زمانی کوردی و ناسنامە لۆکاڵییەکان

10:02 - 2025-08-13
کەلتور
32 جار خوێندراوەتەوە

فەرەیدوون سامان*

 
گەلی کورد لە چەندان پێکهاتەی ئیتنیکی و زمانەوانی پێکهاتووە، وەک ئیتنیکی ئێزیدی و شەبەک و یارسان- کاکەیی، هەروەها زارەکانی کورمانجی و لەک و لوڕ و کەلهور و هەورامی و زازاکی، بێگومان هەریەک لەم پێکهاتانەش سەر بە نەتەوەی مەزنی کوردن، بۆیە ئاساییە کاتێک کوردێکی زازاکی یان هەورامی، یان هەر گرووپێکی تر جەخت لە زارەکەیان وەک زمان دەکەنەوە و خۆیان وەک زمان دەناسێنن، یان ناسنامە لۆکاڵییەکەیان دەخەنە پێش ناسنامە نەتەوەییەکەیان، واتە بەر لەوەی بڵێن ئێمە کوردین، دەڵێن زازاکین، هەورامین، ئێزەدین، شەبەکین، کە هەرهەموویان گوزارشت لە ناسنامە لۆکاڵییەکەی خۆیان دەکەن و هاوکات کوردبوونی خۆیشیان رەتناکەنەوە، کەواتە شوناس هەڵبژاردن، مافێکی سروشتی هەر گروپێکە، مافێکە لە هەموو پەیماننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکاندا مسۆگەر کراوە، بەڵام ناسنامە جێگیر نییە، واتە بە گوێرەی کات و شوێن دەگۆڕێت، چونکە ناسنامە بە «لەدایکبوون» وەک شتێکی رێکەوت دیاریی ناکرێت، بەڵکو وەک «شێوازی ژیان» دیاریی دەکرێت، کەسێکی ئەوروپی یان ئەفریقی  کە هەڵگری ناسنامەیەکە، ئەمە هەڵبژاردنی خواست و ویستی خۆی نییە، بەڵکو ناسنامەیەکی بۆماوەییە کە بەسەریدا سەپێنراوە و هەڵیدەگرێت. هەمان شت بۆ تاکێکی ئێزیدی یان هەورامییەکیش راستە، زۆرجار لە ئەنجامی پەراوێزخستنی ناسنامەی لۆکاڵی ئەم پێکهاتانە، وەک پەرچەکردارێک جەخت لە سەربەخۆیی ناسنامە لۆکاڵییەکەی خۆیان دەکەنەوە، لە راستیدا ناکرێت نەتەوەیەک زمانی پیرۆزی ئایینەکەی (سەرەنجام)
ی یارسان بێت و بە زاری هەورامی نووسرابێت، تەنانەت زمانی دەسەڵاتی نزیکەی 7 سەدەی میرنشینی ئەردەڵان بووبێت و پەڕاوێز بخرێت.
 ئەمڕۆ کەسانێک بیانەوێ ناسنامە لۆکاڵییەکەیان پێش ناسنامە نەتەوەییەکەیان بخەن، واتە خۆیان لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد داببڕن، نەک هەر هەڵەیەکی گەورە دەکەن، بەڵکو خزمەت بەو ئەجیندایە دەکەن کە سەدەیەک زیاترە دەوڵەت و نەتەوەی داگیرکار، کاری بۆ دەکەن. هەڵبەتە ئەم بۆچوونە بۆ کوردی ئیزیدی و شەبەک و لەک و لوڕیش هەر راستە، وەک ئاماژەم پێکرد ماوەی سەدەیەک زیاترە نەتەوەی سەردەستی تورک و فارس و عەرەب بە پلان و دامەزراوەی تایبەت بە ناوی ناوەندی توێژینەوە و تەرخانکردنی سەدان ملیۆن دۆڵار بۆ ئەم مەبەستە، هەوڵی جوداکردنەوەی ئەو پێکهاتە رەسەنانەی گەلی کوردیان داوە، تا رادەیەک کاریگەرییان بەسەر هزر و هەستی کەسانێک تەنانەت لە ئاستێکی ئەکادیمی و زانستیشدا هەبووە، وەک: کورد نەتەوە نییە، یان کۆمەڵە زمانێکە، یان زارەکانی، خۆیان زمانێکی سەربەخۆن.
بێگومان هەر گروپێک، هەر مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە ئەو ناسنامەیەی ئارەزووی دەکات و ئەو نەتەوەیەی شانازیی پێوە دەکات، لە باوەش بگرێت، بە مەرجێک بە ناسنامەی خۆی شوناسەکانی دیکە رەتنەکاتەوە و سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی نەتەوەیەکی دیکە نەکات و هەوڵی لەناوبردنی شوناسی نەتەوەکانی دیکەش نەدات.

هەر گروپێک، هەر مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە ئەو ناسنامەیەی ئارەزووی دەکات و ئەو نەتەوەیەی شانازی پێوە دەکات، لە باوەش بگرێت، بە مەرجێک بە ناسنامەی خۆی شوناسەکانی دیکە رەتنەکاتەوە و سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی نەتەوەیەکی دیکە نەکات


هۆکاری سەرەکیی شکستی ناسنامە

 ئەم سەدەیە، هزری ناسیۆنالیستی، یان هزری ئایینی وەک ئایدۆلۆژیا و دیاردەیەکی «توندڕەو» لە کۆمەڵگەکاندا سەریهەڵدا، لە کۆمەڵگەیەکدا کە چەندان نەتەوە و ئیتنیک و ئایین و ئایینزایان هەیە، واتە کۆمەڵگەیەکی فرەیی و پلۆرالیزمن، زۆرجار ئەم هزرە توندڕەوە لەلایەن دەوڵەتە ناوەندە شکستخواردووەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، لە ئەنجامدا توندوتیژی و تیرۆر بەرهەمی دەوڵەتێکی توندڕەوی نەتەوەیی یان فەندەمەنتالیزمە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی «شکستی ناسنامە»یە، کە لە ئەنجامی راستەوخۆی شکستی گوتاری ئایینی، یان نەتەوەییدا سەرهەڵدەدات و بوونەتە «بۆمبی کاتی» و ئامادەن لە هەر ساتێکدا بتەقنەوە.
بۆ نموونە ئەو ململانێ و شەڕە ناوخۆییانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند ناوچەی دیکەی جیهان و بە تایبەتیش کوردستان شاهیدی ئەو تەنگژەی رووداوانەن، کە تێیدا هەمووان کۆمەڵکوژ دەکرێت، لە ئەنجامی شکستی کارەساتبارانەی شوناسە لەسەر چەند ئاستێک، نە ناسنامەیەکی گەورە توانی ناسنامەی بچووک، نە ناسنامە لە سەرەوە بۆ خوارەوە توانی ئەویدی رەتبکاتەوە، تەنها ناسنامەیەک هەیە نەک وەک چەکێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی شوناسەکانی تر، بەڵکو وەک گوتارێک بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ شوناسەکانی تر و ئەویش پێکەوەژیانە لەگەڵ یەکتردا، دواجار ئامانجی نەتەوەی سەردەست لە ناساندنی ناسنامەی ئەم پیکهاتە رەسەنانەی کورد وەک زمان و نەتەوەی جیاواز لە گەلی کورد، پاکتاوی نەژادی و گۆڕانکاریی دیمۆگرافی بووە لە خاکی نیشتمان و دەستگرتن بووە بەسەر سامانی سروشتی و مرۆیی کوردستاندا.

ناسنامەی «من»هیچ واتایەکی نییە
ئەمڕۆ لە سەردەمی گلۆبالیزم و تەکنەلۆژیای زانیاریدا، رەوشەکە جیاوازە و هیچ ناسنامەیەک نییە بە ناوی «من»، بەبێ ناسنامەیەک بە ناوی (ئەویتر/ ئەوان/ ئەو/ تۆ).
ناسنامەی «من» هیچ واتایەکی نییە بە بێ ناسنامەی ئەویتر. ئازادی بۆ یەکێک بەبێ ئازادی ئەوی تر نییە. شوناس بە تەنیا ناژی، دابڕاو نییە لە دونیادا، بەڵکو لە جیهاندا، لە رێگەی جیهانەوە و لەگەڵ جیهاندا دەژی. یەکسان نییە بە یەک کەس، بەڵکو مرۆڤ وەک فرەیی یەکسان دەکات.
عەرەب لە حەوت هۆزەوە، بوون بە 369 ملیۆن و هۆکارەکەشی پیرۆزیی زمانی قورئان بوو، چونکە خودا جگە لە زمانی عەرەبی، کە لای مسوڵمانان زمانی بەهەشتە، هاوەڵان و پێغەمبەری هاوەڵان لە پرۆژە رۆحییەکەیاندا هیچی تر تێنەگەیشتوون، کوردیش بە ملیۆنانی لەناوچوون و توانەوە، بۆ نموونە تەنیا سێ ملیۆن کورد لە کوردستانی سووردا لەناوچوون، بەڵام سەد هەزار ئێزیدی لە سایەی پیرۆزیی زمانی کوردی کە زمانی جیلوە و مەسحەفا رەشە بۆ ئەوان هێشتا زیندووە، چونکە لە باوەڕی ئێزدیدا زمانی کوردی زمانی خودایە، هەر تەنیا زمانی کوردی ئەو زمانەیە کە لە رێگەیەوە پەیوەندیی و نزیکبوونەوەی لە خودا و تاوسێ مەلەک و زەوی و ئاسمان هەیە، هەموو پێکهاتەکانی کوردبوونی لە رۆحی ئێزدیدا، لە باوەڕە سروشتییەکەیدا و فەلسەفەی خۆر- زاگرۆسییەکەیدا دەبینرێنەوە، تەنانەت خاکی کوردستانیش، بۆ ئێمە پیرۆزترین خاکە، جا ئەگەر سەردانی هەر ماڵێکی ئێزیدی بکەیت، خودانییەک دەبینیتەوە، مالی خودانی، ماڵێک بە دیواری ماڵەکەیەوە هەڵواسراوە، رووخساری بە خۆرەوەیە. ئەم خودا نییە، پێی دەگوترێت بارات و لەناو ئەودا خاکی لالش و ئاوی لالش و شیری دایکی کورد هەیە، فەلسەفەکەی بریتییە لە بەستنەوەی رۆحی ئێزدییەکان بە خاکەکەیانەوە لە هەر شوێنێک کۆچیان کردبێت و لە هەر شوێنێک نیشتەجێ بووبن.
 گەلی ئێزیدی بەنداوێک و شاخێک و بەربەستێکە رێگری لە لەدەستدان و لەناوچوونی گەلی کورد دەکات، بەڵکو پارێزەری زمان و میرات و مێژوو، مۆسیقا و زمان و جل و بەرگ و سەما و سروشتی کوردستانن، تەنانەت وتە و پێشبینییەکانی گەلی ئێزیدیش، ستایشی سروشت و شاخ و دۆڵەکانی کوردستانیان تێدا دەبینیتەوە، رۆحی گەلی ئێزیدی هەر لە لە دایکبوونەوە تا دوا رۆژی ناشتنی هەر بە زمانی کوردی و ئاوازەکەیەوە گرێدراوە، کە بە ئاوازی دەف و شمشاڵ و مۆسیقای کوردی بە خاک دەسپێردرێت.
*سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسی زمان و زار.

بابەتە پەیوەندیدارەکان