زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

ئیمپریالیزمی رۆشنبیری

09:28 - 2024-05-09
د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
140 خوێندراوەتەوە

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

 

ئیمپریالیزمی رۆشنبیری Cultural Imperialesm یان پۆست کۆلۆنیالیزم Post Colonialism  ، یەکێکە لە زاراوەکانی رەخنەی رۆشنبیری، یەکەمجار مارکسیستە نوێیەکان و رەخنەگرانی رۆشنبیری بەکاریانهێناوە، پاشان بەنێو زۆربەی کایە رۆشنبیرییەکانی دیکەدا بڵاوبۆتەوە، لەسەرەتادا ئەم زاراوەیە بۆ رەخنەگرتن بووە لە هۆیەکانی راگەیاندنی جەماوەری، یان میدیای پۆپۆلیستی خۆرئاوایی، بەدیاریکراوی میدیای ئەمریکی، کە هەوڵی داوە لە ئاستی جیهاندا بەهای بورژوازی و ئایدیۆلۆجیای کاپیتالیستی بڵاوبکاتەوە، بەتایبەتی لەنێو وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و گەلانی جیهانی سێیەم بەگشتی، بۆئەوەی بە ئاسانی بتوانێت ئیستیغلالی ئەو میللەتانە بکات و رێگە لە گەشەسەندنیان بگرێت و پەرەپێدانی هۆشیارییان دوابخات، ئەم پرۆسەیە لە هەنگاوی یەکەمیدا لەرێگەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی کۆکاکۆلاوە کاریگەریی لەسەر ئەو وڵاتانە جێهێشت و خەڵکەکەی سەرسام کرد، بەو پرۆسەیەش دەوترا "بەئیمپریالیزمکردنی کۆکاکۆلا" Coca Colonization ، دواتر ئەم پرۆسەیە چووە نێو میدیاکانەوە و ئەوەندەی دیکە خەڵکەکەی سەرسام کرد. بگرە نموونەکانی میدیای ئەمریکی و خۆرئاوایی، لەلایەن تەلەڤیزیۆن و سینەما و فۆرمەکانی دیکەی کولتووری میللیی وڵاتانی جیهانی سێیەم، کۆپی و لاسایی دەکرانەوە.
دەتوانین بیرۆکەی ئیمپریالیزمی رۆشنبیری لەم چەند رستەیەدا کورت بکەینەوەو بڵێین: وڵاتانی زلهێز و سەرمایەداری، بەشێوەیەکی تەقلیدی پەلاماری وڵاتانی هەژار و دواکەوتوو نادەن، بەفۆرمە کلاسیکییەکەی سەدەی نۆزدە لەرێگەی سوپاوە هێرش ناکەنە سەر خاکی وڵاتانی دی و ئەو قۆناغە کۆتایی پێهاتووە، بەڵکو لەرێگەی میدیای جەماوەری و سینەما و کولتووری پۆپی ئەمریکی و فیلمی پۆرنۆ و گەلێ شێوازی دیکە، زەین و بیرکردنەوەی گەنجانی وڵاتان داگیر دەکەن و دوای ئەوەش بەئاسانی بەروبوومی ئابوورییان دەبەن، ئەم پرۆسەیە لەسەردەمی گلۆبالیزەیشن و کۆمپانیای فرە رەگەز و سوپەرمارکێت و فاست فوود و دلیڤەری و سیتییەکان و مۆڵەکانەوە دەگاتە ئاستی کۆلۆنیالییەکی نەرم و سەرجەمگیر کە بە پۆست کۆلۆنیالیزم ناودەبرێت.

 

ئیمپریالیزمی رۆشنبیری بریتییە لە هەژموونی کولتوورێکی دیاریکراو بەسەر کولتوورەکانی دیکەدا، لەم دۆخەدا کولتووری هەژموونکراو سەربەخۆیی خۆی لەدەست دەدات

 

 

ئیمپریالیزمی رۆشنبیری بریتییە لە هەژموونی کولتوورێکی دیاریکراو بەسەر کولتوورەکانی دیکەدا، لەم دۆخەدا کولتووری هەژموونکراو سەربەخۆیی خۆی لەدەست دەدات، ئەم هەژموونە لە سێ رەهەندەوە دێت، رەهەندی یەکەم ئەو گوتارە کولتوورییە زۆر باوەیە کە بەئەندازەیەکی گەورە هوروژم دێنێت و بە یەک ئاڕاستەدا دەڕوات و دەڕژێتە خزمەتی کولتووری کاپیتالیستیی خۆرئاوایی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە، رەهەندی دووەم لە دوالیزمی (خۆرئاوا_خۆرهەڵات) و (باکوور_باشوور)دا کورت دەبێتەوە، ئەم دوالیزمانە بەئەندازەیەک کاریگەری لەسەر گەلانی دیکە بەجێدەهێڵێت کە باوەڕ بەوە بهێنن: خۆرئاوا زۆر لە خۆرهەڵات پێشکەوتووترە، باکوور زۆر لە باشوور خۆشگوزەرانترە. رەهەندی سێیەم بریتییە لە کاڵکردنەوەی کولتووری تایبەتی یان کولتووری رەسەن، بەو پێیەی هیچ کولتوورێک نییە سەد دەر سەد رەسەن بێت، بگرە هەموو کولتوورێک بە چەندین کولتووری دیکە موتوربە کراوە. ئیدوارد سەعید لە رۆژهەڵاتناسییەکەیدا لە چەمکی ئیمپریالیزمی رۆشنبیری دەکۆڵێتەوە و رەخنەی لێدەگرێت، تەنانەت بیرمەندانی ئەوروپیی وەکو میشیل فوکۆ و ئەنتۆنیۆ گرامشی و ئەدۆرنۆ و والتەر بنیامین و هانا ئارنێت، بە هەمان ئاڕاستە، رەخنەیان لە پۆست کۆلۆنیالیزم و ئۆرۆ_سێنتەریزم گرتووە.
ئەدەبیش نەیتوانیوە خۆی لە کاریگەرییەکانی ئیمپریالیزمی رۆشنبیری لابدات، دەبینین ئەدەبیاتی گەلانی رۆژهەڵات بەشێوەیەکی بەرچاو لاسایی ئەدەبیاتی خۆرئاوایی دەکاتەوە، ئەدەبی خۆرئاوایی هەژموونی زیاترە و پتر دەخوێنرێتەوە و پتر وەردەگێڕدرێت و خەڵاتی نۆبیلیش بە زۆری بە ئەدەبی خۆرئاوایی دەدرێت.

وتارەکانی نوسەر