دەکرا ئەوان ئەم ئۆفەرەی مامۆستایان و خەڵکی سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین، بەهەند وەرگرن و بە فرسەتی ئاشتبوونەوە لەگەڵ خەڵکی ئەم دەڤەرەدا لە بەرژەوەندیی خۆیان بیان قۆستایەتەوە.
دەکرا بەباشی گۆێیان لە داواکاری و گلەییەکانی ئەم چینە ماندووە بگرتایە وەک پاڵپشتییەک لە پاکێجی داواکارییەکانی وەفدە هەمیشەییەکەی هەرێم بۆ بەغدا، سوودیان لێوەربگرتایە، بەناوی مامۆستایان و مووچەخۆرانی هەرێمەوە زیاتر پێداگیرییان بکردایە.
دەبوو ئەو تێڕوانینە باوەیان بڕەواندایەتەوە کە دەڵێت حکومەت هی هەموان نییە بە یەکسانی.
دەبوو بیان سەلماندایە کە حکومەت هی سلێمانی و گەرمیان و راپەڕینیشە وەک هەولێر و بارزان، مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، دەبوو حکومەت، خۆیان بە خاوەنی ئەم خەڵکە ماندوو نەناسە بزانیایە، دەبوایە لە بری ئەوەی لە زاڵگەی دێگەڵە، گاز و بیبەریان بە سەروچاودا بکەن، بەرەو هەولێر بە شانازییەوە پێشوازیان لێبکردنایە، تا ئیتر دەستەواژەی کۆریای باکوور ببوایە بە رستەیەکی هەڵبەستراو و لەبیر خەڵک بچوایەتەوە.
با لە جیاتی ئەوەی بڵێن دەستی حزب و لایەنی سیاسی و دەستی دەرەکی و تێکدەرانەی لەگەڵدایە، دەستی ئێوە ببوایە بە دەسواری خێر بۆ خەڵکەکەی خۆتان.
دەزانن ئێستا رکابەرەکانتان لە بەغدا داواکاریی خەڵکی کورد لە دژی سیاسەتەکەی ئێوە دەدەنەوە بە رووتاندا و پێگەتانی پێ دەخرێتە ژێر پرسیارەوە؟
لەبری ئەوەی هەوڵی چارەسەر بدەن و هەستی ئەو سەدان خۆپیشاندەرانە بپارێزن، کەچی تاوانباریان دەکەن بە تێکەڵ بوون لەگەڵ دەستی دەرەکی و تێکدەرانە، ئەی مەگەر ئێوە نازان خەڵکی سلێمانی هەر لە زەمانی شێخی نەمرەوە دەستیان نەداوەتە دەستی بێگانە؟ بەڵکو هەمیشە بە ئاگر و خەبات دەستی بێگانە و دەرەکیان داخکردوە.
خۆزگە هیچ مامۆستایەکتان ئەزێت نەدەدا، ئەوان میوانی رەزا گران نین، بەڵکو ئەوان خەمخۆری ئەم نیشتمانەن، مووچەیان دەوێت تا پرۆسەی پەروەردە ناشیرین نەبێت، نەزانین و نەخوێندەواری باڵ نەکێشێت بەسەر وڵاتدا.
مانگرتووەکان و ناڕازییەکان لە دڵی سلێمانییەوە هەڵقوڵاون، بینیتان بازاڕەکانی سلێمانی چۆن پاڵپشتییان لێکردن و دەڕابەکانیان دادایەوە؟.
مانگرتووان تەنها گوێیان لەو دایکە گرت کە قورئانی کرد بە تکاکار تا مانگرتن بشکێنن، ئەوان گوێیان لە مامۆستایانی ئایینی گرت، ئەوان گوێیان لە هاوڕێکانی خۆیان گرت، ئەوان بەجارێ دڵی خەڵکیان لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک و گەرمیان و راپەڕین بەلای خۆیاندا راکێشا، ئەوان پاڵپشتیان فراوان بوو لەلایەن خەڵکی رۆشنبیر و بەویژدانی کوردی و عیراقییەوە. خۆزگەم ئێوەش ئۆفەرەکەتان رەتنەکردایەتەوە و بۆشاییەکانتان فراوان تر نەدەکرد!.