كتێبـی (كوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد) بڵاوكرایەوە

لێپرسراوی بۆردی هۆشیاری: گرنگە هەموو ئەو هەوڵانە یەكبخرێن كە بۆ كۆكردنەوە و چاپكردنی نووسینەكانی سەرۆك مام جەلال خراونەتەگەڕ

10:19 - 2025-06-05
کوردستان
58 جار خوێندراوەتەوە

لەچوارچێوەی چالاكییەكانی بۆردی هۆشیاریی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەكێتی بۆ یادی یۆبیلی زێڕینی ی.ن.ك، دوێنێ بۆردی هۆشیاری، رێوڕەسمێكی بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبـی (كوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد) لە نووسینی سەرۆك مام جەلال، رێكخست.
لە رێوڕەسمەكەدا، كە لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن، نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا لێپرسراوی بۆردی هۆشیاری، تێكۆشەران و ژمارەیەك نووسەر و رۆشنبیر و كادرانی حزبی ئامادەبوون، سەركەوت جەلیل وەرگێڕی كتێبەكە، ئاماژەی بەو خاڵانە كرد كە لەكاتی وەرگێڕانی كتێبەكەدا سەرنجی راكێشاوە و وتی: دیدگای سەرۆك مام جەلال، لەدوای چەندین ساڵ لە نووسینی ئەم كتێبە، هێشتا بەسەر رووداو و پێشهاتەكانەوە دیارە و هەستیپێدەكرێت.
پاشان، لێپرسراوی بۆردی هۆشیاری، چەند سەرنجێكی لەسەر كتێبـی (كوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد) و كۆبەرهەمەكانی بۆردی هۆشیاری، كە تایبەتن بە ئەدەبیاتی مام جەلال، خستەڕوو و رایگەیاند: 11 بەرهەمی سەرۆك مام جەلال لەچوارچێوەی پرۆژەی كۆبەرهەمەكانی مام جەلال، كۆكراونەتەوە و چاپكراونەتەوە، كە گرنگە هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ كۆكردنەوە و چاپكردنی نووسینەكانی مام جەلال خراونەتەگەڕ، یەكبخرێن، باسی لەوەشكرد كە لەلایەن سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، پێشنیازی ئەوەی بۆ كراوە ئەم بەرهەمانە وەربگێڕدرێنە سەر زمانی ئینگلیزی، كە ئەوەش پێویستی بە لیژنەیەكی پسپۆڕ هەیە.
لەكۆتاییشدا، خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە هاوكارانی بۆرد سەركەوت جەلیل، هاوار نەسرەدین و ئارام حسێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان