گرووپی پەرلەمانتاران بۆ داكۆكیكردن لە مافی نەتەوەی كورد لە هەر چوار بەشی كوردستان، لە پەرلەمانی سویسرا، پشتیوانیان كرد لە وەرگرتنی پرۆژەیەك بۆ ناساندنی كیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 وەك تاوانی جینۆساید.
سالار سەرحەد خەلیفە یونس، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و لێپرسراوی بەشی پەیوەندییە كوردستانییەكان لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی (ی.ن.ك) و سەرۆكی وەفدەكە رایگەیاند: ئەم پرۆژەیە لەلایەن یەكێتیی نیشتمانيی كوردستان وەك حزبێكی ئەندام لە رێكخراوی سۆسیال ئینتەرناسیۆنال پێشكەشكراوە، ئامانجی ئەوەیە پەرلەمانی سویسرا هاوشێوەی پەرلەمانی بەریتانیا، هۆڵندا، سوید و نەرویژ بە رەسمی دان بەو تاوانانەدا بنێت كە لە دژی گەلی كورد ئەنجام درا.
بەپێی پرۆژەكە، كمیابارانی هەڵەبجە كە زیاتر لە (5000) كەسی شەهیدكرد و هەزاران كەسی تری برینداری كرد، دەبێت وەك "تاوانێكی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید" بناسرێت.
بڕیارە پڕۆژەكە لە كۆمیتە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانی سویسرا، بە تایبەت كۆمیتەی (یاسا و دادگەری)، باس بكرێت تا بخرێتە بەرنامەی پەرلەمانی سویسرا، بۆ داننان بە كیمیا بارانی هەڵەبجە وەك تاوانێكی جینۆساید.
سالار سەرحەد خەلیفە یونس، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی رایگەیاند: گرووپی پەرلەمانتاران بۆ داكۆكیكردن لە مافی نەتەوەی كورد لە هەر چوار بەشی كوردستان، لە پەرلەمانی سویسرا، جەختیان لەسەر گرنگی بە رەسمی ناساندنی ئەم تاوانانە وەك جینۆساید كردووەتەوە، بۆ دادپەروەری و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانە دڕاندانە لە داهاتوودا دژی گەلە ژێر دەستەكانی دونیا.