بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك رایدەگەیەنێت: لیژنەیەك بۆ تاپۆكردنی خانووە بێتاپۆكان هاتوونەتە كەركوك و 92 هەزار مامەڵەی تاپۆكردنی خانووی بێتاپۆمان لە هاووڵاتیان وەرگرتووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیراندا، بڕیاریدا ئەو زەوییانەی لەسەر موڵكی شارەوانییەكان كراون بەخانوو، تاپۆ بكرێن، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك بەسەرۆكایەتیی ئەندازیار حەیدەر جسام لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە (320)ی ساڵی 2022ی ئەنجومەنی وەزیران گەیشتە شارەوانیی كەركوك و لەگەڵ بەڕێوەبەری شارەوانی كۆبوونەوە.
ئەندازیار ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا، باس لە ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی بڕیارەكە كرا، لیژنەكەش پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ فەرمانگەكان دووپاتكردەوە بۆ تەواوكردنی قۆناغەكانی كۆتایی، دواتر جەخت لەسەر گرنگیی خێراكردنی هەنگاوەكان بەپێی ڕاسپاردەكانی سەرۆك وەزیران كرایەوە، دواتر لیژنەكە گفتوگۆی لەسەر ئەو هەموارانە كرد كە لە بڕیاری ژمارە (20 بۆ ساڵی 2025)ی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە فرۆشتنی زەوی نیشتەجێبوونی موڵكی دەوڵەت بەو كەسانەی كە پێش 10ی كانوونی یەكەمی 2024 خانوویان دروستكردووە، وتیشی: هەموارەكە، قەرزی كڕینی زەوییەكان بۆ ماوەی 20 ساڵ بۆ ئەو موڵكە نیشتەجێیانەی كە بەشێوەیەكی یاسایی جیاكراونەتەوە، دەكاتە قیست، بەڵام بەو مەرجەی پێشووتر سوودمەند نەبووبێت.
باسی لەوەشكرد: وەكو شارەوانی هەموو ئامادەكارییەكمان بۆ پرۆسەكە كردووە و 92 هەزار مامەڵەی تاپۆكردنی خانووی بێتاپۆمان لە هاووڵاتیان وەرگرتووە.
كەركوك، هێمن ئەحمەد