شێوازی فێرکردنی گروپ لە پۆلدا

09:41 - 2025-04-27
سمکۆ چنارەیی
48 خوێندراوەتەوە

شێوازی گروپ لە فێرکردندا وادەکات خوێندکار هەر لە تەمەنی منداڵییەوە فێری کاری دەستە و بەکۆمەڵ ببێت، هەروەها دیدی کەسانی دیکەی لەلا پەسەندبێت و دووربێت لە خۆپەرستی و هەڵپەکردن

شێوازی گروپ لە زۆر کار و بەڕێوەچوونی ژیانی رۆژانەدا لەلایەن هاووڵاتیانەوە پەیڕەو دەکرێت، لەناو خوێندنگەکانیشدا لە کاتی یاریی و چالاکییە وەرزشییەکاندا دەبینین چ خۆشی و ئاسوودەییەک بە تیمەکەوە دەبینرێت، نموونەش لە کاتی تۆپی پێ، بالە، باسکە، یاریی پۆستە و چەند جۆرێکی دیکەدا، تەنانەت ئەگەر کەسێک ئاستی لێهاتووییشی وەک پێویست نەبێت و لاوازبێت، لەناو ئەندامانی تیمەکەدا ئەو کەم ئاستییەی بزر دەبێت.
لە بواری هونەرییشدا بە تایبەتی شانۆ، کۆرس و سروود وتند،ا شەوق و بزەیەکی زۆر دەبینرێت و تێکڕای گروپ سەرکەوتووانە کار و چالاکییە هونەرییەکە دەکەن.
لە پانێڵ، سیمینار و هاوشێوەکانیدا بە هەمانشێوە و سەرکەوتووانە بابەتی خۆیان دەخەنەڕوو.
لە پرۆسەی پەروەردەشدا هەرچەندە پۆلەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا، وەک پێویست فراوان نین و مێز و کورسی تایبەت بە شێوازی گروپ کەمە، بەڵام دەکرێت بۆ ئەو وانانە سوود لە شێوازی گروپ وەربگیرێت، کە بە ئاسانی دەتوانرێت پەیڕەو بکرێت.
لایەنی باشی گروپ لە فێرکردندا زۆرە، لەوانەش خوێندکار هەر لە تەمەنی منداڵییەوە فێری کاری دەستە و بەکۆمەڵ دەبێت و را و دیدی کەسانی دیکەی لەلاپەسەند دەبێت، هەروەها دوور دەبێت لە خۆپەرستی و هەڵپەکردن بۆ هەموو شتێک، فێری جووڵە و بەرپرسیارێتی و ئەرک گرتنە ئەستۆ دەبێت، هەروەها زمانی پاراو و فێری دەربڕینی باش دەبێت، تەنانەت شارەزای کێبڕکێ کردن و کۆکردنەوەی زانیاریی و بەدواداچوون دەبێت لە هەر تەوەرێکدا کە پێی بسپێردرێت.
مامۆستاش کەمتر ماندوو دەبێت و رۆڵی کارا لە کاتی بابەتەکاندا دەدرێت بە خوێندکار، ئەوەش لەگەڵ میتۆد و شێوازی نوێدا یەک دەگرێتەوە، زانیاریش ئاڵوگۆڕ دەکرێ و کاتیش بۆ فێربوونی ئەو بابەتەی مەبەستە دەگەڕێتەوە، لە کۆتاییشدا بە ئاسانی و بێ گرفت، وەرگرتنی وانەی زیادە لە پڕۆگرامی خوێندندا کە دیاریکراوە تەواو دەکرێت.
بۆ بازنەی یەکەم و دووەمی قۆناغی بنەڕەتیش واباشە گروپەکان ناویان بۆ دیاریی بکرێت، ئەو ناوانەش هەڵبژێردرێت کە لەگەڵ ئەواندا دەگونجێت، لە جۆری گوڵ، ناوی شاخ، شار و باڵندە و چەندینی دیکە.

وتارەکانی نوسەر