چەند دەوڵەمەندیش بین هەر هەژارین

09:32 - 2025-04-15
هاژە باست
81 خوێندراوەتەوە

لەسەر سفرە و خوانی ئێوارە ئەوەندە خواردنی جۆراوجۆر دروستکرا بوو، هەر لە بۆفیەی کراوە دەچوو، شتێک نەبوو دڵت داوای بکات و دەستت نەکەوێت، نان خوراو دەستیانکرد بە کۆکردنەوەی پاشماوەکان (لە راستیدا هێشتا بە جۆرێک گۆڕانکاری بەسەر سفرە و خوانەکەدا نەهاتبوو، تاهەست بکەیت پاشماوەیە)، چی لەو ناوەدا هەبوو ئامادەکرا بۆ ناو زبڵدان، لە کاتێکدا ئەو بەرماوە و پاشماوەیە دوو خێزانی پێنج نەفەریی تێری پێدەخوارد. 
من زیاتر سەرم سوڕمابوو چووبوومە بیرکردنەوەی قووڵ و حساب و کتاب، تەنانەت دەستم نە دەچووە کۆکردنەوەی سفرە و خوانەکەش، دەموت: دەبێت چەند خەرج کرابێت؟ حەتمەن هەموو شتێکیش پارەی دووقاتی پێدراوە، دەبێت ئەم خەرجییەی لێرە بۆ ئەم ژەمە کراوە، نانی چەند ماڵە فەقیری پێبدرێت؟! دەبێ و دەبێ، هەر دەمهێنا و دەمبرد. 

 

ئێمە چەندە دەوڵەمەندیش بین، هەر هەژارین، لەبەرئەوەی هەموو ئەوەی هەمانە بە سوکی سەیری دەکەین و قەدری نازانین

 

لەپڕ گوێم لە دەنگی یەکێک لە میوانەکان بوو، کە خانمێکی بیانی بوو، داوایەکی لە خاوەن ماڵ کرد، (بنکڕی برنج) کە ئێمە بە ماوەی بنی ناو مەنجەڵی برنجی دەڵێین کاتێک زیاتر دەبرژێت یان دەکوڵێت، خانمەکە وتی: ئەگەر کەس ئەوەی ناوێت من دەیبەمەوە، رێک وەک ئەوەی پەیامێک بنێت بە بناگوێی ئێمەوە و بڵێت: ئەو بەشەی کە دەکرێت فڕێ بدرێت ئێمە فڕێی نادەین، هەرچۆن بێت بۆیان پێچایەوە و بردییەوە، وام بەبیردا دەهات بۆ مریشک و جوچک و ئاژەڵە ماڵییەکانی بباتەوە، دەی رۆژ تێپەڕی و هەر کەسە و بۆ ماڵی خۆی، رۆژی دواتر خانمە بیانییەکە ڤیدیۆی کردبوو، لەسۆشیاڵ میدیا بڵاویکردەوە، برنجەکە، یان بنکڕەکەی هەر بە ساردی وەک ئەوەی قاشە پیتزایەکی گەرم و تازەی پێبێت، بە سۆس و مایۆنیز و تەماتەوە خوارد و بەجۆرێک تام و چێژی لێدەبینی وەک ئەوەی خوانێکی گەورەتری لەوەی دوێنێی بۆ ساز کرابێت.
ئاوا تێگەیشتم ئێمە چەندە دەوڵەمەندیش بین، هەر هەژارین، لەبەرئەوەی هەموو ئەوەی هەمانە بە سوکی سەیری دەکەین و قەدری نازانین.

وتارەکانی نوسەر