راستکردنەوەی هەڵەی خوێندکار

10:20 - 2025-04-13
سمکۆ چنارەیی
70 خوێندراوەتەوە

لەڕێی وەرگرتن و گوێبیستی وەڵامی چەندین خوێندکارەوە، گفتوگۆی زۆرتر لەسەر بابەتەکە دەکرێت و لە کۆتاییشدا وەڵامی دروست ئاشکرا دەکرێت، باشترە ئەگەر بە کورتییش بێت لەسەر بۆرد بنووسرێت

 

هەموو مرۆڤێک هەڵە دەکات لە هەر تەمەن و قۆناغێکی ژیانیدا بێت، زۆرجار بەهۆی هەڵەکردنەوە شارەزای راستییەکان دەبین، زیاتر بیردەکەینەوە و فێردەبین، خوێندکارانی سەرجەم قۆناغ و پۆلەکانیش بەردەوام تووشی هەڵەکردن دەبن، مەبەستی هەڵە لەم نووسینەدا بابەتە زانستییەکان و کاتی خوێندن و تێگەیشتنی بابەتی نێو کتێبەکانە، کە هەرکاتێک خوێندکار نەیتوانی، یاخود نەیزانی وەڵامی دروست و تەواو بۆ پرسیاری مامۆستا بداتەوە، پێویستە مامۆستا بە ئاگایی و پەروەردەییانە بەبێ هەڵە و دوو دڵی وەڵامی خوێندکاران بداتەوە و راستی بکاتەوە.
نابێت لە رێی بەکارهێنانی زاراوەی وانییە، هەڵەیە، راست نییە، وەڵامەکەت دوورە لە بابەت و چەندین دەربڕینی دیکە کە دەبنە هۆی وەستانی بیر و یادگە و راگرتنی مێشک جوڵاندنی خوێندکار و تەنانەت هەستکردن بە نەزانین و تەریقکردنەوە و شکاندنەوەی، وەڵامی خوێندکارەکە بدرێتەوە، دیارە ئەو وەڵامانەش هۆکارن بۆ دروستبوونی شەرم ولاوازیی ئاستی دەربڕینی خوێندکار.
باشترین رێگە بۆ راستکردنەوەی هەڵە زانستییەکانی خوێندکار لەناو پۆلی خوێندندا بریتین لە بەکارهێنانی تەکنیکی پەیوەندیی فراوان لە وەڵامدانەوەدا، هەروەها پێویستە مامۆستا ئەو دەستەواژە و دەربڕینانە بۆ خوێندکار بەکاربهێنێت کە پڕن لە هاندان و هاوکاریکردن بۆ دروستبوونی متمانە بەخۆبوون و بەردەوام سەرقاڵبوون بە بیرکردنەوەوە.
لە نموونەی جۆر و پەیڤەکانی مامۆستاش بۆ وەڵامی هەڵەی خوێندکاران، دەستخۆشە، بەڵام دەکرێت زیاتر لەسەر ئەو بابەتە بڵێین با خوێندکارێکی دیکە زیاتر بۆچوونی خۆی باس بکات لەو بارەیەوە، یاخود ئافەرین تۆ وەڵام و زانیاریت زۆرە لەسەر بابەتەکان، ئەوەی کە وتت بۆ پرسیاری دیکە زۆر گونجاو و راستن، دەکرێت رای هاوڕێیەکی دیکە وەربگرین لەناو پۆلەکەدا، بەو جۆرە و لە رێی وەرگرتن و گوێبیستی وەڵامی چەندین خوێندکارەوە، گفتوگۆی زۆرتر لەسەر بابەتەکە دەکرێت و لە کۆتاییشدا وەڵامی دروست ئاشکرا دەکرێت و دەتوانرێت چەند جارێک بوترێتەوە، تەنانەت لەسەر بۆرد ئەگەر بە کورتییش بێت بنووسرێت، ئەوەش باشترین رێگەیە بۆ راستکردنەوەی وەڵامی هەڵە و نەمانی شەرم و ترس لەلای خوێندکاران.

وتارەکانی نوسەر