ریكلام، ئاوازە رەسەكانی كوردی شێواندووە

11:41 - 2025-06-04
هەمەرەنگ
30 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندێكی نەی ژەنی كورد، رەخنە لەوە دەگرێت، هونەری رەسەنی كورد لەپێناو بەرژەوەندی ماددی لەلایەن كۆمپانیا و بازرگانەكانەوە، بارزگانی پێوەدەكرێت و ئاوازە رەسەنەكان بۆ ریكلامی برنج و رۆن و چا بەكاردەهێنرێت و ئاواز و میلۆدییەكان دەشێوێنرێن.  
هونەرمەندی نەی ژەن توانا ئەبوبەكر قادر ناسراو بە (توانای نەی) بە دوالاپەڕەی وت: بەهۆی ئەوەی كە دەرەفەت نەڕەخسا تەنها تا قۆناغی دووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانم خوێند، سەرەتای كاری هونەریم بۆ ساڵی 1993 دەگەڕێتەوە، ئەو ساڵە لەگەڵ كۆمەڵێك گەنج گروپێكی میوزیكمان بە ناوی (تیپی مۆسیقای نوێكار) دامەزراند و چەند بەرهەمێكمان بۆ كەناڵی گەلی كوردستان تۆمار كرد. لە پەیمانگەی ئۆرکێسترای سلێمانی دەستم بە خوێندنی ئەلف و بێی میوزیك و ئامێری (نەی) كرد، جگە لە نەی شارەزای چەند ئامێرێكی تری میوزیكم. لەگەڵ تیپەكانی (مۆسیقای نوێكار، تیپی فۆلكلۆری كورد، تیپی مۆسیقای مەولەوی، تیپی گەڕیان، تیپی شنروێ) كارم كردووە. 
توانای نەی وتیشی:  ئێستا خاوەنی فێرگەیەكی تایبەت بە (نەی)م، تاكە فێرگە لەسەرتاسەری كوردستان بۆ پێگەیاندنی فێرخوازانی ئامێری نەی لە رووی ئەكادیمایی نۆتە، لە ئێرانیش ناوبانگی فێرگە و بەندە لە ئاستێكی باڵادایە و گرتە ڤیدیۆكانم لەو وڵاتە لە ریزبەندی باشترین ژەنیارە بە تواناكاندایە.
توانای نەی باسی لەوەش کرد: سەرقاڵی نووسینی كتێبێكم لەبارەی ئامێری نەی بە زمانی كوردی كە تاكە سەرچاوە دەبێت بۆ فێربوونی ئامێری نەی بە زمانی كوردی، زۆربەی كارەكانی ئەو كتێبەش تەواو بووە و هیوادارە بیخاتە بەر دیدی فێرخوازان.
ئەو هونەرمەندە رەخنەی لە كۆمپانیا و بازرگانەكان گرت كە بە ناوی ریكلامی بازرگانییەوە ئاواز و گۆرانییە رەسەنەكان بۆ ریكلامی چا و رۆن و برنج بەکاردەهێنن و دەیشێوێنن و دەبێت لایەنی بەرپرس بە تایبەتی وەزارەتی رۆشنبیریی هەنگاوی جددی بۆ رێگرییكردن لەو كارە بنێت و رێگە نەدات ئەم هەموو میلۆدییە جوانەی كوردەواریی لەپێناو بەرژەوەندی چەند كۆمپانیا و بازرگانێك لەناو بچێت. 
 ئالان محەمەد جەزا 

بابەتە پەیوەندیدارەکان