میدیا و راگەیاندن رۆڵی چارەنووسساز و گرنگ و بەرچاو دەگێڕن لە کارانگازی و کاریگەریی لەسەر بیروڕای گشتی و بڵاوکردنەوەی زانیاری و دابینکردنی سەکۆیەک بۆ دەنگە جۆراوجۆرەکان.
لەکاتی قەیرانەکان رۆڵ و بایەخی زیاتر دەبێت، گۆڕانکارییە سیاسییەکان، یان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. یەکێک لە رۆڵە سەرەکییەکانی راگەیاندن ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵکە.
لە سەردەمێکدا کە رووداوەکان بە خێرایی روودەدەن و تێدەپەڕن، وەک بارودۆخی ناسەقامگیریی ئابووری، یان نا ئارامیی سیاسی یان هەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، دەبێ میدیا ببێتە جێی متمانە و بەرپرسیارێتی و گەیاندنی زانیاریی دروست لە کاتی خۆیدا بداتە کۆمەڵانی خەڵک.
کەناڵەکانی راگەیاندن دەتوانن بە ئاگاداری یان نائاگایانە رێنمایی لێکدانەوەی رووداوەکان بکەن.
ئەمەش دەتوانێت هەم ئەرێنی بێت و هەم نەرێنی. بە شێوەیەکی ئەرێنی، بە پێشخستنی گفتوگۆ و هاوسۆزی و لێکتێگەیشتن لە نێوان کۆمەڵگە جیاوازەکاندا.
بە شێوەیەکی نەرێنیش، دەتوانێت ببێتە هۆی دابەشبوون و بێ متمانەیی لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا.
ئەرک و رۆڵی گرنگی میدیا لە کاتی ناسەقامگیریی سیاسیدا رۆڵی چاودێرە، چاودێریکردنی ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، سەرکردایەتیی بەرپرسیارانە بەرەو پێش دەبەن و رێگری لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەکەن. هەروەها راهێنان و پەروەردەکردنی خەڵک لەسەر راگەیاندن و میدیا تا باشتر بتوانن سەرچاوەی باوەڕپێکراو لە هەواڵی ساختە و درۆ جیا بکەنەوە.
جیاوازیی میدیای چەواشەکارانە و میدیای راستەقینە لە متمانە و مەبەست و پێشکەشکردنی هەواڵ و زانیاریدایە.
میدیای راستەقینە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە لەسەر بنەمای راستییەکان و سەرچاوە پشتڕاستکراوەکان و ستانداردە رۆژنامەوانییەکان سەرچاوە دەگرێت، ئامانجی پێدان و پێشکەشکردنی زانیاریی بابەتییانە و شیکار و شرۆڤەی ورد و قووڵ و دروستە، بە روونی ئاماژە بەوە دەکات کە کێ بەرپرسیارە لە ناوەڕۆکەکە و ئاماژە بە سەرچاوەکانیش دەدات و لە کاتی پێویستدا راستییەکان لە بۆچوونەکان جیادەکاتەوە یان هەڵەکان راست دەکاتەوە.
لە کاتێکدا میدیای چەواشەکار زانیاری هەڵە و شێواو یان هەڵبەستراو دەدات و زۆر جاریش بەبێ بەڵگە یان سەرچاوەی متمانە پێکراو، یان هەندێک جار هەوڵی دەستکاریکردن یان بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری هەڵە، یان هەندێک بابەت و کاریگەریی سیاسی یان هەندێک بەرژەوەندیی دیکە دەدات، یان مانشێتی هەستیار و زانیاری بەکاردەهێنێت بۆ بەهێزکردنی هەواڵەکەی. میدیای چەواشەکار زۆرجار ناسنامەی نووسەران دەشارێتەوە یان متمانەی ساختە دروستدەکات.
ناسینی ئەم جیاوازییە پێویستیی بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و پشکنینی سەرچاوەکان و بەراوردکردنی زانیارییەکانی میدیای جیاواز هەیە.
بۆیە پێویستە بیر لە میدیایەکی بەرپرسیار و متمانە پێکراو و پابەند بە بەها و بنەما ئەخلاقییەکان و پاڵپشتیکردنی بۆ دەستەبەرکردنی فرەچەشنی و بێلایەنی بکرێتەوە کە لەو هەلومەرجە پشێو و ئاڵۆزەی ئەمڕۆدا بتوانێت لە گۆڕەپانەکە کار بکات و بەشداریی لە کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر و هۆشیاردا بکات.