ئا: ئه‌یاز هه‌ركی
دوای 100 ساڵ لە لەسێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی، هێشتا روفاتیان نادیارە و کەسوکاری شێخ سەعید داوا دەکەن حکومەتی تورکیا روفاتەکانیان بداتەوە.
له‌وباره‌یه‌وه قاسم عه‌لی ره‌زا نه‌وه‌ی شێخ سه‌عیدی پیران و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی شێخ سه‌عیدی پیران له ئامه‌د، به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: پاش 100 ساڵ له لەسێداره‌دانی شێخ سه‌عید، هێشتا حكومه‌تی توركیا روفاتی 46 كه‌س له هاوڕێكانی شێخ سه‌عیدی به‌نادیاری هێشتووەته‌وه، چه‌ندین جار داوامان له دادگای ئامه‌د و دادگای باڵای توركیا كردووه كه روفاتەکانمان بۆبگێڕنەوە، هه‌رچه‌نده دادگای ئامه‌د بڕیاریدا و پشتڕاستی کردەوە كه ئه‌مه مافێكی یاساییە و ده‌توانن داوای مافی خۆتان بكه‌ن، به‌ڵام پێیانوتین ئه‌م مافه دەبێت له دادگای باڵا و وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا داوابکەن.
وتیشی: ئێمه داواکاریمان ئاڕاستەی دادگای باڵا و وەزارەتی ناوخۆ کردووە كه روفاتی شێخ سه‌عید و هاوڕێكانی بگه‌ڕێننه‌وه، به‌ڵام پێیان راگه‌یاندین، كه ئه‌وان ئاگاداری ئه‌و پرسه نین و هیج زانیارییه‌كیان له‌و باره‌یه‌وه نییه و به‌رپرسیار نین.
روونیشیكرده‌وه: ئێمه دووباره دۆسییه‌كه‌مان له دادگای باڵای توركیا كردۆته‌وه و زیاتر له ساڵێكه هیج قسه‌یه‌كی ئه‌رێنی و نه‌رێنیمان له‌باره‌ی دۆسییه‌كه‌وه پێ رانەگەیەندراوە و بێده‌نگن، هه‌روه‌ها چه‌ند مانگێكی دیكه‌ش چاوه‌ڕێی دادگا ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر وه‌ڵاممان نەدەنەوە، ئه‌م كه‌یسه ده‌به‌ینه دادگای نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام پێموایه تا ئه‌وكاته‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا و باكووری كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رم و دادپه‌روه‌رانه به‌ڕێوه‌نه‌چێت، ئه‌م پڕسه هێڵێكی سووره لەلای حكومه‌تی توركیا.
قاسم نه‌وه‌ی شێخ سه‌عیدی پیران ده‌شڵێت: ئێمە وەک بنەماڵەی شێخ سەعید و کۆمەڵەکەی داواكارین لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان ئه‌م پڕسه یه‌كلایی بکەنەوە، چونکە پێویستە گەلی کورد لە پرۆسەی ئاشتیدا ئه‌م خاڵه گرنگه له‌به‌رچاو بگرێت، بۆئه‌وه‌ی شكۆی میلله‌تی كورد بپارێزرێت و دادپەروەریی شوێنی خۆی بگرێت.
شایه‌نی باسه، له ساڵی 1925، دوو ساڵ دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی عوسمانی و دامه‌زراندنی كۆماری نوێی توركیا، شێخ سه‌عیدی پیران له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی كورد له باكووری كوردستان، بەهۆی ناکۆکیی جیاوازه‌وه بڕیاریاندا له دژی دەوڵەت راپەڕین بکەن به‌مەبە‌ستی رزگاركردنی باكووری کوردستان و به‌دیهێنانی مافەکانی گەلی کورد.
له رۆژی 13ی شوباتی 1925، شۆڕش له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی باكووری كوردستان ده‌ستیپێكرد. دوای رزگاركردنی چه‌ند شار و ناوچه‌یه‌كی ستراتیژی و ئازادكردنی شاری ئامه‌د، به‌ڵام سوپای ئه‌وكاته‌ی توركیا به فێڵ و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سوپای فه‌ره‌نسا له سوریا، له پشته‌وه هێرشێكی له‌ناكاو بۆ سه‌ر شاری ئامه‌د دەکەن، له ئه‌نجامدا شێخ سه‌عیدی پیران و 46 سه‌ركرده و فه‌رمانده‌ی راپه‌رین کە به‌دیل گیران. هه‌روه‌ها له رۆژی 29 حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵ له دادگایه‌كی سه‌ربازیی عورفی له سێداره‌دران و تا ئێستاش گۆڕه‌كانیان نادیاره.
زانا و شۆڕشگێری كورد شێخ سەعید کوڕی شێخ مەحمودی کوڕی شێخ عەلی لە ساڵی 1862 لە پالوی ناوچه‌ی ئامه‌د لەدایکبووە، بنەماڵەکەی له كۆنه‌وه ئایینپەروه‌ر و رابه‌ری تەریقەتی نەقشبه‌ندی بوون باکووری کوردستان. باپیرە‌ی شێخ عەلی ده‌ستیڕی ته‌ریقه‌ته‌كه‌ی لە مەولانا خالیدی نەقشەبەندی لە شام وەرگرتووە. دوای کۆچی دوایی باوکی، شێخ سه‌عید دەبێتە رابه‌ری گشتیی تەریقەتی نەقشبەندی و هەزاران مورید و دەروێشیان لە باکووری کوردستان هەبووە.
له ساڵی 1908دا، تیكه‌ڵی سیاسه‌ت دەبێت و بەشداری له چەندین کۆمەڵەی کوردی‌دا کردووە، هه‌روه‌ها شێخ سەعیدی پیران چەندین شیعری بە زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی و عەرەبی نووسیوە و سه‌ركرده‌یه‌كی زانای ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد بووە.