ترەمپ، باجی 100 ٪ دەخاتە سەر بەرهەمهێنانی فیلم لە دەرەوەی ئەمریکا

10:19 - 2025-05-25
ئابووری
21 جار خوێندراوەتەوە
داهاتووی پیشەسازیی سینەما روون نییە

ئەو رێوشوێنانەی دۆناڵد ترەمپ پێشنیازی کردووە هەڕەشە لە تەواوی پیشەسازیی فیلم دەکات، بەو پێیەی ئەگەر هەموو شتێکی لە ئەمریکا ئامادە نەکرابێت، ئەوا لە هۆڵەکانی سینەمای ئەمریکی نمایش ناکرێت، ئەمریکاش بازاڕێکی گرنگە بۆ سینەما

لە سەرەتای مانگی ئایاردا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا جۆرە باجێکی دیکەی راگەیاند، ئەویش بریتی بوو لە باجی %100 لەسەر ئەو فیلمانەی لە دەرەوەی ئەمریکا بەرهەمدەهێنرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی ناکۆکییە بازرگانییەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی دنیادا و زیانی زۆر بە سینەماکاران و کۆمپانیاکانی بواری فیلم دەگەیەنێت، بە تایبەتیش ئەو بەرهەمە سینەماییانەی هەندێک لە کارەکانی لە ئەمریکا دەکرێت و هەندێکیشی لە وڵاتانی دیکە تەواو دەکرێت.
ترەمپ پاشەکشەی بەرهەمهێنانی سینەمای لە ئەمریکا خستە ئەستۆی (هەوڵە رێکخراوەکان) کە بە بۆچوونی ئەو وڵاتانی دیکە بەڕێوەی دەبەن بۆ راکێشانی بەرهەمهێنەرانی فیلم و ستۆدیۆکانی بەرهەمهێنانی سینەما و ئەمەشی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی لێکدایەوە، هاوکات لەسەر پێگەی (تروس سۆشیال) رایگەیاند: «دەمانەوێت جارێکی دیکە فیلمەکان لە ئەمریکا بەرهەمبهێنرێن».
هەروەها نووسیویەتی: «پیشەسازیی فیلمی ئەمریکی بە مردنێکی خێرا دەمرێت، لە کاتێکدا وڵاتانی دیکە هەموو جۆرە هاندانێک پێشکەش دەکەن بۆ ئەوەی سینەماکاران و ستۆدیۆکانمان لە ئەمریکا دوور بخەنەوە».
کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەگرێتەوە؟
هەرچەندە تا ئێستا وردەکاریی ئەو بڕیارە روون نییە، ئایا ئەو باجانە کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی ئەمریکا فیلم بەرهەم دەهێنن؟ چونکە لەم ماوەیەدا لەلایەن ستۆدیۆ ئەمریکییەکانەوە هەندێ فیلمی زەبەلاح بەرهەمهاتووە لەوانە: (دێد پوڵ و وڵفرین) و (ویکد) و (گلادیاتۆر 2)، جگە لەوەی نازانرێت ئەو باجانە فیلمەکانی سەر پێگەی نێت فلێکس شانبەشانی ئەوانەی لە هۆڵی سینەماکان نماییش دەکرێن دەگرێتەوە یاخود نا.
لەو بارەیەوە حکومەتی ئوسترالیا و نیوزلەندا پاڵپشتیی خۆیان بۆ وەبەرهێنەرانی سینەما لە وڵاتەکەیان دووپاتکردەوە و تۆنی بێرک وەزیری کاروباری ناوخۆی ئوسترالیا رایگەیاند: «نابێت هیچ کەسێک گومان لەوە بکات کە بێ دوودڵی داکۆکی لە مافی بەرهەمهێنانی سینەمای ئوسترالی دەکەین».
کریستۆڤەر لوکسون سەرۆک وەزیرانی نیوزیلەنداش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: حکومەتەکەی چاوەڕێی وردەکاریی دیکە دەکات دەربارەی ئەو بڕیارە و ئاماژەی بەوە دا کە بێگومان حکومەتەکەی پاڵپشت و داکۆکیکاری کەرتی سینەما و بەرهەمهێنانی سینەمایی دەبێت لە وڵاتەکەیاندا.
کێ ئەوەی دەوێت؟
ئیڤلین سنۆ وتەبێژی سەندیکای هونەرمەندانی فیلم لە کەنەدا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی (لاپرس) ی رۆژانە وتی: «ئەو بەرهەمە گەورانەی لە ئەلفەوە بۆ یاء لە ویلاتە یەکگرتووەکان کرابێت زۆر کەمە». ئیڤلین سنۆ نیگەرانی خۆی دەربڕی لەبارەی ئەو هەلی کارانەی کە لە کیوبیک لە مەترسیدان. بە وتەی ئەو: «بەرهەمهێنانێکی ئەمریکی لە مۆنتریال دوو هەزار کەس تێیدا بەشدار دەبن، هەر لە وێنەگرەکەوە تا شۆفێری لیمۆزینەکە». 
هاوکات لە فەرەنسا، گایتان بروێل، بەڕێوەبەری دامەزراوەی گشتی بۆ پشتگیریی سینەما، مانگی نیسانی رابردوو رایگەیاندبوو، ئەوروپییەکان دەبێ خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکەن لە بەرامبەر ئەگەری هێرشی ئەمریکی لە دژی پشتیوانیکردنی دەوڵەتەکەمان بۆ کەلتور.
چاودێران دەڵێن: ئەو رێوشوێنانەی دۆناڵد ترەمپ پێشنیازی کردووە هەڕەشە لە تەواوی پیشەسازیی فیلم دەکات، بەو پێیەی پێویستە هەموو شتێک لە ئەمریکا ئامادە بکرێت و بەرهەم بهێنرێت، لەژێر هەڕەشەی ئەوەی ئەگەر وا نەبێت ناهێڵرێت لە هۆڵەکانی سینەمای ئەمریکی نمایش بکرێت، ئەوەش زۆر پڕۆژە هەر لە سەرەتاوە لەناو دەبات.
گۆڤاری (ڤاریتی) رۆشنبیری ئەمریکی سەبارەت بەم مەسەلەیە حەوت پرسیاری خستووەتە روو، لە یەکێک لەوانەدا نووسیویەتی: «کێ ئەمەی دەوێت؟ نە هۆلیوود نە سینەماکان کە لە خەباتدان بۆ گەڕانەوەی ئاستیان بۆ پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، دوا شت کە پێویستمانە باجێکی دیکەیە».
هاوکاری و باج و لێخۆشبوون
ماسیۆ داینەر، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی دەنگیی و بیستراو لە ئوسترالیا بە ئاژانسی (AAP)ی راگەیاندووە: «لە پیشەسازییەکەماندا زۆر شت هەیە کە تا ئێستا نەزانراوە، بەڵام تا ئەو کاتەی زیاتر دەربارەی ئەو بڕیارانە دەزانین، گومانی تێدا نییە ئەمە دەبێتە هۆی نائارامیی لە سەرانسەری جیهاندا».
دۆناڵد ترەمپ بە بڕیارە نوێیەکەی بەرامبەر مۆدێلێکی بازرگانی دەوەستێتەوە کە لەلایەن ستۆدیۆ و سینەماکارانی ئەمریکاوە پەیڕەو دەکرێت، ئەویش بەدەستهێنانی یارمەتیی یان کەمکردنەوەی باجە بۆ وێنەگرتن لە وڵاتانی دیکەی (وەک هەنگاریا، کەنەدا، بەریتانیا، ئیسپانیا، ئێرلەندا و ئەوانی تر) کە لە بەرامبەردا چەندین هەلی کار بۆ ئەو وڵاتانە دابین دەکەن جگە لە داهاتی گەشتیاریی.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکردەوە، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی گواستنەوەی بەرهەمە سینەماییەکان بۆ دەرەوەی ئەمریکا، ئەو بە تایبەتی باسی لە لەناوچوونی هەلی کار کردووە بۆ چینی ناوەڕاست، لە پیشەسازی فیلم و بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆنیدا لە لۆس ئەنجلۆس.
رۆژنامەکە نووسیویەتی: «ئەوەی لە مەترسیدایە داهاتووی هۆلیوودە». پاشان کورتەیەک لەو سەرنجانەی کۆیکردووەتەوە خستووەتە روو، هەروەها بەرپرسێکی سەندیکاکان دابەزینی پیشەسازیی فیلمی لە کالیفۆرنیا بەراورد کردووە بە دابەزینی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی دیترۆیت کە نیو سەدە لەمەوبەر دامەزراوە، راستە هێشتا بەرهەمهێنەرە گەورەکان بارەگاکانیان لەوێ ماوە، بەڵام کارگەکانیان لە دەرەوەی ئەمریکایە.
بریکارێکی کاروباری بەریتانی بە سکرین دەیلیی راگەیاندووە: «پێدەچێت ئەمە کارەساتێک بێت بۆ پیشەسازیی فیلمی جیهانی». دواجار ناوەندەکانی پیشەسازیی فیلم لە سەرانسەری جیهاندا نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بەوەی دووڕیانێک لە بەردەمیاندایە: یان ناتوانن فیلمەکانیان لە ئەمریکا پیشان بدەن بەهۆی کێشەی تێچوون و ئەو باجە زۆرەی بڕیارە بخرێتە سەریان، یاخود دەبێت بە تەواوی بەرهەمهێنانی فیلمەکانیان لەو وڵاتەدا بکەن، کە ئەوەش رەنگە ئاسان نەبێت.

سەرچاوە: BBC عەرەبی / alarabiya.net

بابەتە پەیوەندیدارەکان