پەرلەمانتارێكی یەكێتی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك بەنداو دەكات

11:31 - 2025-08-13
کوردستان
49 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی فیدراڵ، بەڵێنی چارەسەركردنی هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی داوە كە هۆكارن بۆ جێبەجێنەكردنی ژمارەیەك بەنداوی مامناوەند و بچووك لە هەرێمی كوردستان.
غەریب ئەحمەد ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای ئەوەی لەسەر پێشنیازی ئێمە، لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە بڕیار لە دانانی پلان و تەرخانكردنی بودجە بۆ ژمارەیەك بەنداوی مامناوەند و بچووك لە هەرێمی كوردستان درا، بەڵام بەهۆكاری جیاواز ئاستەنگ لەبەردەمیاندا دروستكرا، بۆ ئەو مەبەستە سەردانی وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی فیدراڵمان كرد و روونكردنەوەی پێویستمان خستەڕوو لەسەر گرنگیی ئەو بەنداوانە و پێویستیی چارەسەركردنی ئاستەنگەكان، بەڵێنمان پێدرا دەست بەتەواوكردنی رێكارەكانی ئەو بەنداوانە بكرێت، وتیشی: بەنداوەكان دەكەونە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەتایبەتی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین و قەزای دوكاندان، كە لەو چوارچێوەیەدا لیژنەی تایبەتمەند لە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق بە مەیدانی سەردانی ئەو سنوورانەیان كردووە.
باسی لەوەشكرد كە جگە لەو بەنداوانەی لەسەر پێشنیازی ئێمە بڕیاریان لەسەر دراوە، چوار بەنداوی دیكە لەڕێگەی هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم و بەغداوە، لە هەرێمی كوردستان لەسەر بودجەی حكومەتی فیدراڵ دروستدەكرێن و تەواوكردنی ئەو بەنداوانەش كاریگەریی زۆر باشیان لەسەر كەمبوونەوەی وشكەساڵی و بەفیڕۆنەدانی ئاو دەبێت بۆ تەواوی عیراق.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان