بە ئەلکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک لە سەرجەم شارەکانی هەرێم راگەیەندرا
بەشێوەیەکی رەسمی لەسەرجەم ئیدارە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی بە ئەلکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک راگەیەندرا.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەفدێکی عیراق هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکە.
وتیشی، داوا لە هاووڵاتیان دەکەن هاوکاری وەزارەتەکە بن و بە زوویی پسوڵەکە بەشێوەی ئەلکترۆنی پڕبکەنەوە.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە چەند رۆژی رابردوودا، پرۆسەی بە ئەلکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک بەشێوەی ئەزموونی بەردەستبووە و لە هەولێر 37 هەزار و لە سلێمانی 80 هەزار و لە هەڵەبجە 67 هەزار و لە دهۆکیش 40 هەزار کەس پسوڵەکەیان پڕکردووەتەوە.