قوباد تاڵەبانی: ناکرێت مووچە تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا بکرێت

07:42 - 2025-06-25
کوردستان
41 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ کرد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، باس لە دواین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل کرا. هەردوولا هیوایان خواست لە دوای راگەیاندنی ئاگربەست ناوچەکە سەقامگیری زیاتر بەخۆیەوە ببێنێت و هەموو کێشە و ململانێیەکان بە رێگەی سیاسی چارەسەر بکرێن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش زیاتر هاوکاربێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و بە تایبەتیش باس لە کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران بە ئاماژەدان بە دۆخی ژیان و گوزەرانی موچەخۆرانی کوردستان رایگەیاند، ناکرێت مووچە و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت. وتیشی، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا وەفدێکی حکومەتی فیدراڵ سەردانی هەرێم بکات و هیوای خواست بتوانرێت کێشەی موچە چارەسەر بکرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا هەرێمی کوردستان و هەموو عیراق پێکەوە دەتوانن گەشە بکەن و گەشەسەندنی هەر بەشێک لە عیراق لە بەرژەوەندی هەموو عیراقدایە. 
روونیشیکردەوە، هەرێمی کوردستانیش کاتێک دەتوانێت گەشەسەندوو و بەهێز بێت کە لە بەغدا پێگەیەکی بەهێزی هەبێت و بتوانین لە چوارچێوەی دەستووردا کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان