لەوەتەی دونیا هەیە و بابەتی كەڵەكەكردنی سامان هاتۆتە ئاراوە، پرسی هەژاریی و دەوڵەمەندی پرسێكی گەرموگوڕ بووە، هەربۆیە لەبەرامبەر ئەم ململانێیەدا پرسی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی هاتۆتە ئاراوە، تا ئایدیاڵێك بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە پێشكەش بكات.
كەم نین ئەو روانگە و قوتابخانە ئایینی و فەلسەفی و كۆمەڵناسیانەی پرسی هەژاری دەبەستنەوە بە بونیادی كۆمەڵایەتییەوە و پێیان وایە بنەمای هەژاریی مرۆڤەكان لە كێشەیەكی جەوهەری ناو بونیادی كۆمەڵایەتیيەوە دەستپێدەكات، كەبریتییە لە قۆرخكاریی و خۆسەپێنی و چەوساندنەوەی ئەوانی دیكە. سەرئەنجام كۆبوونەوەی دەسەڵات و سامان لە دەستی كۆمەڵ و گروپێكی دیارییكراو و بێبەشكردنی زۆرینەی كۆمەڵگە لەخێر و بێر و داهاتی وڵات.
كارل ماركس پێی وابوو كە مێژووی مرۆڤایەتی بریتییە لە مێژووی ململانێی نێوان چینە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر بەدەستهێنان و دەستڕاگەیشتن بەسەرمایە و هۆیەكانی بەرهەمهێنان. پییەر بۆردیۆ پێی وابوو، کە واقعی كۆمەڵایەتی نەك هەر خۆی پڕە لەناعەدالەتیی و نایەكسانی لە دەرفەت و دەستگەیشتن بە پێگە و سامان، بەڵكو بە بەردەوامی ناعەدالەتیش بەرهەم دەهێنێتەوە. منداڵی دەوڵەمەندەكان بە هەزار هۆكار بە دەوڵەمەندیی دەمێننەوە و هەژارەكانیش بەهەزار هۆكار نەوەی هەژار دەخەنەوە.
ئەمانە بۆچوونی گرنگ و راستن و دەتوانن تاڕادەیەكی باش دۆخی هەژارییمان بۆ شیبكەنەوە، بەڵام ئەوەی پشتگوێخراوە و دانی پێدانەنراوە مرۆڤ خۆیەتی، وەك بوونەوەرێكی خاوەن ئیرادە و خاوەن بڕیاڕ. نەخشی واقیع و كاریگەرییەكەی لەسەر هەژاری هەرچەندێك بێت، ناكرێت رۆڵی مرۆڤ خۆی پەراوێز بخرێت.
لەم روانگەیەوە دەمەوێت بەجورئەتەوە بڵێم، هەژاری وەك دۆخێكی كۆمەڵایەتی و ئابووری بەر لەوەی سەپێنراوێكی واقیع بێت، بریتییە لە نەخۆشیەكی كۆمەڵایەتی كەسی. زۆرینەی هەژارەكان هەر بەتەنها بەهۆی هەلومەرجە سەپێنراوەكانی ناو واقیعی كۆمەڵگەوە هەژار نین، بەڵكو بەهۆی كێشەیەكی مەعریفی و كێشەی ئیرادەوە هەژارن.
با زۆر بە راشكاوانە تر بیڵێم، سەرچاوە گەورەكەی هەژاری كێشەیەكە لە بیركردنەوەی عەقڵانیدا، كێشەی نەبوونی توانای بیركردنەوە و توانای بڕیاردانە، بەتایبەتی سەردەمی نوێ، لەسایەی زیادبوونی بوارەكانی وەبەرهێنان و بازاڕی كار و جۆراوجۆری خواست و پێداویستییەكان و لەسەرو هەمووشیانەوە پێشكەوتنی تەكنۆلۆجی، دەرفەتی گەورە لەبەردەستی مرۆڤدان بۆ دەسكەوتنی هەلی كار و دەرچوون لە قۆزاخەی هەژاری.
گرفتەكە بۆ خەڵكی هەژار ئەوەیە، لەم سەردەمە نوێیەدا دەرفەتی كار و گەیشتن بە سامان، مرۆڤی زیرەك و چاوكراوە و چالاك و بزێوی دەوێت، كە توانای خۆپەروەردەكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی لێهاتوییەكانی هەبێت، بۆئەوەی توانای مانەوەی هەبێت لەو ژینگە كۆمەڵایەتی و ئابوورییە نوێیەدا كە دروستبووە. ئەم كارەش بەر لەهەر شتێك پێویستی بە سەرمایەگوزارییكردن هەیە لەخۆدا. مرۆڤ لە سەردەمی نوێدا كراوەیە بەسەر سەدان هەزار دەرفەتی كار و پێگە و ناوبانگدا، بەڵام مرۆڤی تەمەڵ لەڕووی زەینی و جەستەییەوە، دوادەكەوێت و هەرگیز دەرفەتێكی بۆ خۆسەلماندن دەست ناكەوێت لەم جیهانە گۆڕاوەدا.
*مامۆستا لەبەشی كۆمەڵناسیی زانكۆی سلێمانی