ئا: دڵان سامان
رەنگە چین یەکەم وڵات بێت کە سەرکەوتوو بێت لە هێنانی بەرد و خۆڵی هەسارەی مەریخ ئەویش بە گەیشتن بە ساڵی 2031، دوای ئەوەی بەرواری هەڵدانی (تیانوین-3) یان راگەیاند، بەو شێوەیە پێش ئاژانسی ناسا و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپی دەکەوێت.
(تیانوین-1) لە ساڵی 2021 دا سەرکەوتنێکی بەرچاوی تۆمار کرد، دوای ئەوەی بە سەرکەوتوویی لەسەر رووی مەریخ نیشتەوە، بەو جۆرە چین لە دوای ئەمریکا دەبێتە دووەم وڵات لە جیهاندا کە بتوانێت کەشتییەک لەسەر رووی هەسارە سوورەکە بنیشێنێتەوە.
راپۆرتێک کە لەسەر پێگەی (دەیلی گالاکسی) بڵاوکراوەتەوە باس لەوە دەکات (تیانوین-3) ساڵی 2028 دەنێردرێتە بۆشایی ئاسمان و ئامانجیشی کۆکردنەوەی زیاتر لە 500 گرام بەرد و خۆڵی سەر رووی مەریخ و گەڕاندنەوەیەتی بۆ زەوی.
هەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە، چین ئەمجارە تەکنیکی زۆر پێشکەوتوو بەکاردەهێنێت کە لە ئەرکەکانی کەشتییەکانی پێش خۆیدا بەکارهێنراوە و سەرکەوتوو بووە، لەنێویشیاندا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە کە لە فڕۆکەی "ئەنجینیۆیتی" تایبەت بە ئاژانسی ناسا-وە وەرگیراوە بۆ کۆکردنەوەی سامپڵ لە چوارچێوەی 100 مەتر لە جێگەی نیشتنەوەی کەشتییەکە، هاوکات ئەم پرۆسەیە دوو مانگ دەخایەنێت و تایبەت دەبێت بە جێگیرکردنی رادارەکان بۆ پێوانەکردن و لێکۆڵینەوە لە جیۆلۆجیای مەریخ.
هەروەها هەوڵدەدات لە ئیکۆسیستمی مەریخ تێبگات لەگەڵ زانینی شێوازەکانی ژیان و شوێنەواری زیندوویی یان کیمیایی کە ئاماژە بێت بۆ ژیان لە رابردوو و ئێستادا.
دوای کۆکردنەوەی سامپڵەکان لە رێگەی موشەکێکی تایبەتەوە دەخرێتە ناو کەشتییەک لە خولگەی زەوییدا و لەوێوە رەوانەی زەوی دەکرێتەوە.
لەلایەکی ترەوە ناسا بە هاوکاری ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا سەرکردایەتی پڕۆژەی "گەڕانەوەی سامپڵەکانی مەریخ" دەکات، کە بڕیارە چەند ساڵێکی پێبچێت، بۆ کۆکردنەوەی نموونە و سامپڵە لە ناوچە جیاوازەکانی سەر رووی هەسارەکە و گەڕاندنەوەیەتی بۆ زەوی.
سەرچاوە: سکای نیوز