زبڵخانەکانی دوای جەژن

09:37 - 2024-04-14
رۆزا دڵشاد مەریوانی
94 خوێندراوەتەوە

دوای جەژن و بۆنەکان، کاتێک بەنێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا تێپەڕدەبم یان وێنەی شوێنە گەشتیارییەکان لەڕێی سۆشیال میدیاوە بەرچاوم دەکەوێت، کزە لە جەرگمەوە دێت کە وەک زبڵخانەیەک دوای تەواوبوونی خۆشییەکان ئەم وڵاتە بەو شێوەیە بەجێدەهێڵرێت.

پێیان  شەرم نییە کارگوزار و ژینگەپارێزەکان زبڵ و پاشاماوەکانی ئەوان پاکبکەنەوە

هەر کەسێک خەمخۆری ئەم وڵاتە بێت و خۆی بە خاوەنی بزانێت بە بینینی ئەو دیمەنانە خەمبار دەبێت، هاوکات ئەگەر خۆی بەشداربوویەکی ئەو بۆنانە یان سەردانیکەری شوێنە گەشتیارییەکان بێت، کارێک ناکات ببێتە هۆی وێرانکردنی ژینگەی وڵاتەکەی، هاوکات بەشدار دەبێت لە پاکردنەوەی ئەو شوێنانە پێش ئەوەی بەجێیان بێڵێت، بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە خەڵکی ئەم وڵاتە بە وێرانکردن و پیسکردنی شوێنە گشتییەکان رق و تووڕەییان لە دەسەڵات دەردەبڕن و تێناگەن ئەوان خۆیان خاوەنی ئەو خاکەن و ئەگەر من ئەمڕۆ ژینگەکەی وێران بکەم، ئەوەی سبەینێ زەرەرمەند دەبێت منداڵ و نەوەکانی خۆمە. هەروەها لای بەشێکی خەڵک کۆکردنەوە و پاکردنەوەی ئەو جێگایانەی لە دەرەوەی ماڵەکانیان پیسی دەکەن بە کاری خۆیانی نازانن و پێیان شەرم نییە کارگوزار و ژینگەپارێزەکان زبڵ و پاشاماوەکانی ئەوان پاکبکەنەوە کە ئەوەی لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی جەژندا روویدا و ئەو رێژە زۆرەی زبڵ و پاشماوەیەی دوای گەشتیاران و هاووڵاتیان بەجێمان، لە ئاست توانا و وزەی ژینگەپارێزەکانیشدا نەبوو.
بەڕاستی ئەوەی پێویستە پێش بۆنەکان بکرێت، ئەوەیە کاتێک چاوەڕێی رێژەیەکی بەوشێوە زۆرەی گەشتیار و سەردانیکەرانی شوێنە گشتی و گەشتیارییەکان دەکرێت، ئەوەیە رێوشوێنەکانی راگرتنی پاکوخاوێنی و رێنمایی پاراستنی ژینگەی ئەو شوێنانە توندتر بکرێت و سەرپێچیکەرانیش سزا بدرێن بە پێبژاردنی بڕێک پارە کە لە کۆتاییدا هەر بۆ چاکردن و نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنانە بەکاربهێنرێن، چونکە بەوجۆرە گەشتیار فێری یاسا و رێساکانی پاراستنی ژینگەی وڵاتەکەمان دەکەین و جارێکی دیکە سڵ دەکەنەوە لەوەی نابەرپرسیارانە رەفتار بکەن، هەروەها هۆشیارکردنەوەی بەردەوامی هاووڵاتیان لەو مەسەلانەدا لەڕێی میدیاوە تا بکرێت کەمە و ئەرکی ئێمەی میدیاکارانە خۆشەویستی ژینگەی وڵاتەکەمان لە دڵی خەڵکیدا بچێنین و تاکەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ خاک و ئاو و هەوای کوردستاندا ئاشتبکەیەنەوە و نەوەکانی داهاتووش فێربکەین دڵیان بەم وڵاتە بسووتێت و خۆیان بەخاوەنی بزانن.

وتارەکانی نوسەر