنمایی بەو کەسانە دەدەین کە لە مەیدانی ئاژەڵاندا کاردەکەن، پاكوخاوێنی راگرن و دەرمانی قڕكەر بەكاربهێنن، هەروەها لەناو مەیدانەکەدا ئاژەڵ سەر نەبڕن، لەبەرئەوەی سەرچاوەیەكی سەرەکی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە.
لە تەواوی هەرێمی کوردستان چەندین کوشتارگە هەن، لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕ و تیمی تەندروستیدا ئاژەڵەکانی تێدا سەردەبڕدرێت، گۆشت بە پێوەر و پرۆتۆکۆلە زانستییە رێگەپێدراوەکاندا تێدەپەڕێت پاشان رەوانەی بازاڕەکان دەکرێت.
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە جەژنی قوربان، کە بەشێک لە هاووڵاتیان قوربانی دەکەن، وەزارەتی تەندروستی رێنمایی هاووڵاتیان دەکات، بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، لە ماڵەوە ئاژەڵ سەرنەبڕن و هەموو ئاژەڵێک بۆ سەربڕین ببرێتە کوشتارگەکان.
هەنگاوە دروستەکانی سەربڕینی ئاژەڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم کۆمەڵێک رێنمایی بۆ دوور بوون لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: پێویستە لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵدا ئەم رێنماییە زانستییانە جێبەجێ بکرێن:
-1سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە رێگەپێدراون و پزیشکی ڤێتێرنەری سەرپەرشتی دەکات.
-2لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچە پارچەکردنی گۆشتەکەی، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک: دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکاربهێنرێت.
-3نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و هاوکاریی بکەن.
-4بەبێ دەستکێش مامەڵە لەگەڵ هیچ گۆشتێکدا مەکەن و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشت پارچە پارچە بکەن و پاشان دەست بەباشی بشۆردرێت.
-5لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان  و دانانی لە کیسی داخراودا و فڕێدانی لە شوێنی تایبەت.
-6بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچە پارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.
-7پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە.
-8باشتروايە دواى سەربڕينى ئاژەڵ گۆشت بۆ ماوەى نيو سەعات لە پلەى (چوار پلەى سەدى) هەڵبگيرێت پاشان بەكاربهێنرێت، بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.
-9ئەگەر ئاژەڵ گەنە يان مێرووى دیکەى هەبوو باشتروايە سەر نەبڕدرێت.

رێکارەکانی پشکنینی گۆشت لە کوشتارگە



بابەتە پەیوەندیدارەکان