هەفتەی رابردوو، شدراك یوسفی یاریزانی نێودەوڵەتی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عیراق و راگەیاندكار و كۆمێنتاری وەرزشیی لە تەمەنی 83 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
شدراك یوسف یاریزانێكی دیاری هێڵی ناوەندی هەڵبژاردەی عیراق بوو، لە شاری حەبانیەوە دێتە ناو جیهانی تۆپی پێی عیراق، ساڵانی شەستەكان و حەفتاكان یەكێك بووە لە یاریزانە دیارەكانی هەڵبژاردەی عیراق، جگەلەوەش بۆ چەند تیپێكی سەربازی ئەو سەردەمە یاریی كردووە.
لە 31 یاریی هەڵبژاردەی عیراقدا یارییكردووە، یاریزانی هێڵی ناوەند بوو، ساڵانی 1964 و 1966 لەگەڵ هەڵبژاردەی عیراق جامی وڵاتانی عەرەبییان بەرزكردۆتەوە، لە پاڵەوانێتیی دوا یارییەكانی جامی وڵاتانی ئاسیاشدا ساڵی 1974 یاریزانی سەرەكی هەڵبژاردەی عیراق بووە.
ساڵی 1974 بەرەسمی واز لە یارییكردن دەهێنێت، دواتر روودەكاتە جیهانی راهێنان و پاشان ساڵی 1979 بەرەسمی لەم ئەركەش دوور دەكەوێتەوە، ساڵانی هەشتاكان و نەوەدەكان، وەك میدیاكارێكی وەرزشیی دەناسرێت و دەبێتە كۆمێنتاری یارییەكان، پاشان لە كەناڵی عەشتار دەبێتە لێپرسراوی بەشی وەرزش، دواتر لە تەلەفزیۆنی شەباب وەك ئامادەكار و پێشكەشكاری بەرنامەی وەرزش بەردەوام دەبێت، دواتر واز لە هەموو ئەو كارانەش دەهێنت و دواجار رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو كۆچی دوایی دەكات.