لێکدانەوەی دەروون

دڵەڕاوكێی كۆمەڵایەتی

10:28 - 2025-04-07
پ.د. سابیر بۆکانی
102 خوێندراوەتەوە

هێزیك لەناخی هەمووماندایە بەردەوام هانمان دەدات لەخەمڵاندنی هەڵوێستی كەسانیتر بەرامبەرمان‌، زیادڕەوی بكەین، زۆربەی كات باوەڕمان وایە رەفتار و پۆشاك‌ و رواڵەتمان لەژێر چاودێریی خەڵكیدایە ‌و چاوی تێبینیمان لەسەرەو بایەخمان پێدەدرێت. ئەم رەوشەیە تووشی دڵەڕاوكێی كۆمەڵایەتیمان دەكات‌ و ناهێڵێت لەگەڵ خەڵكیدا هەست بەئاسوودەیی بكەین. لەڕاستیدا زۆرینەی خەڵك تێبینی ئێمە ناكەن ئەگەر تێبینیش بكەن لەوانەیە بایەخێكی ئەوتۆمان پێنەدەن. ئەم دیاردەیەش زیاتر لەو كاتانەدا سەرهەڵدەدات كە رەفتارێكی نائاسایی ئەنجام بدەین، ئیدی سەرنجمان لەسەر خودی خۆمان چڕدەبێتەوەو تەنانەت هەموو بوونمان بریتی دەبێت لە ئەزموون‌ و تێڕوانینمان بۆ خود ‌و بەتەرازووی خۆمان، ئەزموون‌ و تێڕوانینی جیهانی دەوروبەر و خەڵكی دیكەش دەكێشین. سەبارەت بەخودی خۆمان، كەسانی دەوروبەر نەك هەر ئەو زانیارییەی ئێمەیان لانییە، ئەوانیش وەك ئێمەن ‌و سەرنجیان لەسەر خودی خۆیان چڕكردۆتەوەو بێئاگان لەدەوروبەریان، ئەوانیش وای دەبینن پێویستە كەسانیتر وەك خۆیان سەرنج بدات‌ و چاودێری بكات. مرۆڤ بەپێی ئەزموون‌ و هزرو بیری خۆی، رەفتار و هزر و بیری كەسانی دەروبەری خۆی هەڵدەسەنگێنێت ‌و بێئاگا لەو هەقیقەتەی كە خەڵكی لەناخ ‌و نیگەرانییەكانی ئێمە بێئاگان. 
ئەو كاتانەی وا هەست دەكەین چاوەكان لەسەرمانن، ئیدی دەكەوینە شەرم و دڵەڕاوكێی كۆمەڵایەتییەوەو چیتر لەئامادەبوونی كەسانیتردا هەست بەئاسوودەیی ناكەین. ئەم دیاردەیە كە پێی دەوترێت كاریگەریی رۆشنایی هۆكارەكەی هەڵەی بیركردنەوەمانە كە كاریگەری لەسەر بڕیاردان لەخۆمان ‌و جیهانی دەوروبەرمان هەیە. مرۆڤ لەگۆشەنیگای خۆیەوە بۆ گۆشەنیگای ئەوانیتر دەڕوانێت. لەبەرئەوەی زۆر شارەزای هەست ‌و نەست‌ و رەفتارەكانی خۆمانین بۆیە هەر هەڵەیەك رووبدات كە پێچەوانەی دیدگای خۆمان بێت، بەخێرایی تێبینی دەكەین ‌و سەرنجمان دەچێتە سەری‌ و گەورەی دەكەین‌ و واشدەزانین كەسانیتر بەهەمان ئەندازە سەرنجیان لەسەریەتی‌. ئەگەر هەمیشە پێمانوابوو لەژێر چاودێریدان، ئیتر بەو جۆرە رەفتار دەكەین كە خەڵكی لێمان چاوەڕوان دەكات‌ و بەدوای رەزامەندی ئەوانیترەوەین‌ و شتێك بەناوی رەسەنایەتی ‌و تاكایەتی خۆمانەوە نامێنێت‌ و لەدەستی دەدەین.
تۆماس گیلۆڤیچ بۆ یەكەمجار سەرنجی بۆ ئەم دیاردەیە چووە ‌و ساڵی 2019 توێژینەوەی لەسەر كردووە. پێیوایە باوەڕی تاكەكەس بەوەی لەلایەن خەڵكییەوە تێبینی ‌و چاودێرییەكی زۆر دەكرێن، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە مرۆڤ ئارەزوویەكی زگماكی هەیە بۆ چڕبوونەوە لە جیهانی تایبەت بەخۆی، واتا بایەخدان بەڕەفتار و رواڵەتی خودی خۆمان، وامان لێدەكات ئاگامان لەدەوروبەری خۆمان نەبێت‌ و نەزانین چی دەگوزەرێت‌ و دۆخەكە وەها ببینین كە ئەوانیش وەك خۆمانن، هەروەها ئێمە هەردەم لەدیدگای ئەزموونی تایبەتی خۆمانەوە دەروربەر و كاروبارەكان هەڵدەسەنگێنین‌ و ناتوانین لە دوورەوە بۆی بڕوانین تا بۆمان دەربكەوێت‌ و بزانین ئەزموونی خۆمان جیاوازە لەدیدگا و ئەزموونی ئەوانیتر. گیلۆڤیچ دەڵێت: پێدەچێت ئەم دیاردەیە لەمێژووی پەرەسەندنی مرۆڤدا وەك كەرەسەیەكی بەرگری سەریهەڵدا بێت، پێشینانمان كاتێك لەنێو تیرە و هۆزدا ژیاون، دەبوایە رەزامەندی ئەندامانی هۆزەكەیان لەسەر هەموو شتێك وەربگرن ‌و نەدەبوو هیچ هەڵە و كەموكورتییەكیان لێ دەربكەوتایە تاكو دوچاری سزا نەبنەوە، سزاش لەنێوان سەرزەنشت‌ و كوشتندا بووە، بۆیە هەمیشە هەستیان كردووە لەژێر چاودێریی ورددان‌ و تێبینی وتە و  رەفتاریان دەكرێت.

وتارەکانی نوسەر