رێکخستن، هەم زانستە و هەم هونەر

11:10 - 2025-04-13
هیوا سەرهەنگ
97 خوێندراوەتەوە

لە هەموو پارت و رێکخراوێکدا کەسانی‌ هەڵپەرست هەن و جێی‌ خۆیان کردۆتەوە، ئەمانە کاریگەریی خراپیان لەسەر دەوروبەر دەبێت لە هەر پلە و پۆست و شوێنێکدا بن

ئاشکرایە لەگەڵ هەموو داهێنانەکانی‌ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەبارەت بە چۆنێتی‌ پتەوکردنی‌ ریزەکانی‌ و کۆکردنەوەی‌ زۆرترین ژمارە لە کۆمەڵانی‌ خەڵکی‌ کوردستان لە دەوروبەری حزبەکە، بڕوابوونی‌ بەردەوامیشی‌ بە گۆڕان و گەشەکردن و داهێنان، هێشتا کەسانێک لە نێو ریزەکانی‌ یەکێتیدا هەبن هەموو چالاکی‌ و چۆنیەتی‌ کاری‌ هونەری‌ رێکخستن بە تەنیا لە کۆڕ و کۆبوونەوە و ئابوونەدان و هەندێک دەربەستیدا ببیننەوە و بە بنکەی‌ سەرەکی‌ پتەوکردن و فراوانکردنی‌ ریزەکانی‌ یەکێتی بزانن. 
هەر بۆیە دەتوانرێت ئاماژە بەوە بکرێت ئەگەر چالاکی‌ رێکخستنەکانی‌ یەکێتی، هەر ئەوانە بن بە واتای‌ نە گۆڕانکاری‌ و نە پێشکەوتن و داهێنانیک نابێت بێتە گۆڕێ و هیچ سوودێکیش لە گۆڕانکارییەکانی‌ دنیای‌ پێشکەوتن و ئەزموونی‌ پارتە سیاسییەکانی‌ وڵاتانی‌ شارستانی وەرناگیرێت. 
سەرباری‌ ئەوەی‌ شیاوی‌ وتنە بۆ بارودۆخ و هەلومەرجی‌ میللەتێکی‌ وەک کورد دەشێت پارتە سیاسییەکان کە هەر یەک پێشڕەوایەتی‌ کۆمەڵێک چین و توێژ دەکات و خەڵکانی‌ رووناکبیر و پسپۆڕیان لەخۆدا کۆکردۆتەوە. زیاتر لە خەڵکانی‌ سادە و بێلایەن لە هەوڵی‌ چۆنێتی‌ خزمەتکردنی‌ کۆمەڵانی‌ خەڵکی‌ کوردستاندا بن کە بە قازانج و بەرژەوەندیی‌ سیاسی‌ پارتەکەش دەگەڕێتەوە.
 لە هەموو پارت و رێکخراوێکدا کەسانی‌ هەڵپەرست هەن و جێی‌ خۆیان کردۆتەوە، ئەمانە کاریگەریی خراپیان لەسەر دەوروبەر دەبێت لە هەر پلە و پۆست و شوێنێکدا بن. 
 بەکارهێنانی‌ هونەری‌ لێزانین لە چۆنێتی‌ هەڵبژاردنی‌ کەسانێک بۆ هەر کارێک، ئەوەی‌ گرنگە مەرج نییە کادرێکی‌ شارەزای رێکخستن یان هەر بوارێکی‌ تری‌ ریزەکانی‌ رێکخستن لە ئەرکە سەرەکییەکەی‌ لە نێو رێکخستندا دوور بخەیتەوە و کارێکی‌ ئیداری‌ لە دەزگا یان کۆمپانیایەکدا پێ بسپێرێ، ئەمە هێندەی‌ خزمەتکردنە بەو ئەندامە، چەندین هێندە لێدانە لە بەرژەوەندیی‌ رێکخستن، هەر بۆیە چاکترین شێوازی‌ کارکردن کە لە خزمەتی‌ بەرژەوەندیی‌ رێکخستندا بێت، بایەخ بە ئیمتیازاتی‌ کادرە شارەزا و لێهاتووەکانی‌ رێکخستن بدرێت، بەجۆرێک زیاتر لە ئیمتیازاتی‌ دۆزینەوەی‌ کارێکی‌ ئیداری‌ بۆی‌. پێموایە زۆر لە کادرە دڵسۆزە شارەزاکان ئەگەر سەرپشکیان کەیت لە نێوان کاری‌ رێکخستن و خۆتەرخانکردن و ناردنیان بۆ کارێکی‌ ئیداری‌، ئەمەی‌ دووەمیان هەڵدەبژێرێت. 
دیارە ئەمەش هەمگیری‌ نییە و لە هەمان کاتیشدا شێوازی‌ کاری‌ ئەمڕۆ و پەیوەندییەکانی‌ رێکخراوەیی‌ لەگەڵ زەمەنی‌ شاخدا جودایە. چاکترین شێواز بۆ پتەوی‌ و فراوانکردنی‌ لە رووی‌ چەندایەتی‌ و چۆنایەتییەوە، بایەخدانە بە کادرە شارەزا و لێهاتووەکانی‌ ناو ریزەکانی‌ رێکخستن. 
بایەخدانی‌ تەواو بە گەنجان، خوێندکاران، نووسەران و ئەدیبان، هونەرمەندانی‌ سینەما و شانۆ و شێوەکاران، ژنان، بازرگانان، وەرزشکاران و پیشەوەرییەکانی تر، بەتایبەتی پەروەردەکردنی‌ گەنجان و خوێندکاران و شارەزاکردنیان لە ئەرکی‌ نیشتمانپەروەری‌ و جوگرافیا و مێژووی‌ کوردستان و تەواوی‌ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چۆنێتی‌ بەستنەوەی‌ کەلتوری‌ کوردی‌ بە کەلتوری‌ میللەتە بیانییەکان، بۆ ئەمەش هاندانی‌ کەسانی‌ پسپۆڕ و لێهاتوو بە گرتنی‌ کۆڕ و سیمینار و سەرپەرشتیکردنی‌ دروستی‌ رێکخراوەکانی‌ گەنجان و خوێندکاران و رێکخستنی‌ گەشتی‌ تێکەڵاوبوون و سازدانی‌ خولی‌ رووناکبیریی‌ بۆیان کە ئەمەی‌ دوایی‌ بە هەنگاوێکی‌ گرنگ و پێویست دادەنرێت. راگەیاندن بەشێکی‌ هەرە زیندووی‌ پارت و رێکخراوە جەماوەرییەکانە، پردی‌ بەستنەوەی‌ یەکێتیی‌ نیشتمانیی‌ کوردستانە، نەک بە تەنیا بە ئەندامەکانییەوە، بەڵکو بە تەواوی‌ کۆمەڵانی‌ خەڵکی‌ کوردستان لە ناوەوە و دەرەوەی‌ وڵات.
بە گەڕخستنی‌ دروستی‌ توانای‌ راگەیاندن و سەرپەرشتیکردن و ئاراستەکردنی‌ لە دید و بۆچوونێکی‌ واقیعیانەی‌ زانستییانەی‌ نیشتمانپەروەرییەوە، کار ئاسانی‌ تەواو لە ئەرکی‌ رێکخستنەکاندا دەکات و هۆکارێکی‌ گرنگ دەبێت لە کۆکردنەوەی‌ جەماوەری یەکێتی. بە پێچەوانەشەوە راگەیاندنی‌ نادروست رۆڵی‌ نەیار لە بە فیڕۆدانی‌ تواناکاندا دەگێڕێت.

وتارەکانی نوسەر