زووم

نازناو ئەستێرە دروست دەکات؟

11:56 - 2024-03-31
رۆزا دڵشاد مەریوانی
133 خوێندراوەتەوە

ساڵانی سەرەتای دووهەزارەکان مۆدەی بەرنامە هونەرییەکان بوو بۆ هەڵبژاردنی خۆشترین دەنگ یان ئەستێرەی گۆرانی، نموونەش بۆ ئەوە زۆرە وەک بەرنامەی سوپەرستار، ستارئەکادیمی پاشان عەرەب ئایدڵ و زە ڤۆیس..هتد، هەموو ئەمانە چەندان وەرزیان لێ بەرهەمهاتووە و هەندێکیان هێشتا بەردەوامن، ئەو کاتە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بینەری ئەو بەرنامانە بوون، زۆربەشیان لە ڤێرژنە ئەمریکی یان ئەوروپییەکەیەوە وەرگیراون، بۆ هەر وەرزێکیش راستە یەک کەس وەک ئەستێرەی بەرنامەکە هەڵدەبژێردرا، بەڵام چەندان کەسی دیکەی خاوەن دەنگی خۆش دەردەکەوتن و شایەنی ئەوە بوون ببن بە گۆرانیبێژ و خاوەن ئەلبووم.
پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر یەکێکیت لەوانەی بینەری ئەو جۆرە بەرنامانە بوویت ئایا چەندیانت لەبیرە و کامیان بوون بە ئەستێرە؟ بێگومان وەڵامەکەی یان کەسیانت لەبیر نییە یان هەندێکیان ماوەیەک لە گۆڕەپانی هونەری گۆرانیدا دەرکەوتوون، پاشان چۆن بەو خێراییە بەناوبانگ بوون بەو شێوەیەش کوژاونەتەوە، ئەوانەشی تائێستا وەک ناو لە دنیای هونەردا ماون و دەیانبینیت لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێپەڕناکەن و کەمیان بوون بە ئەستێرە.
بێگومان ئەم حاڵەتە تەنیا لە دنیای رۆژهەڵاتیدا بەو جۆرە نییە، بەڵکو لە رۆژئاواش کەمن ئەوانەی دەبن بە سوپەرستاری ئەو جۆرە بەرنامانە و ناوبانگیان بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە و لەبیر خەڵک نەچنەوە، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە یەکێک لەوانە ئەوەیە کە زۆرجار ئەو براوانە باسیان کردووە دوای تەواو بوونی بەرنامەکە ئەو بەڵێنانەی پێیاندراوە وەک خۆی نەبووە و لایەنی بەرپرس تەنیا گرنگیپێدانی لەکاتی بەرنامەکەدا هەبووە، لەو کاتانەدا ئەوەی گرنگ بووە بەلایانەوە زۆرترین بینەر تەماشایان بکات و دەنگ بدات بە بەشداربووەکان و قازانج بکەن، هەروەها هۆکارێکی دیکە ئەوەیە پێش هەموو شتێک ئەو کەسە دەبێت زیرەکیی هونەریی هەبێت لە یەکەم ئەلبوومیەوە بزانێت چ جۆرە گۆرانی و میوزیکێک هەڵدەبژێرێت، جگە لە دۆزینەوەی کۆمپانیایەکی هونەریی تا پاڵپشت و یارمەتیدەری بن، چونکە هیچ گۆرانیبێژێک ناتوانێت بە تەنیا لەسەر حیسابی خۆی لەو دنیایەدا بەردەوام بێت، زۆر هۆکاری دیکەش هەیە وادەکەن کەسێک لە هیچ کام لەو بەرنامانەوە دەرنەکەوتبێت یان یەکەمی بەرنامەکە نەبووبێت، بەڵام ببێت بە ئەستێرە و ئەوەی خاوەنی نازناوەکەیە ئەستێرەی بکوژێتەوە، چونکە بوون بە ئەستێرە  تەنیا بە بردنەوە لە بەرنامەیەکەی کات بەسەربردندا بەدی نایەت، بەڵکو ئەوە یەکەم هەنگاوە و رێگەکە هەروا ئاسان نییە کەسێک ببێت بە خاوەن هەواداری زۆر، دواجار بەدەستهێنانی نازناوێک بەخێرایی بە هەر رێگەیەک بێت ئەگەر بەردەوامیی هونەرمەندەکەی لەگەڵدا نەبێت بۆ پەرەپێدانی خۆی جگە لە پاڵپشتیی مادی و مەعنەوی ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر ئەستێرەی بگەشێتەوە.    

وتارەکانی نوسەر