قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی نوێی هیندستان کۆبووەوە

05:38 - 2025-08-13
کوردستان
55 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە بریجیش کومار، کونسوڵی گشتیی نوێی هیندستان لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. 
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی گشتیی نوێی هیندستان کرد و ئامادەیی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە پشتیوانی و هاوکارییەک بۆ سەرکەوتن لە ئەرکەکەیدا. هەروەها سوپاسی کونسوڵی گشتیی پێشووی ئەو وڵاتەشی کرد لە هاوکارییەکانی بە تایبەت لە بواری پەرەپێدانی تواناکانی گەنجاندا. 

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە شێوازی حکومڕانی و پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان کرا، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە گرنگیی سەروەریی یاسا و بەهێزیی دامەزراوەکانی حکومڕانی کرد وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ پاراستنی سەقامگیری و گەشەسەندنی هەر وڵاتێک.  

هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی روونیشی کردەوە کە بۆ گەشەپێدان و بەهێزترکردنی کەرتی تایبەت، کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی کارسازی و تواناکانی هێزی کاری گەنجان و سوپاسی حکومەتی هیندستانیشی کرد کە لە ماوەی رابردوودا لەمبارەیەوە هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردوە. داواشیکرد کونسوڵی گشتیی نوێی هیندستان زیاتر هاوکاربێت بۆ پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لە بوارە جیاوازەکاندا و بە تایبەتیش لە بوارەکانی کارسازی و تەکنەلۆژیادا بەوپێیەی هیندستان ئەزمونێکی دەوڵەمەند و سەرکەوتووی لەمبارەیەوە هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان