لە سوید دادگاییکردنی تیرۆریستێکی داعش دەستیپێکرد

10:15 - 2025-06-05
جیهان
55 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، پرۆسەی دادگاییکردنی تیرۆریستێکی داعشی بەناوی (ئوسامە کەریم) دەستیپێکرد، کە تۆمەتبارە بە تاوانی جەنگ و کردەوەی تیرۆریستی و بەشداریکردنی لە کوشتنی مەعاز کەساسبە فڕۆکەوانی ئوردنی، کە بەشێوەیەکی دڕندانە بەزیندوویی لە سوریا سوتێنرا.
ئەو تۆمەتبارە، لەسەر پەلامارەکانی سەر پاریس و برۆکسیل لە ساڵانی 2015 و 2016 لەلایەن دادگاکانی فەرەنسا و بەلجیکاوە سزادراوە، بەڵام بۆ یەکەمجارە وەك یەکەم تۆمەتبار بە کوشتنی فڕۆکەوانە ئوردنییەکە، دادگایی دەکرێت.
لە 24ی کانونی یەکەمی ساڵی 2014 کەساسبەی فڕۆکەوان لە چوارچێوەی هەڵمەتە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بۆردومانی بنکە و بارەگاکانی رێکخراوەکەی دەکرد لە سوریادا، بەڵام فڕۆکەکەی تێکشکاو دەستگیرکرا. دواتر لە 3ی شوباتی 2015 گرتەی ڤیدیۆیی سوتاندنی بەشێوەیەکی دڕندانە بڵاوکرایەوە.
دادگاییکردنەکە لەژێر چاودێرییەکی توندی ئاسایشی سویددا بەڕێوەدەچێت و سافی کەساسبە باوکی فڕۆکەوانەکەش لە ئوردن بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی وتووە؛ ئومێدەوارن ئەو تاوانبارە هێندەی گەورەیی تاوانەکەی، توندترین سزا بدرێت. هەرئەوەش لە یاسای بەڕێز و دادپەروەر چاوەڕوان دەکەن.
(ئوسامە کەریم) خاوەنی رەگەزنامەی سویدییە و تەمەنی 32 ساڵە، خەڵکی شاری مالمۆیە. لە ساڵی 2014 پەیوەندی بە داعشەوە کردووە و لە مانگی ئەیلولی 2015دا گەڕاوەتەوە ئەوروپا و لە مانگی نیسانی 2016 لە بەلجیکا دەستگیرکراوە.
کوردستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان