پیرۆزبایی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، بۆ 50 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

01:53 - 2025-05-31
کوردستان
70 جار خوێندراوەتەوە


بەڕێز/ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
بەڕێزان/ ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.
بەڕێزان/ ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی.
بەڕێزان/ ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی.
بەڕێزان/ کەسوکاری شەهیدانی سەربەرز و پێشمەرگە قارەمانەکان

 بەبۆنەی پەنجایەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ھەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، بەڕابەرایەتیی کۆچکردوو سەرۆک مام جەلال، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، سەرجەم ئەندامان، پێشمەرگە، زیندانیانی سیاسی و کەم ئەندامانی سەنگەر و ژنانی تێکۆشەری نێو یەکێتی دەکەین.

یەکێتی لەرۆژی 1ی6ی1975، بەیاننامەی دامەزراندنی خۆی و نیاز و ئومێدی خەڵکی بڵاوکردەوە و شۆڕشێکی راستەقینە لەو ساتەوە ھەڵگیرساند ئەمڕۆ نیوسەدە تێپەڕ دەبێت بەسەر دامەزراندنیدا، لەم ڕۆژە پیرۆزەدا سڵاو و درود دەنێرین بۆ گیانی پاک و بەرزەفڕی شکۆی نەتەوە و نیشتمان، سەرۆک مام جەلال و سەرجەم شەھیدانی رێگەی رزگاریی کورد و کوردستان.

یەکێتی راستەوخۆ دوای دامەزراندنی، رێکخستنە نهێنییەکان لەناو شار، پێشمەرگە قارەمانەکان لە شاخ بەردەوام بوون تا لە راپەڕینی کوردستان و وەدەرنانی رژێمی بەعسی فاشیستی رۆڵی رابەرایەتی هەبوو، لە سایەی ئەم شۆڕشەدا  یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراو حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرێنرا.

یەکێتی؛ حزبێکی خەباتگێڕ و خاوەن قوربانی زۆر و دەستکەوتی زۆرە لە تەواوی کوردستان، هەمووان شانازی پێوە دەکەین، ئەم یادە، بۆنەیەكی مێژوویی بەشكۆیە لە مێژووی گەلەكەمان و رووداوێكی گرنگ و دەگمەنی كوردایەتیشە، هەروەها یەكێتی حزبی رچەشكێنی ئاڵانگارییەکان، بەرپرسیاریەتییە سەختەكان و ئەركە مێژووییەكانە، حزبی قارەمانێتی و ئازایەتی و جوامێری خەباتی پێشمەرگایەتی خاوەن 23 هەزار شەهیدە بۆ گەل و نیشتمان، یادکردنەوەی  یەکێتی شۆڕشی میللەتێکە لەپێناو ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی، چەسپاندنی مافی مرۆڤ و نەھێشتنی دیکاتۆریەت و ھێنانە کایەی بیر و ئاراستەی سیاسیی جیاواز و فرەی کە ئێستا ئەزموونەکەمان لەسایەیدا بە ھەرێمێکی دەستوورییەوە بەرهەمهاتووە.

ئەم یادە یادکردنەوەی ھەزاران شەھیدی قارەمان و سەرکردەی بەتوانا و سەرۆکێکی مێژوویی حەکیمی وەک سەرۆک مام جەلال و نموونەییە کە تەواوی تەمەنی بۆ خزمەتی گەلەکەی تەرخان کرد؛ تا دوا ساتی تەمەنی ببووە سەمامی ئەمان لە عیراق و کوردستانیش بۆ مافی ھەموو چین و توێژ و پێکھاتەکان.

دووبارە پیرۆز بێت ساڵڕۆژی دامەزارندنی یەکێتی، بەرز و شكۆدار  ئەم رۆژە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان