ئەلفای ئەدەبی منداڵان

گونجانی کەلتوریی لە وەرگێڕانی ئەدەبی منداڵاندا

10:23 - 2025-05-22
ئەدەب و هونەر
244 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان

    وەرگێڕانی ئەدەبی منداڵان ئەرکێکی ئەدەبی ئاڵۆزە، پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە کەلتورە جیاوازەکان هەیە، گونجانی کەلتوریی لایەنێکی سەرەکییە، دەبێت ئەو نووسەرانەی کاری وەرگێڕاندەکەن لەبەرچاوی بگرن، بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو پەیام و بەهایانەی لە دەقە ڕەسەنەکاندا هەن، بە شێوەیەکی کاریگەر دەگەیەنرێنە ئامانج، ئەمەش پێویستی بە گونجاندنی ناوەڕۆک هەیە، بۆئەوەی پەیوەندیدار و سەرنجڕاکێش بێت بۆمنداڵانی خاوەن کەلتوری جۆراوجۆر.
کاتێک باس لە گونجانی کەلتوری دەکەین، مەبەست ئەوەیە یان دەبێت هەر لەبنەڕەتدا دەقی هەڵبژێردراو بۆ وەرگێڕان گونجاو بێت و بەرکەوتە و دژی کەلتوری نێوخۆ نەبێت، یان دەبێت دەستکاریکردنی دەقە وەرگێڕدراوەکان بە ئەندازەی رێپێدراوی ماف و یاسای وەرگێڕان لە بەرچاوبگیرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ چوارچێوەی کەلتوری خوێنەرەکاندا بگونجێت کە لە نەتەوە و زمانی ترن و جیاوازن، ئەمەش خۆی لە گۆڕینی ناو و شوێن و دابونەریت و زۆر جار ئیدیۆمی بەکارهاتووشدا دەبینێتەوە، بۆئەوەی زیاترپەیوەندیدار بکرێت لەگەڵ تێگەیشتن و کەلتوری ئەو منداڵانەی بۆیان وەردەگێڕدرێت. بۆ نمونە، دەکرێت داوا لە وەرگێڕێک بکرێت ناوی کارەکتەرێک یان شوێنێکی نامۆ بگۆڕێت بە ناوێک رەنگدانەوەی کەلتوری ناوچەکە بێت، ئەمەش وا دەکات منداڵان پەیوەندییان بە کارەکتەر و رووداوەکانەوە هەبێت.
یەکێک لەو ئاڵەنگارییانەی کە وەرگێڕان رووبەڕووی دەبێتەوە، پاراستنی جەوهەری چیرۆکە رەسەنەکەیە لە کاتی ئەنجامدانی ئە مدەستکاریکردنانەدا. هەندێکجار، پێکهاتە کەلتورییەکان لە دەقی رەسەندا رەنگە لەگەڵ بەها و بنەما باوەکانی کەلتوری ئێمەی کوردا ناکۆک بن، بۆیە پێویستە وەرگێڕەکان هەستیار بن بەرامبەر بەم جیاوازییانە و کار بکەن بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک لە نێوان رەسەنایەتی و گونجاندنا دروست بکەن. بۆ نموونە ئەگەر دەقی رەسەن حاڵەتگەلێکی تێدابێت کە رەنگە لە کەلتوری کوردیدا بە نەگونجاو هەژمار بکرێت، زۆر گرنگە دەستکاری ئەم بارودۆخانە بکرێت یان بگۆڕدرێن بەو بارودۆخانە کە زیاتر لەگەڵ بەها ناوخۆییەکاندا بگونجێت.
جگە لەوەش، بوونی ناوەندێکی ئەکادیمی تایبەت بەوەرگێرانی سەرچاوە جۆربەجۆرەکانی ئەدەبی منداڵان، بۆسەر زمانی کوردی و تێگەیشتن و هەماهەنگی لە نێوان نووسەران و وەرگێڕان و کۆک بوون لەسەر ستانداردێکی گونجاو بۆ ئەو مەبەستە کارێکی گرنگ و جێی بایەخە و رۆڵێکی گرنگی هەیە لە باشترکردنی کوالیتی گونجانی کەلتوری.
نووسەرانی دەتوانن ئەوە بزانن کە چی بۆ منداڵان گونجاو بێت، ئەمەشیارمەتی وەرگێڕ دەدات باشتر لە پێداویستییەکانی خوێنەر تێبگات،هەروەها ڕەخنەی ئەدەبیی شارەزایان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لەباشترکردنی کوالیتی دەقە وەرگێڕدراوەکان.
سەرەڕای ئەمانەش وەرگێڕان تەنها لە ناوەڕۆکدا سنووردار نییە؛ بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ شێوازی گێڕانەوە، ستایلەکە دەبێت سەرنجڕاکێش بێت بۆ منداڵان، ئەمەش پێویستی بە بەکارهێنانی زمانێکی سادە و ئاسان هەیە بۆ تێگەیشتن. بە بەکارهێنانی دیالۆگی دینامیکی و وەسفە سەرنجڕاکێشەکان دەتوانێت دەقەکان سەرنجڕاکێشتر بکات، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆدابینکردنی ئەدەبێکی گونجاوی منداڵان و بەرزکردنەوەی ئەزموونی خوێندنەوەی منداڵان و بەشداریکردن لە پەرەپێدانی کەلتور و هۆشیارییان بۆ ئاستێکی فراوانتر..

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان