كونسوڵی چین لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینەوە داوای هەماهەنگی دەکات

10:21 - 2025-06-05
کوردستان
58 جار خوێندراوەتەوە

بەمەبەستی دروستكردنی هەماهەنگی، لیو جیون كونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی كوردستان، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینی كرد.
لەبارەی سەردانەكەوە، دلاوەر قوباد جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، كە ئامادەی سەردانەكەی كونسوڵی چین بوو بۆ ئیدارەی راپەڕین، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دیداری كونسوڵی چین و هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون بوو لە دەڤەرەكە و هەماهەنگی كونسوڵخانە و ناوچەكە بوو بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكان و هاتنی كۆمپانیای چینی و رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجانی سنوورەكە.
باسی لەوەشكرد، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، باسی لە گەشەی دەڤەرەكە و ئەو ئاستەنگانە كرد كە دێنەپێش بۆ بەرەوپێشبردنی دەڤەرەكە، داواشیكرد كە كونسوڵی چین كۆمپانیا چینییەكان هانبدات بۆ كاركردن لە دەڤەری راپەڕین و دروستكردنی دەرفەتی كار بۆ گەنجان.
دلاوەر قوباد، وتیشی: كونسوڵی چین، دڵنیاییدا كە بەگرنگییەوە لە دەڤەری راپەڕین دەڕوانن و دەیانەوێت هەماهەنگی لەنێوان كونسوڵخانەی چین و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دروستببێت.
لەلایەكی دیكەوە و لەمیانی سەردانی بۆ زانكۆی راپەڕین، كونسوڵی چین لەگەڵ پ.ی.د.پەیمان رەمەزان سەرۆكی زانكۆی راپەڕین كۆبووە و باسیان لە پەیوەندی و كار و چالاكی و پڕۆژەی هاوبەشی نێوان زانكۆی راپەڕین و زانكۆ و دامەزراوە ئەكادیمییەكانی چین، كرد.
سەرۆكی زانكۆی راپەڕین، پوختەیەكی لەسەر كار و پڕۆژەكانی زانكۆی راپەڕین خستەڕوو، داواشی لە كونسوڵ كرد هاوكاریی زیاتری زانكۆی راپەڕین بكەن بە پڕۆژە و پرۆگرام و زەمالەی خوێندن، لە بەرامبەریشدا كونسوڵی چین، وتی: مەبەستمان بووە سەردانی زانكۆی راپەڕین بكەین بۆ كاری پێكەوەیی و هاوكاری ئەكادیمی و زانستی و دروستكردنی پەیوەندی لەنێوان زانكۆی راپەڕین و دامەزراوە ئەكادیمی و زانستییەكانی وڵاتەكەمدا.
رانیە، جێگر خدر

بابەتە پەیوەندیدارەکان