جەمال رەشید
چەند رۆژێکە قسەیەکی ناتانیاهۆ دەکرێت بە مانشێت و ناونیشانی بڵاوکراوەکان، گوایە وتویەتی: ( ئێمە ئەمازیغ و قبتی و مارۆنی و دروز نین سەرکوت و ملکەچ بکرێین و کوردیش نین ئەنفال بکرێین، ئەوەی دەستمان بۆ درێژ بکات رۆحی دەردەهێنین و مێشکی دەپرژێنین)، دەکرێت وای دابنێین ناتانیاهۆ ئەم بابەتەی وروژاندووە و وەک هەڕەشەیەکی توند دژ بە عەرەب بەکاریهێناوە.
لەم 100 ساڵەی رابردوودا، گەلی کورد پەراوێزخراوە و کراوە بە قوربانیی رێککەوتن و پەیماننامە جیهانی و ناوچەییەکان بەپێی بەرژەوەندیی زلهێزەکان و وڵاتانی ئیقلیمی، ئەگەر خاڵێکیش لە بەرژەوەندیی کورددا هەبووبێت لە پەیماننامە و رێکەوتنەکاندا، دواجار ئەویش پشتگوێ خراوە و پێشێلیان کردووە، بە پێچەوانەوە جوولەکەکان لە سایەی هەمان سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بوون بە خاوەنی بڕیار و رێککەوتنی نێودەوڵەتی بۆ دروستکردنی دەوڵەتی خۆیان.
ناتانیاهۆش دەبێت بزانێت کە ئەوە ئەمریکایە ناهێڵێت ئەوان خراپیان بەسەردا بێت، نەک تەنها توانای خۆیان
هەموو جیهان بە ئیسلامییەکانیشەوە بێدەنگ بوون لەئاست ئەو هەموو تاوان و دوژمنکارییەی بەرامبەر کورد کرا و دەکرێت، بە پێچەوانەوە ئیسرائیل بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە دەستی نەپاراستووە لە داگیرکاری و کاولکاری، عەرەبیش لێی بێدەنگە. سەروەت و سامانی کورد بە تاڵان دەبرێت و دەکرێتەوە بە ئاگر و ئاسن و بەسەرماندا دەبارێنرێت، بەڵام هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنییەک و چەکی پێشکەوتوو دەدرێت بە ئیسرائیل، کوردیش بەهەموو جۆرە چەکێک سەرکوت کراوە و چەکەکانی لەسەر تاقیکراوەتەوە.
سنوور بۆ ئیسرائیلییەکان فراوان دەکرێت و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیان بۆ دروستدەکرێت، کەچی ئێمەی کورد ماڵەکانمان دەسووتێنرێت و لە شوێنی خۆمان دەردەکرێن و زەوییەکانمان داگیردەکرێت، لەژێر چاودێریی هەمان ئەو سیاسەتانەی کە هاوکاری ئەوانن و بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزن.
جگە لە گەلی فەلەستین، هیچ لایەک بە کردەیی دژی ئیسرائیل نەوەستاوەتەوە، ئەگەر رووداوێکی وەک شەڕی عەرەب و ئیسرائیلی ساڵی1967بووبێت، ئەوا دەستی هاوکاری و پارێزگاریی زۆر هەبووە بۆ یارمەتیدانیان لەبەرژەوەندیی جوولەکە، بە پێچەوانەوە کورد هەمیشە پیلانگێڕی و دوژمنکاریی زۆری بەرامبەر دەکرێت و کەسیش فریادڕەسمان نییە. دیارە ناتانیاهۆ نەیویستووە ئەم جیاوازییە سیاسی و جیهانییانە لەبەرچاو بگرێت و دان بە راستییەکاندا بنێت.
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، راستەوخۆ پارێزەر و پشتیوانیی جوولەکە دەکەن و دەیان ساڵە یارمەتیدەریانن، کەچی چەند ساڵێکی کەمە هاوکاریی بچووکترین پارچەی کوردستانن کە رۆژئاوایە، ئەمانیش سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشیان لە بەرژەوەندیی خۆیان بردۆتەوە، هێشتاش پشتگیریی ئەمریکا بۆیان بەپێی پێویست نییە. ناتانیاهۆش دەبێت بزانێت کە ئەوە ئەمریکایە ناهێڵێت ئەوان خراپیان بەسەردا بێت، نەک تەنها توانای خۆیان!.