دیــــدارە و دیــــــدار..!

10:24 - 2025-04-08
هاژە باست
571 خوێندراوەتەوە

پێش ئەوەی هیچ لەسەر دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵێین، وەک ناسنامەی بەندە، هەمیشە لە ناڵیش ئەیەم و لە بزماریش، دەی خۆی ئەمە بەشێکی گەورەیە لە راستگۆیی، دواتر بەرەحمەت بێت و نەنکم وتەنی ئەمڕۆی لەهەموو رۆژێک خۆشتر بێت (سەرۆک مام جەلال) وای فێرکردووین کە کەسایەتییەکی رەخنەگرمان هەبێت و هەر زمانمان بە پیاداهەڵدان و وەسف و سەنای ناڕاست نەکەینەوە، جا کە ئەشڵێم وای فێرکردووین، مەبەستم هەموو ئەو کەسایەتیانەیە کە رۆحێکی یەکێتیانەیان هەیە، وەک بیروباوەرێکی راستەقینە، نەک گیرفان پڕکردن، ئێ بابێینەوە سەر ئەسڵی مەسەلەکە، کە ویستم بڵێم خوا بکات هەموو بەڵێن و بڕیارەکانی دیدار بێنە بوون و بەجدی و بێ پشتگوێخستن کاریان لەسەر بکرێت، هەرنەبێت بایی ئەو هەموو ماندووبونەی کە شارە و شار، هەڤاڵانی یەکێتی بۆی دەکەونە رێ، جا ئێمەش (رێک مەبەستم خۆم و کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی هاوتەمەنی خۆمە)، توێژێکین تەنها ئینتیمایەک بۆ حزب هەمانبێت ئەو خۆشەویستیەیە کە لەسەردەمی باوانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، کە ئەو کات حزبایەتی پێکهاتبوو لە قوربانیدان و شەونخونی و راکەڕاک، بۆبەدیهێنانی ئامانجێکی گەورە کە بەدەستهێنانی ئازادی بوو، پێویستە دیدارە و دیدار، تەنها کۆمەڵێک دروشم و وتار نەبێت و سەریان بنێنەوە بۆ دیدارێکی تر، ئەوجا ئینسان نامەردیش نەبێت، لەناڵەکەم دا ئێستا نۆبەتی بزمارەکەیە، دیداری یەکەمی یەکێتی کۆمەڵێک نوێگەری لە گوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی دنیابینی تێداهاتەبوون، کە شایەنی باسکردنە و تێیدا یەکێتی به‌‌ دیدگایه‌كی نوێوه‌ په‌ره‌ی به‌ ئه‌ركی خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و خاكی كوردستاندا، ئەگەر بۆ دیداری یەکەم ئەمانە تەنها بەدیهاتنی ٪10ی بەڵێن و بڕیارەکان بووبن، چاوەڕوان دەکەین دەست لەدەست و قووەت لەخوا لەدیداری دووەم و دیدارەکانی داهاتوو بگەینە ٪50یش لانیکەم دۆخی ئەم سنوورەی ئێمە کە پێی دەوترێت زۆنی سەوز بەرەو ئاڕاستەیەکی باش هەنگاو بنێت، با چاوەڕوان بین.

پێویستە دیدارە و دیدار، تەنها کۆمەڵێک دروشم و وتار نەبێت و سەریان بنێنەوە بۆ دیدارێکی تر

وتارەکانی نوسەر